عەبدولرەحمان مستەفا: دەکرێت پێکهاتەکان بەڕێککەوتن کەسایەتییەک بۆ پۆستی پارێزگار بدۆزنەوە

Abdulrahman mustafa

پارێزگاری پێشووتری کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، هیچ لایەن و پێکهاتەیەک زۆربەی کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی بەدەست نەهێناوە، بۆیە یەکلایی کردنەوەی چارەنووسی پۆستی پارێزگاری کەرکوک دەمێنێتەوە سەر ڕێککەوتن و گفتووگۆی نێوان پێکهاتەکان.

عەبدولرەحمان مستەفا، پارێزگاری پێشووتری کەرکوک بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دەکرێت پێکهاتەکان کەسایەتییەک بدۆزنەوە بۆ پۆستی پارێزگارو هەموو لایەک پێی ڕازی بن، جا ئەو کەسایەتییە لەهەر نەتەوەو پێکهاتەیەک بێت، بەمەرجێک بێ جیاوازی مامەڵە بکات و بتوانێت خزمەتی کەرکوک بکات."

ئەو وتیشی،"گەر لایەنەکان ڕێکبکەون ئیش و کارەکان بە ئاسانی دەڕوات، گەر ڕێککەوتنیش نەکرێت دۆخەکە بەهەڵواسراوی دەمێنێتەوەو ناتوانرێت کێشەکان چارەسەر بکرێن."

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، کورد 7 کورسی، عەرەب 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کورسی کریستانەکانیش لەلایەن کاندیدی بزووتنەوەی بابلیۆن بەسەرۆکایەتی ڕەیان کلدانی بەدەست هێنراوە.

لە هەڵبژاردنی ساڵی 2005 ی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکدا، ئەوکاتەی کە پێکهاتەی عەرەب بایکۆتی هەڵبژاردنی کردو لایەنە کوردییەکانیش بەگەرم و گوڕی بەشداری پرۆسەکەیان کرد، لە کۆی 41 کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە، کورد 26 کورسی، تورکمان 9 کورسی و عەرەبیش 5 کورسی بەدەستهێنا.

عەبدولرەحمان مستەفا دەڵێت،"کورد لەم هەڵبژاردنەدا نەیتوانی ژمارەی کورسییەکانی بگەیەنێتە نیوە، لەکاتێکدا لەسەرجەم هەڵبژاردنەکانی پێشووتردا کورد نیوەی کورسییەکانی کەرکوکی زیاتر بەدەستهێناوە."

ئەو هۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەی کورسییەکانی کوردی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ پەرتەوازەیی لایەنە کوردییەکان و کەمی ڕێژەی بەشداری دەنگدەری کورد و بوونی گرفت لە ئامێرەکانی دەنگدان گێڕایەوە.

پارێزگاری پێشووتری کەرکوک ڕوونیکردەوە، بەشداری پێکردنی هەموو لایەنەکان وادەکات هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک بە ئاسانی بڕواتە پێشەوە. وتی،"هیچ بوارێک نەماوەتەوە جگە لە ڕێککەوتن، ڕێککەوتن و پێکهێنانی ئیدارەیەکی هاوبەش بەبەشداری هەموو پێکهاتەکان تەنها ڕێگە چارەیە بۆ خزمەتی کەرکوک. سەردەمی ململانێ و هەوڵدان بۆ هێنانی کورسی زیاتر تێپەڕی، دەبێت لەمەودوا ئەندامانی ئەنجومەن بەیەک تیم کاربکەن."

هەروەها وتیشی،"دەبێت لایەن و پێکهاتەکان ڕێکبکەون لەسەر پۆستی پارێزگارو جێگرو یاریدەدەرەکانی، پەلە بکرێت لە دانانی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا، گەر وانەکرێت کەرکوک دەکەوێتە بۆشایی یاسایی و دەستورییەوە."

بەپێی وتەی پارێزگاری پێشووتری کەرکوک، گەر ئەندامانی ئەنجومەن ململانێ وەلانێن و وەکو یەک تیم لە بەغداو وەزارەتەکان کار بۆ کەرکوک بکەن، دەتوانرێت زۆرێک لە کێشەکانی کەرکوک چارەسەر بکرێن.