ئێران دەست بەسەر تابلۆی خەڵاتی ساخارۆڤی ژینا دەگرێت و لێپرسینەوە لە ساڵح نیکبەخت دەکات

ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی لە کاتی گەڕانەوەی لە مەراسیمی خەڵاتی ساخارۆڤ ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە و پاسپۆرت و مۆبایلەکەی و تابلۆی خەڵاتەکەی پەرلەمانی ئەوروپا لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێرانەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە شەوی هەینی ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی لە کاتی گەڕانەوەی لە گەشتەکەی لە فەڕەنساوە بۆ ئێران کە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤی ژینا گەشتی کردبوو، لە فڕۆکەخانەی خومەینی تاران لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت و جگە لە پاسپۆرت و مۆبایلەکەی، دەستیان بەسەر تابلۆی خەڵاتی ساخارۆڤی پەرلەمانی ئەوروپاشدا گرتووە و لێیان وەرگرتووە.

پەرلەمانی ئەوروپا 19ی مانگی دە خەڵاتی مافی مرۆڤی یەکێتی ئەوروپا (ساخارۆڤ)ی بە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ئێران بەخشی. خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ ئازادی بیرکردنەوە و بیروڕا، کە بەهاکەی دەگاتە 50 هەزار یۆرۆ، بەرزترین خەڵاتە کە ساڵانە لە لایەن یەکێتی ئەورووپاوە دەدرێتە چالاکوانانی مافی مرۆڤ یان کۆمەڵێک چالاکی لە پێناو مافەکانی مرۆڤدا.

ساڵح نیکبەخت بەناوی بنەماڵەی ژینا ئەمینیەوە 12ی مانگی دوانزە بەشداری لە ڕێوڕەسمی خەڵاتی ساخارۆفدا کرد لە بارەگای پەرلەمانی ئەوروپا لە ستراسبۆرگی فەرەنسا و پەیامی دایکی ژینای خوێندەوە و خەڵاتەکەی وەرگرت.

بنەماڵەی ژینا 8 ی مانگی دوانزە لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕێگرییان لێکرا بۆ گەشتکردنیان بۆ فەرەنسا بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتەکە و دەست بەسەر پاسپۆرتەکانیاندا گیرا و هەر بۆیە بەڕێز نیکبەختیان بە نوێنەرایەتی خۆیان ناردبوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداراوە بڵاویکردوەتەوە سزای قەدەغەکردنی گەشت بەسەر نیکبەختدا سەپێندراوە و هەروەها هێزەکانی ئاسایش ئەو پارێزەرەیان ئاگادار کردوەتەوە کە پێویستە لە ڕۆژانی داهاتوودا خۆی بناسێنێتە دادگا بۆ جێبەجێکردنی سزای یەک ساڵ زیندانیکردن کە پێشتر بەسەریدا سەپێندراوە.

سەرچاوەکە بەو ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی ڕاگەیاندووە " سزای یەک ساڵ زیندانیکردنی ساڵح نیکبەخت کە بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بۆچوونی دەستەی پزیشکی دادوەریی سەبارەت بە هۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دەرچووە، لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوە پەسەند کراوە، بەڵام پارێزەرەکەی نیکبەخت داواکارییەکی بۆ دووبارە دادگاییکردنەوە پێشکەش بە دادگای باڵا کردووە و ئەم داواکارییە ڕەوانەی لقی 9ی دادگای باڵای ئێران کراوە."