وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە دەستپێکی ساڵی نوێدا شاندی حکومەتی هەرێم دەگاتە بەغداد، بەڵام سەردانی ئەمجارەیان جیاوازە و ئامانجیانە دەر ئەنجامی هەموو ئەو کۆبوونەوانە بچننەوە کە لە ساڵی 2023 زۆرترین هەوڵیان بۆ داوە و کاتێکی زۆریان پێوە کووشتووە و دەڵێت،"ئیتر هیچ مانایەک نەماوەتەوە بۆ دانیشتن"، وە ئەگەر حکومەتی ناوەندی پەیوەستی بەڵێنەکان و ئەنجامی ڕێکەوتنەکان نەبێت، ئەوا بیر لە ئەڵتەرناتیڤ و چارەسەری دیکە دەکەنەوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچەخۆرانی هەرێم.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێمە لە سەرەتای ساڵی تازە لە 6ی مانگ تا 10 کۆبوونەوەمان دەبێت و شاندی هەرێم دەچێتە بەغداد بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی."
وتیشی."پشوودرێژی ئێمە لە ساڵی 2023 لە پێناو گەشتن بوو بە ڕێگە چارەسەر، بەڵام ئیتر هیچ مانایەک نەماوەتەوە بۆ کۆبونەوە و دانیشتن ئەگەر بێت و نەزانین دەرئەنجامەکەی چارەسەرە. پێویستە ئەمساڵ کێشەکانی نێوانمان چارەسەر ببن و ڕێکەوتنەکان ڕێزیان لێبگیرێت، ئەگەر بێتو هەمان نیەت بەدی نەکەین لە حکومەتی فیدڕاڵ حکومەتی هەرێم بەدوای چارەسەری دیکەدا دەگەڕێت."
لە مانگی 3 ی ساڵی 2023 ەوە لە دوای بڕیارەکەی ژووری پاریسی دادگای ناوبژیوانی کە بووە هۆی ڕاگرتنی ناردنە دەرەوی نەوتی هەرێم، شاندی هەرێمی کوردستان نزیکەی 16 جار سەردانی بەغدادی کردووە، بەڵام سەردانەکان ڕێککەوتنی یەکلایی کەرەوەیان بەدوادا نەهاتووە و بەشێک لە کێشە هەڵواسراوەکان کە لە پرسی نەوت، داهاتی ناوخۆ، خاڵە سنوریەکان و مووچەی مووچە خۆرانی هەرێمدا خۆی دەبینێتەوە، بێ چارەسەر ماونەتەوە.
پێشەوا هەورامانی وتی،"لە ساڵی 2023 هەوڵی زۆرماندا وە دانیشتنی زۆر کران لەسەر پرسی نەوت، داهاتی ناوخۆ، خاڵە سنوریەکان، باج و وردەکاری لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و لە هەمووی گرنگتر مەسەلەی نەوت، حکومەت هیچ نەمایەوە بیکات چی پێویست بوو کردمان."
وتیشی،"بۆیە ساڵی 2024 وەک ساڵی دەر ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانە سەیر دەکەین، وە ئەو هەموو کاتەی بە کۆبوونەوە کوشتمان بە نیەتی دۆزینەوەی ڕێگە چارە، پێم وانیە ئەمساڵ ئەوەندە کات بدرێت بە کۆبوونەوەکان، چونکە ئەوەی پێویست بوو کردمان."
ڕۆژی 27-11-2023 جارێکی تر شاندی هەرێم بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی و بە هاوبەشی شاندێک چوونەوە بەغداد، بە پێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی، مەبەست لە سەردانەکە چارەسەرکردنی پرسی مووچەی مووچە خۆرانی هەرێم بووە.
دوا سەردانیش لە 10-12 ئەنجامدرا، هەردوو وەزیری دارایی و ناوخۆ لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراقدا کۆبوونەوە تایبەت بە پرسی گومرگەکان.
ئەم سەردانانە لەکاتێكدایە، بە هۆی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدادیشەوە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تا ئێستا مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12یان وەرنەگرتووە.
پێشەوا هەورامانی وتی،"پێویستە لەبەر خاتری سەقامگیری عێراق و مانەوەی عێراق بە سەقامگیری دەبێت مافی مووچەخۆرانی هەرێم جیا بکرێتەوە، وە هیچ بابێکی تر نەکرێت بەڵکو فەرمانبەرانی هەرێمیش وەک عێراق لە کاتی خۆیدا مووچە وەربگرن."
Your browser doesn’t support HTML5