کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا پرۆتۆکۆڵی ئەندامێتی سوید لە ناتۆ پەسەند دەکات

کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا پرۆتۆکۆڵی ئەندامێتی سوید لە ناتۆ پەسەند دەکات و ڕەوانەی ئەنجومەنی گشتی پارلمانی دەکات بۆ پێداچوونەوە.

لەو دەنگدانەدا کە ڕۆژی سێشەممە، 26ی مانگی دوازنزە بەڕێوەچوو، پارتی داد و گەشەپێدان (AKP)، پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (MHP) و پارتی گەلی کۆماریخواز (CHP) بە بەڵێ دەنگی خۆیان بۆ ئەندامێتی سوید ڕاگەیاند و لە بەرامبەردا پارتی باش (ÎYÎ) و پارتی سەعادەت بە دەنگی نەخیر دژایەتی خۆیان بۆ ڕەشنووسەکە ڕاگەیاند.

پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەل(DEM) بەشداریی لە دەنگدانەکەدا نەکردووە.

بوراک ئاکچاپار جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند کە سوید هەنگاوی ئەرێنی ناوە و گوتیشی هیوادارن لە هەنگاوی داهاتوودا دۆخەکە بە پێی خواستی ئەوان باشتر بێت.

دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دوو وڵاتی سوید و فینلاند داوای ئەندامێتیان لە ناتۆ پێشکەش کرد.

تورکیا کە ئەندامی ناتۆیە ڕایگەیاند ئەو دوو وڵاتە بەرگری لەو گروپانە دەکەن کە ئەنکەرە بە تیرۆریستیان ناو دەبات و هەڵوێستی خۆی لە دژی ئەندامێتی ئەوان ڕاگەیاند.

ئەنکەرە لە کۆتاییدا لە مانگی چواری ئەمساڵدا ڕەزامەندی خۆی لەسەر ئەندامێتی فینلاند ڕاگەیاند، بەڵام ئەو وڵاتە و هەنگاریا ڕەزامەندییان لەسەر ئەندامێتی سوید دەرنەبڕی.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە مانگی دەدا پێشنیاری ئەندامێتی سوید لە ناتۆ پێشکەش بە پارلمانی وڵاتەکە کرد، بەڵام هێشتا هەنگاریا پرۆسەی پەسەندکردنی تەواو نەکردووە. هەموو وڵاتانی تری ناتۆ ئەو پرۆسەیەیان بۆ ئەندامێتی سوید تەواو کردووە.

کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ناوەڕاستی مانگی یازدەی ئەمساڵ دانیشتنەکانی خۆی سەبارەت بە ئەندامێتی سوید دەستپێکرد، بەڵام دواتر دانوستانەکانی دواخست.