پرسی بەڕێوەبەردنی پارێزگای نەینەوا لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان

IRAQ-POLITICS-VOTE

لە موسڵ بە دوو لایەنی کوردی (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان) توانیان شەش کورسی بهێنن، ئەوەی لە میدیاکانیشەوە باس دەکرێت، کورد دەیەوێت بەشدار بێت لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی شارەکە و هەوڵی لانی کەم ئەگەر تۆپی دەسەڵات لە شارەکە وەرنەگرێت، ئەوا جێگرەکان یان سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای شارەکە وەربگرێت.
دەپرسین :
کورد لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی ئەو ناوچانە چۆنە؟
ئایا کورد دەتوانێت یەکێک لە پۆستە باڵاکانی شارەکە و بەشێک لە پۆستە ئیدارییەکان بەدەستبهێنێتەوە؟
کەی کورد دەستدەکات بەگفتوگۆ لەگەڵ لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاوتوێی پرسی بەڕێوەبەردنی پارێزگای نەینەوا لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکەین بە میوانداری بەڕێزان:
نازم هەرکی، یاریدەدەری مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای نەینەوا.
غەیاس سورچی، کارگێڕی مەڵبەندی نەینەوای یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

Your browser doesn’t support HTML5

پرسی بەڕێوەبەردنی پارێزگای نەینەوا لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان

نازم هەرکی:
"ئامانجی ئێمە بۆ پارێزگای نەینەوا ئەوەیە ئەو پێکەوە ژیان و برایەتی و تەباییەی لە کوردستان هەیە بیگوازینەوە بۆ موسڵ، ئێمە بەگرنگیەوە لە پارێزگای نەینەوا دەڕوانین، بۆیە دەمانەوێت لە ئیدارەی شارەکە بەشداربین و خزمەتی هاووڵاتیان بەهەموو چین و توێژەکانەوە بکەین، دەمانەوێت بەشدارییەکی باشیشمان هەبێت هەتا بەرنامەی خۆمان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا جێبەجێ بکەین، ئێمە دەرگامان واڵایە بۆ هەر لایەنێک هەتا بتوانین خزمەتی خەڵکی پارێزگای موسڵ بکەین."

"ئێمە دەرگامان واڵایە بۆ برایانی یەکێتی و هەر لایەنێکی تر بۆ ڕێککەوتن هەتا پێکەوە بچین هاوپەیمانی بکەین بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی نەینەوا، گرنگ ئەوەیە ئێمە خزمەتی خەڵکی بە گشتی بکەین، چونکە هەتا ئێستا لە 30%ی خەڵکی شارەکە ئاوارەن، بە تایبەت خەڵکی شنگال و زومار نەگەڕاونەتەوە، گرنگ ئەوەیە ئەو خەڵکە بگەڕێنەوە، چونکە پێویستیان بە خزمەتگوزاری و ئارامی هەیە و دەبێت ئەوانە دابین بکرێن بۆ ئەو خەڵکە."

"لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان هەوڵدەدەین دەست بکەین بە گفتوگۆ فەرمییەکان لەگەڵ لایەنەکان بۆ پێکهێنانی ئیدارەی نوێی موسڵ. ئێمە دەمانەوێت ئیدارەیەک پێکبێت هەموو لایەنەکان بەشدار بن و کەس وەلا نەخرێت چونکە وەلاخستنی هەر لایەنێک ئیدارەیەکی تەندروست ناهێنێتە ئاراوە، گرنگ ئەوەیە خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین بێ جیاوازی."

لە وەڵامدا نازم هەرکی، یاریدەدەری مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای نەینەوا لە بەرنامەکەی بەشی کوردی وتی، "ئەگەر یەکێتی جارێک دەرگای کراوە بێت یان دەرگامان بکوتێت و سەردانمان بکات ئێمە دوو جار ئامادەین و ئێمە دەستپێشخەری دەکەین سەردانیان دەکەین، لە پێناوی خزمەتی خەڵکی خۆمان، هەرچەندە ماوەی دوو ساڵە ئێمە وەک پارتی گەڕاوینەتەوە بۆ ناو سەنتەری موسڵ، بەڵام هەتا ئێستا برایانی یەکێتی یەک جاریش سەردانیان نەکردوین تەنانەت بۆ بەخێرهاتنەوەشمان، بەڵام سوپاسی دەستپێشخەری و بەڵێنەکەی کاک غەیاس دەکەم بۆ سەردانیان لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان، سوپاسی دەنگی ئەمەریکا دەکەم هیوادارم ئەم بەرنامەیەتان هەمیشە هەبێت بۆ لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان."

غەیاس سورچی:
"ئێمە پێش هەڵبژاردنەکان داوامان لە پارتی و بەڕێزانی تر لە لایەنەکانی تر کرد کە وەک کورد بە یەک لیست بەشداربین لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، بەداخەوە بەدەم داواکەمانەوە نەهاتن، ئەگەر بە یەک لیست بەشدار بووینایە پێموایە دوو کورسی زیاترمان دەبوو، چونکە ئێمە نزیکەی 12 هەزار دەنگمان فەوتا، بەڕێزانی پارتیش نزیکەی کورسیەک دەنگیان فەوتا وە لایەنەکانی تریش هەر دەنگیان چوو، من داواکارم لە پاش دەرچوونی ئەنجومەنی کۆتایی هەڵبژاردنەکان یەک هەڵوەشت و یەک کوتلە بین لەناو ئەنجومەن هەتا زیاتر خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین کە بەڕاستی کارەساتە ئێستا، ئەم جارە بەشداری پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی نەینەوا دەکەین و هەوڵدەدەین بەپێی ئیستحقاقی خۆمان بەشداربین لە پۆستەکان."

"بەداخەوە ململانێکانی هەرێمی کوردستانه ڕەنگی داوەتەوە لەم ناوچانە، کە دەبوو ئێمە کوردایەتیمان لەم ناوچانە بکردایە نەک حزبایەتی، بە تایبەت لە کەرکوک و نەینەوا، بەڵێ هەتا پارتی دیموکراتی کوردستان هەبێت ئێمە هاوپەیمانی لەگەڵ هیچ لایەنێکی تر گرێ نادەین."

"دوای هاتنەوەی برایانی پارتی بۆ سەنتەری موسڵ هەتا ئێستا هیچ پەیوەندییەک و سەردانێکمان نەبووە، هیوادارم پاش دەرکەوتنی ئەنجامەکان دەرگایەکی تر بکەینەوە، نەگەڕانەوەی ئاوارەکان بە ڕاستی کارەساتە، ئێمە و پارتی لە سەرمانە بە زووترین کات یەکبگرین ئەو خەڵکە بگەڕێننەوە، چونکە ئێستا بەئەنقەست هەوڵدەدرێت هەندێک شوێن چۆڵبکرێن لە کورد، واتە تەعریب بەردەوامە."

"ئێستا مەترسی هەیە لیستەکەی پارێزگاری پێشووی موسڵ کە شەش کورسی هەیە لەگەڵ لیستەکانی تەقدوم و ئەوانی تر یەکبگرن ئێمە و پارتی وەلا بنێن و ناچار ببینە ئۆپۆزسیۆن، واتە هیچ پۆستێکمان لە ئیدارەی نوێی موسڵ پێنەدەن، بۆیە گرنگە ئێمە و پارتی هاوپەیمان بین و یەکهەڵوێست بین، نایشارمەوە موسڵ مەترسی تەعریبی لەسەرە ئاوا بڕوات شتێک نامێنێت بە ناوی کورد، زۆربەی زۆری خەڵکەکەی لە هەرێمی کوردستان ماونەتەوە و نەگەڕاونەتەوە ."

"سەرکردایەتی و سەرۆکی حزبەکەم بە ئێمەیان وتووە ململانێی حزبایەتی ناوخۆی هەرێم مەگوازنەوە ناوچە جێناکۆکەکان، جا لەم مینبەرەی دەنگی ئەمەریکاوە دەڵێم کە ئێمە دەرگامان واڵایە وە ئامادەین دەرگای هەر لایەنێک لە پێشدا هی پارتی دیموکراتی کوردستان بکوتین بۆ یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی، بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی خۆمان، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش لێرەوە دەیڵێم یەکەم لایەن دەرگایان بکوتین پارتی دیموکراتی کوردستانە، وە با ئەوان نەیەن ئێمە دەستپێشخەر دەبین و سەردانی پارتی دەکەین."

"ئەوەی لای ئێمە گرنگە ئەوەیە کە لەسەر حکومەتی هەرێم، بە تایبەت ئیدارەی هەولێر و دهۆک پێویستە کە ئاوارەکانی موسڵ و ناوچەکانی بگەڕێننەوە ئەگەر بە زۆریش بووە، چونکە ئێستا لەشارەکانی هەرێم دانیشتوون و دەڵێن کاسبییان دەسکەوتووە و مناڵەکانیان لە خوێندنگا و زانکۆکانن، زۆر لێکردنیان بۆ گەڕانەوەیان بۆ موسڵ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە نەگەڕانەوەیان پێشێلکردنی مافی مرۆڤە، دەبێت ئەو ئاوارانەی موسڵ کە لە هەرێمی کوردستانن بگەڕێنەوە موسڵ و زێدی خۆیان ئەگەر لە موسڵ و ناوچەکانی خێوەتیان هەڵدابێت یان کەپر یاخود لە چۆڵەوانیدا بژین، دەبێت بگەڕێنەوە چونکە نەگەڕانەوەیان دەبێتە هۆی گۆڕانی دیموگرافیای موسڵ."