لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا 8 جار هێرشکراوەتە سەر گوندەکانی سەربە قەزای چەمچەماڵ کە گوماندەکرێت لەلایەن تورکیاوە دژ بە پەکەکە ئەنجامدرابێت. قایمقامی چەمچەماڵیش دەڵێت گەر چەکدار لەو گوندانە هەبێت بەڕەزامەندی ئەوان نەڕۆیشتوونەتە ناوچەکە.
ڕۆژی چوارشەمە، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کە بەرپرسانی ناوچەکە گومان دەکەن هی تورکیا بن چەند جارێک سنوری گوندەکانی توتەقەل و بناری خاڵخاڵانی سەربە ناحیەی ئاغجەلەریان بۆردومانکرد. هەروەها دوێنێ پێنجشەمەش جارێکی تر ئەو ناوچەیە لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە بۆردومانکرایەوە.
ڕەمک ڕەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەموو جارێک دەنگی ناڕەزایەتیمان بەرز کردووەتەوە و داوای ڕاگرتنی بۆردومانەکانی تورکیامان کردووە. پاراستنی ئاسمان و سەروەری عێراق لە ئەستۆی حکومەتی عێراقدایە، بەڵام بۆردومانەکان بەردەوامن."
سەبارەت بە دەنگۆی بوونی چەکداری پەکەکە لە ناوچەکانی بناری خاڵخاڵان، رەمک رەمەزان دەڵێت، "ئەو بابەتە ئەمنی و سیاسییە، گەر چەکدار لەو ناوچانە هەبن، بە ڕەزامەندی ئێمە نەهاتوونەتە ناوچەکە و لەسەر داوای ئێمەش ناڕۆن."
بەڵام سەرچاوەیەکی ئەمنی بەرپرس کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەندێک لەو چەکدارانەی پەکەکە کە کاتی خۆی بۆ بەشداری شەڕی داعش ڕۆیشتبوونە کەرکوک لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە چوونەتە هەندێک ناوچەی سەختی سنوری ئاغجەلەر."
بەپێی وتەی سەرچاوەکە، شوێنی ئەو چەکدارانە ئاشکرا نین و خەڵکیش بە کەمی هاتووچۆی ئەو ناوچەیە دەکات و چەکدارەکان ناشبینرێن، ئەمەش وایکردووە ناوچەکە ببێتە ئامانجی تورکیا.
لە ئەنجامی بۆردومانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دەنگۆی کوژران و برینداربوونی چەند چەکدارێکی پەکەکە لە ئارادایە، بەڵام بە پێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار هیچ تەرم و بریندارێک نەبراوەتە نەخۆشخانەکانی سنوری چەمچەماڵ.
سەرچاوەکە ئاگادارەکە کە لە سلکی تەندروستی کاردەکات، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ئەمبۆڵانس رۆیشتوونە ناوچەکە بۆردومانکراوەکان، بەڵام هیچ تەرم و بریندارێک نەهێنراونەتە نەخۆشخانەکان."
هاوکات شایەتحاڵێکی گوندەکانی سنوری بناری خاڵخاڵان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە ڕێگەی موبایلەوە هەواڵی گیان لەدەستدانی دوو چەکدارمان بیستووە، بەڵام هیچ کەسێک تەرم و برینداری بە چاوی خۆی نەبینیووە، چونکە فرۆکەی تورکیا دەسوڕێتەوە و ناتوانین بچینە ئەو ناوچانەی بۆردومانکراون."
بەپێی زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکا، لە ڕۆژی چوارشەمەوە تا ڕۆژی پێنج شەمە، 8 جار گوندەکانی بناری خاڵخاڵان بۆردومان کراون.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەبارەی زیانی بۆردومانەکانی سنوری چەمچەماڵ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە پشووی سەری ساڵداین و دەوام نییە. گەر دەوام کرایەوە بە دواداچوون دەکەین و زیانەکان بە نوسراو دەدەینە وەزارەتی ناوخۆ."
بۆردومانکردنەکان لەکاتێکدن لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە سنوری ناوچەکانی قەندیل ژمارەیەک سەربازی تورکیا لەلایەن پەکەکەوە کوژران.
کەمال رەئوف، نوسەرو چاودێری سیاسی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تورکیا بۆیە سلێمانی بۆردومان دەکات دەیەوێت بیسەلمێنێت پەکەکە لە سنوری سلێمانی بوونی هەیە. تورکیا پێیوایە بەراورد بە ناوچەکانی تر خەڵکی سلێمانی زیاتر هاوسۆزە لەگەڵ پەکەکە بۆیە ترسی لە بەهێزبوونی پێگەی هەیە."
تورکیا لە سەرەتای مانگی 4ی 2023ەوە گەشتەکانی بەڕووی فرۆکەخانەی سلێمانی دا داخستووە، بە پاساوی ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکە و دوورخستنەوەی مەترسی لە ئاسایشی فرۆکەوانی وڵاتەکەی.
بەرپرسانی فرۆکەخانەی سلێمانی دەڵێن حکومەتی تورکیا وادەی داخستنی گەشتە ئاسمانییەکانی سلێمانی بەڕووی تورکیا بۆ ماوەی 6 مانگی تر درێژکردۆتەوە.
کەمال رەئوف دەڵێت، "تورکیا لە ڕێگەی داخستنی فرۆکەخانە و بۆردومانکردنی ناوچەکانی سلێمانی دەیەوێت یەکێتی بکاتە بەشێک لەشەڕی دژی پەکەکە."