هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد پووچەڵکرایەوە

سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق کە هێزەکانی ئەمەریکای تێدایە، کەوتە بەر هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

سەرچاوە عێراقی و ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە پێش ئەوەی ئامانجەکەی بپێکێت خراوەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

ئەو گرووپە چەکدارە کە خۆیان وەک مقاوەمەی ئیسلامی پیشان دەدەن، بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان لە ئەستۆ گرتووە.

هەروەها مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە ئامانجێکی سەربازی ئیسرائیلیان لە بەرزاییەکانی جۆلان کردووەتە ئامانج.

ئەو گرووپە لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە "ئامانجیان پشتیوانیکردنە لە خەڵکی غەززە و وەڵامدانەوەی ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە دژ بە فەلەستینییەکان ئەنجام دەدرێن، لە نێوایاندا منداڵان، ژنان و بەساڵاچووان".

لە دوایین هێرش بۆ سەر بنکه و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا له عێراق و سوریا، سەرچاوە سەربازییەکانی عێراق جەختیان لەوە کردەوە کە ڕۆژی دووشەممە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان له ڕێگەی سیستەمی بەرگرییەوە له بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد له ڕۆژئاوای عێراق خرایە خوارەوە.

ئەم هێرشەی سەر بنکەی عەین ئەسەد دووەم هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوو بۆ سەر بنکەکانی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا.

دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ڕاگەیاند 31ی مانگی دوازدە 2023، کاتژمێر 16:54، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە لە لایەن میلیشیا لەیاسادەرچووەکانەوە ئاڕاستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو، تێکشکێندراو خرایە خوارەوە.

بە وتەی بەرپرسێکی ئەمەریکایی، لە 17ی مانگی دەی 2023وە تا دوایین هێرشی ڕۆژی دووشەممە بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەد، 103 جار هێرشیان کراوەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن ئەو گرووپە چەکدارانەی کە ئێران پشتیوانیان دەکات، تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز، میدیا عێراقییەکان