ئیسرائیل لە بەیرووت جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس دەکوژێت

ئاژانسەکانی هەواڵ لە لوبنان و چەند سەرچاوەیەکی ئاسایشی دەڵێن بە هێرشی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئیسرائیل، ساڵح ئەلعاروری، جێگری مەکتەبی سیاسی حەماس لە پایتەختی لوبنان کوژرا.

بەپێی زانیارییەکان، شەوی سێشەممە بە کاتی خۆجێی، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان لە ئۆفیسێکی حەماسی داوە لە ناوچەی ئەلمەشرفییەی باشوری بەیرووتی پایتەخت و لە ئاکامدا ئەلعاروری و ژمارەیەک لە پاسەوانەکانی کوژراون. ئەو ناوچەیە بە قەڵای حزبوڵڵا ناسراوە.

ڕادیۆی ئەقسای سەر بە حەماس هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە، بەڵام هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ئیسرائیل بە فەرمی هیچ زانیارییەکی لەم بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام کەناڵی 13 ی ئیسرائیلی هەواڵەکەی ڕاگەیاند و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە بڕیاربوو ناوبراو سبەینێ لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵا، سکرتێری گشتی حزبوڵڵا کۆببێتەوە.

پێشتر ڕۆژنامەی یو ئێس ئەی تودەی ئەمەریکایی لە ڕاپۆرتێکیدا باسی لەوە کردووە ئیسرائیل ساڵح عاروری دەکاتە ئامانج بەهۆی ئاگاداربوونی لە وردەکاری هێرشە گەورەکەی حەماس لە 7 ی مانگی دە بۆ سەر ئیسرائیل، جگە لەوە بە بازنەی پەیوەندی نێوان حەماس و حزبوڵڵا و ئێران دادەنرێت.

کۆبوونەوەی عاروری لەگەڵ خامەنەئی، ڕێبەری باڵای ئێران لە ساڵی 2019 .

ئەلعاروری، لە ساڵی 2015 وە لە لایەن حکومەتی ئەمەریکاوە لە نێو لیستی تێرۆرستاندایە بەهۆی بەرپرسیارێتی ناوبراو لە ڕفاندن و کوشتنی 3 نەوجەوانی ئیسرائیلی کە یەکێکیان ڕەگەزنامەی ئەمەریکایی هەبوو.