ساڵح موتڵەگ: حکومەتی عێراق جگە لە پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە هیچی تری  بەرامبەر ئەو گروپانە پێ ناکرێت کە هەولێر بۆردومان دەکەن

جێگری پێشووی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بۆردومانکردنی هەولێر لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە حکومەتی عێراق و هێزە نیشتمانییەکانی ئیحراج کردووە، بەو پێیەی ناتوانێت ڕایانبگرێت و ناشیەوێت بڕواتە شەڕەوە لەگەڵ ئەو گروپانە.

ساڵح موتڵگ، جێگری پێشووی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بۆردومانکردنی هەولێر پێشێلکردنی سەروەری عێراقە و کاریگەری لەسەر هەیبەتی دەوڵەت و سەقامگیری وڵات دەبێت. وڵات بەمشێوەیە بونیات نانرێ، ئەم هێرشانە پاساو دەدەنە دەست هێزی تر تا دەستوەردان بکەن بە هێزی دەرەکیشەوە."

هەروەها وتیشی، "بۆردومانەکان حکومەتیان ئیحراج کردووە، ترسیشیان لای هاوڵاتیان دروستکردووە بەوەی دەوڵەت نەتوانێت هەیبەتی خۆی بپارێزێت."

هێرشە درۆنییەکەی شەوی 30ی مانگی 12ی 2023 بۆ سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە ناوچەی پیرمام، بە پێشهاتێکی نوێ دانرا و کاردانەوەی حکومەتی هەرێمی لێکەوتەوە، بە تایبەت ئەو ناوچەیەی هێرشیکرایە سەر بارەگای بارزانی و مەکتەبی سیاسی پارتی تێدایە.

لە ڕاگەیەنراوێکدا، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراقی تۆمەتبارکرد بە بێدەنگی کردن لە هێرشەکان و بڕینی قوتی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

ساڵح موتڵەگ، دەڵێت، "هەرێم ناتوانێت وەڵامی هێرشەکان بداتەوە چونکە ئامادە نییە. پێویستە حکومەتی عێراق وەڵام بداتەوە بەو پێیەی هەرێم بەشێکە لە عێراق، دەبێت حکومەتی عێراق پارێزەری هەموو بستێکی خاکی عێراق بێت."

جێگری پێشووی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێیوایە، هێرشی گروپەکان بۆ سەر هەولێر بەردەوامیدانە بە باڵادەستییان و قۆستنەوەی دۆخەکەیە بۆ بەدەستهێنانی "ئیمتیازات بە ئیمتیازاتی سیاسیشەوە."

پاساوی گروپە چەکدارە شیعەکانی عێراق بۆ بۆردومانکردنی شاری هەولێر بوونی هێزەکانی ئەمەریکایە، کە ئەو گروپانە ئەمەریکا بە پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن.

ساڵح موتڵەگ وتی، "بۆردومانکردنی هەولێر بە بیانووی بوونی بنکەی ئەمەریکا پاساو نییە، ئەم بۆردومانانە کێشەی تر دەخوڵقێنن."

دوای بۆردومانکردنی پیرمام لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی ڕاسپاردووە بۆ لێکۆڵینەوەکردن لەو هێرشەی بۆ سەر پیرمام ئەنجامدراوە.

لەبارەی هەڵوێستی حکومەتی عێراق لەبەرامبەر بۆردومانی هەولێر لەلایەن میلیشیاکانەوە، جێگری پێشووی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، "حکومەت لە دۆخێکی قورسدایە، نایەوێت بچێتە شەڕەوە لەگەڵ گروپەکان لە ئێستادا، بۆیە پەنا دەباتە بەر لیژنەی لێکۆڵینەوە. حکومەت هەر ئەمەی پێدەکرێت، گەر لەمە زیاتر بکات دەڕواتە شەڕەوە لەگەڵ گروپەکان."

هەفتەی ڕابردوو، میدیاکان هەواڵی سەردانی ڕوسیاسیان لەلایەن ژمارەیەک لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی بڵاوکردەوە، گوایە بەمەبەستی بەدەستهێنانی چەک و تەقەمەنی بۆ شەڕی ئەمەریکا سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە.

لەوبارەیەوە، ساڵح موتڵەگ وتی، "ڕوسیا و ئێران هاوپەیمانن، گەر شتێکی وا هەبێت و بۆ بەدەستهێنانی چەک سەردانی روسیا کرابێت، کەواتە ململانێکە لەناو عێراق دا قوڵتر دەبێتەوە."

ئەو ڕەتیشیکردەوە لە نێو هێزەکانی حەشدی شەعبیدا هیچ گروپێک هەبێت ئاراستەی نەتەوەیی و "عروبە"ی هەبێت، وتی"گروپ هەیە کەمتر ئینتیمای بۆ ئێران هەیە، بەڵام باوەڕ ناکەم گروپ هەبێت ئاراستەی نەتەوەیی هەبێت."

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ئەنوەر