هێرشی ئەو گروپە چەکدارانەی عێراق کە خۆیان بە (مقاومة الأسلامية) ناودێردەکەن، لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن و هەتا دێت و زیاتر فراوانتردەبن، سەرەڕای چەندین جار محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە ڕێوشوێنی پێویست لە دژی ئەو گروپانە دەگرنەبەر.
دەپرسین:
ئایا ئەم هێرشانە دەبنە مایەی ئاگرێکی گەورە لە ناوچەکە و بە تایبەتی لە عێراق؟
بۆچی لەم کاتەدا ئەم هێرشانە چڕبوونەتەوە؟ ئایا تەنیا پەیوەستە بە شەڕی حەماس و ئیسرائیل یان ئامانجی دیکەی لە پشتە؟
حکومەتی عێراقی دەتوانێت چی بکات بۆ پاراستنی هەرێم و بارەگاکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا لە هێرشی ئەو چەکدارانە؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە دەکەین بە میوانداری بەڕێزان:
کاوە محەمەد ، نووسەر و شیکەرەوەی سیاسی.
دکتۆر هەردی مەهدی میکە، چاودێری سیاسی و دکتۆرا لە مێژووی هاوچەرخی ئێران و کوردستان.
دکتۆر سەنگەر سەید قادر، توێژەر لە ناوەندی ئیمارات بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی.
Your browser doesn’t support HTML5
کاوە محەمەد:
"من پێم وایە ئەو هێرشی درۆنانە نابێتە هۆی دروستبوونی شەڕێکی گەورە، چونکە ڕاستە ئێران و ئەمەریکا سەرەڕای ئەوەی دوو هێزن ململانێی یەکتر دەکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا دوو هێزی هەرە متەوافقن لەسەر کۆمەڵێک بابەت کە پەیوەندی بە بەرژەوەندی هەردوولایانەوە هەبێت، بۆیە پێموایە لێکتێگەیشتنێکی ژێربەژێر لە نێوان تاران و واشنتن هەیە و هەردوولا نایانەوێت بگاتە ئاستی تەقینەوە لە ناوچەکە و بەرژەوەندییەکانیان بکەوێتە مەترسییەوە. "
دکتۆر هەردی مەهدی میکە:
"ئەم پیاهەڵپژانە بە یەکتر بۆ گۆڕەپانی سوریا و عێراق نوێ نییە، ئەوەی ئێستا هەیە نە ئێران، نە ئەمەریکاش نایانەوێت شەڕی گەرمی ڕاستەوخۆ هەڵبگیرسێنن، ئیتر لە دوای ئەوەوە دەبێت بیر لە مەقاش و جوڵەی سیاسی تر بکرێت، خاڵێکی تر ئەوەیە، هەتا ئێستاش ئێران و ئەمەریکا دەستیان هەڵنەگرتووە لە گفتوگۆی نهێنی بە نێوەندگیری قەتەر و سەڵتەنەتی عوممان، ئەو پیاهەڵپژانانەی ئێستای ئەو گروپانە جۆرێکە لە پەنجە ڕاوەشاندنی ئێران تا لەوە زیاتر شەڕی پێ نەفرۆشن، وە جۆرێکە لە کارت نیشاندان ."
دکتۆر سەنگەر سەید قادر:
لە ساڵی 2022 بە تێکڕایی لە ناوخۆی عێراقدا 330 هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا، هەروەها هەتا ڕۆژی 29 ی مانگی دوانزەی 2023 ، 113 هێرش کراوەتە سەر ئەوەی پێی دەوترێت بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق لە 89%ی ئەو هێرشانەش لەناو هەرێمی کوردستان بوون. هێرشەکەی ئەم هەفتەیەی سەر هەولێر لەلایەن ئەو چەکدارانەوە، پەیوەندی هەیە بەوەی ئەمەریکا بڕیاری داوە سیستمی دژە درۆن ڕادەستی پێشمەرگە بکات."