دەستگیرکردن و ڕفاندنی هاووڵاتیانی مەدەنی کورد لە عەفرین لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بەردەوامە.
محەمەد عەبدۆ وتەبێژی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین ڕایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی نوێوە و لە ماوەی 3 ڕۆژی ڕابردوودا، 6 کەس دەستگیرکراون.
دەشڵێت: "لە نزیک ناحیەی بلبل کەسێک دەستگیرکراوە و پۆلیسی سەربازی داوای 3500 دۆلار لە خێزانەکەی دەکەن لە بەرامبەر ئازادکردنی". لە شاری جندرێس، هەواڵگریی تورکیا کەسێکی ڕفاند کە پێشتر دووجار دەستگیرکرابوو. جگە لەوەش لە ناوچەی میدانا سەر بە قەزای ڕیکۆ 4 کەس لە یەک خێزان ڕفێندراون و چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین، لە ساڵی 2023دا 369کەس لە عەفرین لەلایەن دەسەڵاتداران و گروپە چەکدارەکانی سەر تورکیاوە دەستگیرکراون و ڕفێنراون، کە 39 کەسیان ژن و 6 منداڵن.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە 6 لەوانە ژنن، 16 کەسیش بەهۆی ئەشکەنجەدان لە زیندانەکان گیانیان لەدەستداوە، هەروەها حاڵەتی خۆکوشتنیش هەبووە.
سەبارەت بە چارەنووس و گفتوگۆکردن لەگەڵ دەستگیرکراوەکان، محەمەد عەبدۆ ڕایگەیاند، زۆرجار هەڕەشە لە کەسوکاری دەستگیرکراو و ڕفێنراوەکان دەکرێت کە پارەی زیادە وەک فیدیە بدەن، کە هەندێکجار دەگاتە 20 هەزار دۆلار.
دەشڵێت: "هەر گروپێکی چەکدار دادگای تایبەت بە خۆی هەیە، بەپێی فەتوا و یاساکانی بڕیار لەسەر زیندانیان دەدات". هەروەها بەشێک لە زیندانییەکان دەبرێنە ناو خاکی تورکیا، کە بەپێی ئەو چاودێرییە، 7 جار زیندانییەکان ڕەوانەی تورکیا کراون.
عەبدۆ ئاماژە بەوەش دەکات هاووڵاتیانی مەدەنی کورد بە بیانوو و پاساوی جیاواز دەستگیر دەکرێن، کە هەرکەسێک بە دەست هەبوون لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری پێشوو لە عەفرین تۆمەتبار بکرێت دەستگیر دەکرێت. دەشڵێت ئەوە سیاسەتێکی سیستماتیکی تورکیایە لە عەفرین.
عەبدۆ باس لەوەش دەکات کە "ئەو دەستگیرکردن و ڕفاندنانەی لەلایەن هەواڵگری و گروپە چەکدارەکانی تورکیاوە ئەنجام دەدرێن، ئامانجیان ئەوەیە خەڵکی عەفرین هەست هەڕەشەی بەردەوام بکەن و ئەو کوردانەی کە لەوێ ماون کۆچ بکەن و گۆڕانکاری دیمۆگرافی لە عەفرین بهێنێتە ئاراوە”.
لە دوای داگیرکردنی عەفرین لەلایەن تورکیاوە لە ساڵی 2018، دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ناوچەکەدا خراپتر بووە.
هەندێک لە ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی کوردی و سوریایی و نێودەوڵەتییەکان ئەو گروپە چەکدارانەی سەر بە تورکیا بە ئەنجامدانی پێشێلکاری بەرفراوان تۆمەتبار دەکەن و دەڵێن ئەم کردەوانە دەچنە ئاستی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی.
Your browser doesn’t support HTML5