سەرۆک وەزیرانی عێراق: ئامادەکاریی بۆ کۆتایی هێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دەکەین

سەرۆک وەزیرانی عێراق سووربوونی حکومەتەکەی دەربڕی لەسەر کۆتاییهێنان بە بوونی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە وڵاتەکەی، دەڵێت هیچ پاساوێک بۆ بوونیان لە عێراق نەماوە.

ڕۆژی هەینی، 5ی مانگی یەک، لە وتارێکیدا لە مەراسمێک کە لە بەغدا ئەنجامدرا بۆ چوارەمین ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و جەمال ئیبراهیم ناسراو بە ئەبو مەهدی ئەلموهەندس، محەمەد شیاع سودانی گوتیشی،"لە ئێستادا ئێمە لەوەداین کاتێک دەستنیشان بکەین بۆ وتووێژکردن لە ڕێگای ئەو کۆمیتە هاوبەشەی پێکهێنراوە بۆ ڕێکخستنی چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە بوونی هاوپەیمانان لە عێراق."

هەروەها گوتیشی " ئێمە جەخت لەسەر هەڵوێستی پتەوی خۆمان دەکەینەوە لە کۆتاییهێنان بە بوونی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دوای ئەوەی هیچ پاساوێک بۆ ئامادەبوونیان لە وڵاتەکەدا نەماوە."

ئەم ڕاگەیاندنەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژێک دوای کوژرانی سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی بە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکا لە بەغدا دێت، ئەمەش بوو بە هۆی تووڕەبوونی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و جارێکی دیکە فشارەکانیان لەسەر حکومەتی سودانی زیادکردەوە بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق.

سودانی دەسەڵاتێکی کەم و سنوورداری بەسەر گروپە میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێراندا لە عێراقدا هەیە کە ساڵێک لەمەوبەر بۆ گرتنەدەستی پۆستی سەرۆک وەزیران پێویستی پێیان بوو. ئەو گرووپانە ئێستا پێکهاتەیەکی دەستڕۆیشتووی نێو حکومەتەکەی سودانین.

لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی حکومەتی عێراقەوە بڵاویکردوەتەوە کە نوێنەرانی هاوپەیمانی سەربازیی لەو وڵاتە بەشێک دەبن لەو لیژنەیەی ئامادەکاریی بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەو وڵاتەدا دەکەن.

پنتاگۆن ڕایگەیاندووە سوپای ئەمەریکا هێرشەکەی ڕۆژی پێنجشەممە کە تێیدا سەرکردەیەکی هێزە چەکدارەکان و کەسێکی دیکە کوژراون، وەک تۆڵەسەندنەوەیەکی هێرشەکانی ئەم دواییانەی ئەو گرووپانە بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا ئەنجامداوە.

لە ڕاپۆرتێکدا کە ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری پۆلیس و شایەتحاڵە ناوخۆییەکانەوە بڵاویکردووەتەوە، باس لەوە دەکرێت کە لانیکەم 2 موشەک کە لە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە هەڵدرابوو، ئۆتۆمبێلێکیان لە بارەگای بزووتنەوەی نوجەبا کە سەر بە حەشدی شەعبی عێراقییە، کردووەتە ئامانج و تێیدا یەکێک لە سەرکردەکانی ئەو گروپە و یەکێک لە جێگرەکانی کوژران.

لە ئێستادا ئەمەریکا 900 سەربازی لە سوریا و 2500 سەربازی لە عێراق هەیە بۆ ڕاوێژکاری و هاوکاریکردنی هێزە ناوخۆییەکان کە هەوڵی ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش دەدەن.

سەرچاوە/ بەشێک لە زانیارییەکان لە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزەوە وەرگیراوە.