ڕێبەری حزبوڵڵای لوبنان ڕۆژی هەینی، 5ی مانگی یەک، لە وتارێکدا ڕایگەیاند ئەگەر ئیسرائیل بتوانێت ئامانجە سەربازییەکانی لە غەززە بەدەستبهێنێت، ئەوا دواتر ڕوو لە لوبنان دەکات، بەڵام هۆشداریدا لەوەی هەر شەڕێکی فراوانتر سەرەتا کاریگەری لەسەر دانیشتوانی باکووری ئیسرائیل دەبێت.
حەسەن نەسڕوڵڵا کە بۆ دووەم جارە لەم هەفتەیەدا وتارێکی تەلەفزیۆنی پێشکەش دەکات، گوتی ئەگەر حزبوڵڵا کاردانەوەی بەرامبەر بە کوشتنی ساڵح ئەلعاروری، جێگری نووسینگەی سیاسی حەماس لە بەیرووت نەبێت، ئەوا هەموو لوبنان دەکەوێتە مەترسییەوە.
وتیشی گروپەکەی "ناتوانێت بێدەنگ بێت بەرامبەر پێشێلکارییەکی لەم ئاستەدا، چونکە ئەوە مانای ئەوەیە هەموو لوبنان بەر ئەو جۆرە هێرشانە دەکەوێت، هەموو شار و گوندەکان و کەسایەتییەکان بەر ئەو هێرشانە دەکەون ." ساڵح ئەلعاروری ڕۆژی سێشەممە لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا لە گەڕەکێکی باشوری بەیروت کوژرا. هەندێک لە شرۆڤەکاران دەڵێن دەکرێت ئەو هێرشانە وەک پەیامێک بۆ حزبوڵڵا ی لوبنان سەیر بکرێت کە ئەگەر بەردەوام بێت لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، ئەوا بنکەکانی لەو وڵاتە بەرەو ڕووی هێرش دەبنەوە.
ڕۆژێک دوای ئەوەی چەکدارانی حەماس هێرشە کوشندەکەیان بۆ سەر باشوری ئیسرائیل ئەنجام دا کە هێرشی سەربازی ئیسرائیلی لە کەرتی غەززە لێکەوتەوە، حزبوڵڵا ی لوبنانیش لە 8ی مانگی دە بۆ پشتیوانی لە حەماس موشەکەکانی لەودیو سنوورەوە بە ئاڕاستەی ئیسرائیل هەڵدا.
نەسڕوڵڵا هەروەها لە وتارەکەیدا بانگەشەی ئەوەی کرد ئەو گرووپە لە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل نزیکەی 670 ئۆپەراسیۆنی سەربازییان لەسەر سنووری لوبنان و ئیسرائیل ئەنجامداوە و ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی سەربازی و تانکی ئیسرائیلیان تێکشکاندووە.
ناوبراو هەروەها لە وتارێکی دیکە کە ڕۆژی چوارشەممە پێشکەشی کردبوو، هۆشداری دابووە ئیسرائیل لە فراوانکردنی شەڕەکە و ڕایگەیاندبوو ئەگەر ئیسرائیل هەڵبژێرێت شەڕ بۆ سەر لوبنان دەستپێبکات، ئەوا گرووپەکەی هیچ یاسا و رێسایەک لە هێرش بۆ سەر ئیسرائیل لەبەرچاو ناگرێت.
وتیشی "هەر کەسێک بیر لە شەڕ لەگەڵ ئێمە بکاتەوە ، بە یەک وشە دەڵێم، پەشیمان دەبێتەوە."
نەسڕوڵڵا هەروەها وتبوی کە ئۆپەراسیۆنی حزبوڵڵا لە باشوری لوبنان دژی ئیسرائیل دەرفەتێکی مێژووییە بۆ لوبنان بۆ ڕزگارکردنی ئەو زەویانەی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراون.
ڕێبەری حزبوڵڵا ئاماژەی بەوەشکردووە گروپە بە وەکالەتەکانی ئێران لە عێراق کە بە بەرەی "بەرخۆدانی ئیسلامی عێراق" ناوی بردوون، دەرفەتێکی مێژوویییان لەبەردەمە بۆ ڕزگاربوون لە ئامادەبوونی ئەمەریکا لە عێراق.
لێدوانەکانی حەسەن نەسروڵڵا لە کاتێکدایە کە وەزیری بەرگری ئیسرائیل 4ی ئەم مانگە لە میانەی کۆبوونەویەکدا لەگەڵ نێردەی تایبەتی ئەمەریکا، جەختی لەوە کردەوە کە "کاتێکی کەم ماوە بۆ لێکتێگەیشتنی دیپلۆماسی لەگەڵ حزبوڵڵا"، چونکە حزبوڵڵا ڕۆژانە بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر باکوری ئیسرائیل.
یۆئاڤ گالانت بە ئاماژەدان بەوەی حزبوڵڵا گرووپێکی تێرۆرستییە و بە وەکالەتی ئێران شەڕ دەکات، گوتی ئیسرائیل چیتر لە ئاست ئەو هێرشانە بێ دەنگ نابێت و لە پێناو ئاسایشی هاووڵاتیانی هەنگاو هەڵدەگرێت.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز