سێ خۆپیشاندەری کورد لە ئێران، بە تاوانێک تۆمەتبار کراون کە دەشێت سزاکەیان لەسێدارەدان بێت

لە درێژەی سەرکوتکردن و سەپاندنی سزای قورس بۆ سەر خۆپیشاندەرانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەریەکانی ئێران لەسەر مەرگی ژینا، سێ کوردی خەڵکی بۆکان کە لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا لە بۆکان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستبەسەر کرابوون، بە "افساد فی‌الارض" تۆمەتبار کراون کە دەشێت سزاکەیان لەسێدارەدان بێت.

لە یاسای سزادانی ئیسلامی ئێراندا هەرکەسێک تاوانێک دژی ئاسایشی ناوخۆ و دەرەکی وڵات یان بڵاوکردنەوەی درۆ، یان چالاکییەک بۆ پەکخستنی سیستەمی ئابووری وڵات، یان سووتاندن و وێرانکردنی شوێنە گشتییەکان و هەر کارێکی دیکە کە ببێتە هۆی تێکدانی ئاسایش و نەزمی گشتی وڵات ئەنجام بدات، تاوانی "افساد فی‌الارض"ی دەدرێتە پاڵی و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا دەسەپێنرێت.

ڕێکخراوەکانی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و هەنگاو ناسنامەی ئەو سێ کەسەیان بڵاو کردوەتەوە کە بریتین لە ڕەئوف شێخ مەعروفی، کامەران سوڵتانی و محەمەد فەرەجی و ڕاگەیاندووە ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی بۆکان مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئەو دوو ڕێکخراوەیە ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ لە ژوورە تاکەکەسییەکاندا بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ و قبوڵکردنی تۆمەتی بەشداریکردن لە کوشتنی ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی ئێران، خراونەتە ژێر گوشار و ئەشکەنجەیەکی جەستەیی و دەروونی زۆرەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەوان تۆمەتەکەیان ڕەتکردوەتەوە.

هەنگاو نووسیوێتی محەمەد فەرەجی لە مانگی دووی ساڵی 2023 و ڕەئوف شێخ مەعروفی لە مانگی دوازدەی ساڵی 2022و کامەران سوڵتانی لە مانگی دووی ساڵی 2023 بە شێوەیەکی توندوتیژانە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکانەوە دەستبەسەر کراون.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە لە مانگی شەشی ساڵی 2023وە دوای کۆتایی هاتنی لێپرسینەوەکانیان، گوازرانەوە بۆ زیندانی ناوەندی بۆکان و تاکو ئیستا لەو زیندانەدا ڕاگیراون.