محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی هەینی لە مەراسیمێکدا لە بەغدا بەبۆنەی چوارەمین ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و جەمال ئیبراهیم ناسراو بە ئەبو مەهدی ئەلموهەندس، وتارێکی لە بەردەم ژمارەیەک لە بەرپرسانی حەشدی شەعبی پێشکەش کرد و تیایدا سووربوونی حکومەتەکەی دەربڕی لەسەر کۆتاییهێنان بە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە وڵاتەکەی.
دەپرسین:
- ئایە ئەم لێدوانەی سودانی خواستێکی جدی حکومەتەکەیەتی یان هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی سەری؟
- ئایندەی حکومەتەکەی سودانی چۆن دەبێت ئەگەر هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە عێراقدا مایەوە؟
- ئەگەربێت و عێراق چیتر هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی نەبێت لە ساتە سەختەکانی وەکو سەردەمی خلافەتی داعش پشتیوانی لێبکات، دەتوانێت بە تەنیا بەرگری لە خۆی بکات؟
- بە کشانەوەی هاوپەیمانان، عێراق هێندەی دیکە ناکەوێتە ژێر هەژموونی ئێرانەوە؟
- ئایە ئەمەریکا ڕازی دەبێت لەم کاتە هەستیارەی ناوچەکە سەربازەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە دەکەین بە میوانداری بەڕێزان:
- فەریق جەبار یاوەر، شارەزای بواری سەربازی.
- دکتۆر ئەمین بەکر، شارەزای بواری یاسا.
- نەوزاد موهەندیس، چاودێری سیاسی.
Your browser doesn’t support HTML5
فەریق جەبار یاوەر:
"ئێستا داعش ڕاستە مەترسی و هەڕەشەیە، بەڵام ئەو توانایەی ٢٠١٤ی نەماوە، وە سوپای عێراق و دژە تیرۆر و پێشمەرگەش بە بەراورد بە ٢٠١٤ بەهێزترن، بەڵام هێشتا کەموکوڕی هەیە لە سیستمی ئاسمانی هەیە، بۆیە دەبینین بەردەوام فڕۆکەی وڵاتانی دەوروبەر تەراتێ دەکەن لە ئاسمانی عێراق، بەڵام لە مەیداندا سوپای عێراق و پێشمەرگە دەتوانن ڕووبەڕووی داعش ببنەوە، بەڵام بۆ بەردەوام ئەبدەیتکردنەوەی چەک و پێداویستییەکان دەتوانم بڵێم هێشتا عێراق پێویستی بە ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا هەیە."
"بوونی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان و ڕاوێژکارەکانیان لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکی دەوڵەتی فیدراڵی عێراق بووە لەگەڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانان بۆ هاتنیان بۆ عێراق و هاتنی هاوکارییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستانیش، بەپێی دەستوری عێراق و یاسا کارپێکراوەکان و خودی ئەو ڕێککەوتننامانە، هەرێمی کوردستان ناتوانێت ڕێککەوتن یاخود داوای مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بکات تەنها لە ڕێگای حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە نەبێت، هەرێم ناتوانێت بڵێت من ناهێڵم هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە هەرێم بکشێننەوە یان بمێننەوە، ئێمە هەرێمێکین لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدراڵیدا. ئەمە بابەتێکی سیادییە و لە دەسەڵاتی عێراقە، هەموو ئەو ڕاوێژکارە سەربازییانە و تیمانەی هاوپەیمانان لە ڕێگای عێراقەوە هاتوونەتە هەرێم، ئەگەر عێراق ڤیزەیان نەداتێ ناتوانن بێنە هەولێر، یان ئۆتۆمبێل و هاوکاری کە دێتە هەرێمی کوردستان هەمووی لە ڕێگای بەندەری ئوم قەسری عێراقەوە دێن، عێراق ئەو دەسەڵاتەی هەیە و یەک پاکێجە، ئەگەر عێراق ڕێککەوت ئەو هێزانەی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بکشێنەوە ئەوا لە هەموو عێراقدا دەکشێنەوە، وەکو ساڵی ٢٠١١، من وای بۆ دەچم ئەمەریکییەکان بەرژەوەندی گەورەیان لەگەڵ عێراقدا هەیە، ئەمەریکی و هاوپەیمانان بەرژەوەندی خۆیان لەگەڵ عێراق لەدەست نادەن لەبەر کورد، ڕاستە دۆستی کوردیشن، بەڵام دەبێت مێژوو بیر خۆمان بهێنینەوە کە شۆڕشی ئەیلول ئەوان پشتیوانیان بەڵام دواتر بینیمان چۆن پشتیان بەرداین، وە لەسەردەمی ڕیفراندۆم پشتگیرییان نەکردین، لەبەر چاوی ئەمەریکی و هاوپەیمانان حەیدەر عەبادی هێزیان هێنایە سەر کوردستان و هێزی پێشمەرگە و هەموو ئەو ناوچانەی کە پێشمەرگە بە خوێن ڕزگاری کردن کەچی ئەمەریکا پشتیوانی نەکردین و ئەمەریکا و هاوپەیمانان سەیرییان دەکردین هەتا عێراق هەموو ناوچەکانیان خستەوە ژێر دەستی خۆیان ئایا هیچییان بۆ کردین ئەو کات؟! لەبەر ئەوە ئێمە با لە خەو و خەیاڵدا نەژین لە واقیعدا بژین، عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە ناوچەیەکی ستراتیژی گەورەیە بۆ ئەمەریکا و هاوپەیمانان، من هەرگیز ناتوانم بڕوا بەوە بکەم کە بەیانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان پاش بڕیاری عێراق بۆ کشانەوەی ئەو هێزانە بێن خۆیان بخەنە شەڕی عێراق و بڵێن ئێمە لە هەرێمی کوردستان دەمێنینەوە."
دکتۆر ئەمین بەکر:
"عێراق خۆی لایەنە لە هاوپەیمانێتی ڕووبەڕوبونەوەی داعش، بۆیە هەرێم ئەگەر لەو هاوپەیمانێتیەدا هەبێت وەک بەشێک لە عێراق لەو هاوپەیمانێتیەدا هەیە، واتە خۆی کەسایەتی نێودەوڵەتی نییە ئەوەندە بەسە بۆ ئەوەی کە هەرێم نەتوانێت لایەن بێت لەو ڕێککەوتنە، بۆیە هەرێم ناتوانێت پشگیری یان داوای مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بکات لە ناو هەرێم، ئەگەر لەگەڵ حکومەتی عێراق بڕیاری دەرچوونی ئەو هێزانە واژو کرا، من لەگەڵ ئەوەدام کە هەرێم ئیعتماد بکاتە سەرخۆی هەم لە ناوخۆی خۆی یەکگرتوو و بەهێز بێت و چاکسازی بکات وە هەم لەگەڵ عێراق کێشەکانی بەپێی دەستور چارەسەر بکات، بەڵام قسەکە ئەوەیە کە ئەگەر هەژموونی ئەو هێزە هاوپەیمانانە لە عێراق نەمێنێت ئایا هەمان ئەو عێراقەی ئێستا دەمێنێت، یان لە گۆڕانکاریدایە؟ ئێمە نابێت ئەوە لەبیر بکەین لە ئێستادا ئەو گروپ و خاوەن چەکدارانەی هەن خوازیاری ئەوەن دەوڵەتەوکە ببێتە دەوڵەتێکی ئیسلامی وەک کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆیە نەمانی هەژموونی هاوپەیمانی ئەو گروپانە بەرەو هەموواری دەستوری عێراق دەبات، وە ئەگەر عێراقیش توشی گرژی بکات ئەوە بەدڵنیاییە کاتییە، بەڵام دواجار ئەمەریکا گرنگی بەوە نادات کە ئەو دەوڵەتی لە عێراق دێتە ئاراوە چۆنە و چیە بەڵکو ئەوەی بۆی گرنگە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی، بۆیە فۆڕمی دەوڵەتەکە بۆ ئێمە لەناوخۆدا گرنگە نەک ئەمەریکا و وڵاتانی هاوپەیمانان."
نەوزاد موهەندیس:
"من وای بۆ ناچم بەم زووانە عێراق دەستبەرداری هاوکاری و پشتیوانییەکانی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بێت، ئەو قسانەی سەرۆک وەزیرانیش دەیانکات سەبارەت بە توانا سەربازییەکانی هێزەکانی عێراق زیاتر بۆ خۆ عەرزکردنە نەک ڕاستی، بە ڕاستی ئەو گروپە چەکدارانە زۆر بێ ویژدانن، چونکە ئەگەر ئەو هێزانەی ئەمەریکا و هاوپەیمانان نەبوونایە ئەوا داعش دەچووە بەغداد و بەغدادیان دەگرت، بەڵام ئێستا بە ئاماژەی ئێران ئەم داوایە و فشارە دەکەن، ئەم گروپانەش عێراقی نین و لە بەرژەوەندی عێراقدا نین ئەوەندەی لە خولگەی ئێران و شیعەدان، عێراق هێندەی پێویستی بە ئەمەریکایە لە ڕووی دارایی و سەربازییەوە نیو هێندە پێویستی بە ئێران نییە، چونکە دەزانین هەتا ئێستاش کە عێراق نەوت دەفرۆشێت دەچەتە ناو بانکی ئەمەریکاوە، ئەمەریکا بە لوتفی خۆی دۆلارەکە دەگێڕێتەوە بۆ عێراق، ئێستا ئایا عێراق بە جدی دەیەوێت ئەم هەموو بەرژەوەندییە گەورەییە ئابورییە لەبەر چاو نەگرێت و بیەوێت بە نوکە قەڵەمێک هێزەکانی ئەمەریکا دەربکات، ئەگەر ئەو فشارانە لەسەر سودانی نەبوونایە ئەو داوایەی هەرگیز نەدەکرد، وە ئەم داواکارییە داواکاری میللی و سەرتاسەری عێراقی نییە، نە کورد نە سوننە و نە پێکهاتەکانی تر ئەو داوایەیان نییە."