هێشتا یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی کوتلەیەکی هاوبەش لە نێو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ڕێکنەکەوتوون، لەکاتێکدا سێ لیستە عەرەبییەکەی کەرکوک ڕێککەوتنیان ئەنجامداوە و کوتلەیەکی هاوبەشیان پێکهێناوە.
ئەمڕۆ سێشەمە، یەکێتی و پارتی لەسەر ئاستی بەرپرسانی کەرکوک کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکەش محەمەد کەمال بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی ڕایگەیاند، "لە ئێستا بەدواوە لەگەڵ یەکێتی پێکەوە کاردەکەین، ڕێککەوتنی پارتی لەگەڵ عەرەب و تورکمانیش دوورە لە ڕاستییەوە."
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان یەکێتی و پارتی لەکەرکوک، ڕەتیکردەوە ئەو دوو حزبە هێشتا هیچ ڕێککەوتنێکیان بۆ پێکەوە کارکردن لەکەرکوک ئەنجام دابێت.
سەرچاوە ئاگادارەکە کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تیمی یەکێتی و پارتی بۆ پێکەوە کارکردن لەکەرکوک کێشەیان نییە، بیرکردنەوەیان لەیەکترییەوە نزیکە، بەڵام کێشەکە لەسەرکردایەتی هەردوولایە و دەبێت ئەوان ڕێکبکەون."
سەرچاوەکە دەڵێت، "پارتی دەیەوێت ڕێککەوتن لەکەرکوک و ناکۆکییەکانی هەرێم بکاتە یەک پاکێج و پێکەوە گفتووگۆیان لەسەر بکرێت. یەکێتیش پێیوایە دۆخی کەرکوک جیاوازە و دەبێت بەدەربکرێت لە کێشەکانی هەرێم. بۆیە هێشتا ڕێککەوتن لەبارەی پێکەوە کارکردن لەکەرکوک نەکراوە."
جەختیشیکردەوە، "هێشتا دانوستانی جدیش لەنێوان یەکێتی و پارتی لەکەرکوک دەستیپێنەکردووە، بەڵام بیروڕایان جیاوازە."
لەسەرووبەندی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکدا، یەکێتی و پارتی لەو پارێزگایە هێرشی توندیان کردە سەر یەکتری، لەکاتێکدا وەکخۆیان دەڵێن لەمەودوا وا پێویست دەکات پێکەوە کاربکەن.
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، کورد 7 کورسی بەدەستهێنا، یەکێتی 5 کورسی و پارتی دوو کورسی، دەوترێت کاندیدی دەرچووی کریستیانەکانیش لە یەکێتییەوە نزیکە.
جەنگی عزەدین، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هێشتا دانوستانی جدی بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیەتی کەرکوک دەستیپێنەکردووە، چونکە ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای عێراقییەوە پەسەند نەکراوە."
ئەو وتیشی، "پۆستی پارێزگاری کەرکوک پشکی کوردە، لە نێو کوردیشدا پۆستەکە ئیستحقاقی یەکێتییە و بۆ ئەو مەبەستە دانوستان لەگەڵ لایەن و پێکهاتەکاندا دەکەین."
کۆتایی مانگی ڕابردوو تەها تەیفور، بەرپرسی ناوچەی دووی کەرکوکی پارتی بە دەنگی ئەمەریکای وت، "بە ڕاستی، پۆستی پارێزگار مافی کوردە و لە ناو کوردیشدا مافی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە. دڵنیام ئەمە نەک بیرکردنەوەی منە وەک کادیرێکی پێشکەوتووی پارتی بەڵکو بیرکردنەوەی سەرکردایەتی حزبەکەشمە، ئەی ئێمە بۆچی دیموکراسین؟ "
ڕێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی کوتلەیەکی هاوبەش لە نێو ئەنجومەنی داهاتووی پارێزگای کەرکوک لەکاتێکدایە، سێ لیستی عەرەبی کە خاوەن 6 کورسین ڕێککەوتنیان ڕاگەیاند و کوتلەیەکی هاوبەشیان پێکهێنا.
سێ لیستە عەرەبییەکە، بریتین لە هاوپەیمانی عەرەبی بەسەرۆکایەتی ڕاکان جبوری کە 3 کورسی بەدەستهێناوە، لیستی قیادەی محەمەد تمیمی وەزیری پلاندانانی عێراق کە خاوەنی 2 کورسییە و لیستی عروبە کە کورسییەکی هەیە.
ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردە لە هاوپەیمانی عەرەبی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"عەرەب 6 کورسی هەیە و دەیەوێت پۆستی پارێزگاری کەرکوکی لابمێنێتەوە، کوردیش بە کورسییە کۆتاکەوە 8 کورسی هەیە."
هەروەها وتیشی، "گەر تورکمان بڕواتە پاڵ کورد پێکەوە دەتوانن حکومەتی خۆجێی کەرکوک پێکبهێنن، بەڵام گەر تورکمان لەگەڵ عەرەب بێت ئەوا 8 کورسی بەرامبەر بە 8 کورسی دەبێت و هاوکێشەکە ئاڵۆز دەبێت."
سەبارەت بە هەڵوێستی تورکمان، سەوسن جەدوع ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی عيراقی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تا ئێستا هیچ دیدارێکی فەرمی نەبووە، هاوپەیمانێتی دەکەین لەگەل هەر لایەنێک پۆستی پارێزگاری كەرکوک بداتە تورکمان و دەسڵاتیش دابەش بکات بە رێژەی 32% لە نیوان پێکهاتەکان."
سەرباری ململانێی نێوان کورد و عەرەب لەسەر پۆستی پارێزگای کەرکوک، تورکمانیش کە خاوەنی دوو کورسییە، دەیەوێت ناکۆکی نێوانیان بقۆزێتەوە و خواستەکانی لە ئیدارەی داهاتووی کەرکوکدا بەدەست بهێنێت، بەو پێیەی هەردوو بەرەکە پێویستییان پێی دەبێت بۆ هاوپەیمانێتی کردن.
Your browser doesn’t support HTML5