لەدرێژەی تەقەکردنی هێزە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر کۆڵبەران، دوو کۆڵبەری دیکە لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە گیان لەدەستدەدەن.
ماڵپەڕی مافەکانی مرۆڤی هرانا کە پشت بە زانیاری چالاکوانانی نێو ئێران دەبەستێت و هەروەها تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ناسنامەی ئەو دوو کۆڵبەرەی ڕاگەیاندووە کە بریتین لە میرزا ئەحمەدی خەڵکی گوندێکی سەر بە شاری بانە و شۆڕش خەرگوشی خەڵکی گوندێکی سەربە شاری سەڵماس.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاندووە سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، 10ی مانگی یەک کۆمەڵێک لە کۆلبەرەکان لە ناوچەی سنووری زەلێی بانە لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت، کراونەتە ئامانجی هێزەکانی پاسەوانانی سنوور و لە ئەنجامدا میرزا ئەحمەدی، کۆڵبەری تەمەن 43 ساڵ کە باوکی 2 منداڵە، کوژراوە و هەروەها ڕۆژی سێ شەممە، 9ی ئەم مانگەش لەهەمان شوێن، شۆڕش خەرگووشی تەمەن 33 ساڵ و باوکی منداڵێک، دوو گولەی هێزە سنوورییەکان بەر سێنگی کەوتووە و دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا کۆڵبەرنیوز کە هەواڵەکانی پەیوەندیدار بە کۆڵبەرانەوە بڵاودەکاتەوە، ڕایگەیاندووە لە هەمان ناوچەی بانە کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی یوسێف، تەمەن 19 ساڵ کە خەڵکی سەقزە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی پاسەوانانی سنوور قاچی بریندار بووە. هەروەها ئەمیر ئیلاهی تەمەن 25 ساڵ ڕۆژی دووشەممە 8ی ئەم مانگە بە تەقەی ئەو هیزانە لە ناوچەی سنووری نەوسوود کوژراوە.
رێکخراوەی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕاپۆرتێکی بڵاو کردوەتەوە کە تێیدا ئاماژە بەوە دەکات کە ڕێژەی و ژمارەی کوشتنی کۆلبەرەکان لە ماوەی ساڵی 2023دا بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو زیاتر بووە و لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا 41 کۆڵبەر کوژراون و لانیکەم 292 کۆڵبەریش بریندار بوون.
کۆڵبەران بە شێوەیەکی سەرەکی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانن لە ئێران کە بۆ دەستبەبەرکردنی بژیوی ژیانی ڕۆژانەیان، ڕوو لە کۆڵبەری دەکەن کە یەکێک لە قورسترین و مەترسیدارترین ڕێگاکانە بۆ پەیداکردنی نان.
چاودێران گرنگترین هۆکاری سەرهەڵدانی دیاردەی کۆڵبەری بۆ زاڵبوونی ڕوانگەی ئاسایشی حکومەت بەرامبەر بە شارەکانی کوردستان دەگێرنەوە کە ئەمەش هەژاری ڕەها و هەڵاواردنی نەتەوەیی و ئایینی و گرنگی نەدانی حکومەت بۆ وەبەرهێنانی لەو ناوچانەدا لێکەوتووەتەوە.