حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و خەرجی کۆمپانیا نەوتییەکان چڕکردووەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لەماوەی ئەم هەفتەیەدا دووجار وەفدی هەرێم سەردانی بەغدای کردووە.
ڕۆژی شەممە وەفدێکی هەرێم بەسەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدای کرد و دوای چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، ڕۆژی دووشەمە وەفدەکە گەڕایەوە بۆ هەولێر. لەئێستاداشدا وەفدێکی تری هەرێم کە پێکهاتوون لە وەزیری سامانە سروشتییەکان و تیمێکی تەکنیکی وەزارەتەکەی، لەگەڵ سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لەبەغدان.
بەپێی وتەی چەند سەرچاوەیەک بۆ دەنگی ئەمەریکا، شاندی هەرێم و وەفدی عێراق گفتووگۆکانیان لەسەر یاسای بودجە و خەرجی کۆمپانیا نەوتییەکان چڕکردووەتەوە، سەرباری ئەوەی تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن، بەڵام هەوڵ دەدەن ڕاکانیان لە یەکتر نزیکبکەنەوە.
هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "گفتووگۆکانی نێوان وەفدی هەرێم و بەغدا تا ئەم چرکەساتە ئیجابین و لێکتێگەیشتنی باش هەیە، لێکتێگەشتنەکان ئەنجامی سەردانی وەفدی باڵای هەرێمن بۆ بەغدا لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا."
لەمانگی 9ی ساڵی 2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری لەگەڵ شاندێکی باڵای هەرێمدا خۆیان سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ زۆربەی لایەنە عێراقییەکاندا کۆبوونەوە، ئەنجامی سەردانەکەشییان ڕەزامەندی حکومەتی عێراقی لێکەوتەوە بۆ ناردنی سێ گوژمەی 700 ملیار دیناری بەقەرز بۆ هەرێم.
هونەر جەمال دەڵێت، "هاتنی تیمەکانی چاودێری دارایی بۆ فەرمانگەکانی هەرێم و خاڵە سنورییەکان دۆخێکی هێنایە پێشەوە تا بەغدا بە پێوەرێکی تر مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکات چونکە ڕاستییەکانیان بۆ دەرکەوت. وەزیری دارایی هەرێمیش پێشتر بە داتا لە نێو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقدا مەسەلەکانی ڕوونکردووەتەوە."
جەختیشیکردەوە، "سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەرێمیش جدین بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا."
لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممەدا، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستخۆشی لە شاندنی دانوستانکاری هەرێم کرد لەبەرامبەر هەوڵەکانیان لە پێناو بەدەستهێنانی ماف و شایستەکانی هەرێم و پێشکەشکردنی زانیاری پێویست و واڵاکردنی تۆمارەکانی دامەزراوەکانی هەرێم بۆ دەستە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێری دارایی لە بواری میلاکی وەزیفی و نەوت و داهات و خەرجییە نەوتی و نانەوتییەکان.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند خۆشحاڵە "لە تێگەیشتنەکانی ئەم دواییەی" حکومەتی فیدراڵ و بەرەوپێشچوونەکان بە ئاراستەی هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵ و لابردنی ئەو کۆت و بەندانەی یاساکە کە ڕێگرن لەبەرامبەر خەرجکردنی بەشە بودجەو موچەی هەرێمی کوردستان.
شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "گفتووگۆی هەرێم و بەغدا بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیووە بۆ هەمواری یاسای بودجە و پێدانی قەرز بە هەرێم تا کاتی هەمواری یاساکە. هەردوولاشیان لە گفتووگۆدان لەسەر مەسەلەی نەوت و غاز."
دەربارەی ناوەڕۆکی بەرەوپێشچوونی وەفدی هەرێم و بەغدا، شوان محەمەد وتی، "دەنگی جدی نابیسترێ بۆ دژایەتیکردنی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە. دەنگێکی ئیجابیش هەیە بۆ جیاکردنەوەی موچەی فەرمانبەران لەململانێی سیاسی. ڕەنگە هەفتەی داهاتووش ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق گفتووگۆ لەبارەی ناردنی پارە بە قەرز بۆ هەرێم بکات."
ناکۆکی نێوان هەرێم و بەغدا لە مانگی 3ی ساڵی 2023ەوەو، لەوکاتەوەی کە ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە، چووەتە قۆناغێکی نوێوە، بەتایبەت هەرێم داوای شایستە داراییەکانی لە عێراق دەکات و عێراقیش هەرێم بە شاردنەوەی داتا و زانیارییەکان تۆمەتبار دەکات.
محەمەد حسێن، شارەزای بواری نەوت و وزە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "وەفدی هەرێم و بەغدا گفتووگۆی چڕیان لەسەر خەرجی کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە هەرێم کاردەکەن دەستپێکردووە."
ئەو وتی، "لەیاسای بودجەی عێراق دا 6 دۆلار بۆ دەرهێنانی بەرمیلێک نەوت دانراوە، لەکاتێکدا گرێبەستی کۆمپانیاکان بۆ دەرهێنانی نەوت لە هەرێم سەرووی 22 دۆلارە، ڕەنگە لە ئەنجامی گفتووگۆ وەفدی هەردوولا لەسەر 13 دۆلارێک ڕێکبکەون، بەڵام کۆمپانیا نەوتییەکان بەمەش ڕازینین، ئەمە گرفتە و پێویستی بەچارەسەرکردن هەیە."
Your browser doesn’t support HTML5