ئایە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت گرفتەکانی وەزارەتی پێشمەرگە چارەسەر بکات؟

هەفتەی ڕابردوو ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان گرفتی دارایی هەیە بەهۆی ناکۆکییەکانی لەسەر بودجە لەگەڵ بەغدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەو 20 ملیۆن دۆلارەی مانگانە دەیدا بە هەرێم بۆ موچەی پێشمەرگە، کەمی کردووەتەوە بۆ 15 ملیۆن. ماڵپەڕەکە دەشڵێت بەپێی دوو کاربەدەستی ئەمەریکایی کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرابکرێت، بڕیاری کەمکردنەوەی ئەو بڕە پارەیە سیاسەتێکی فەرمی نییە، بەڵکو ئەوەیە وەزارەتی پێشمەرگە هەتا ئێستا شکستی هێناوە لە گرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنە ئاسایشییە ناوخۆییانەی ئاماژەیان پێکراوە لەو یاداشتنامەیەی لەگەڵ ئەمەریکا پێی گەیشتبوون لە مانگی نۆی 2022دا.
دەپرسین:

  • بۆچی ئەمەریکا موچەی پێشمەرگە بدات؟
  • ئەگەربێت و ئەمەریکا لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق بە ڕێکەوتن بگات بۆ کشانەوەی هێزەکانی، هەتا چەند شیانی هەیە یارمەتییەکانی ئەمەریکا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام بن؟
  • هۆکار چییە لە پاش زیاتر لە 31 ساڵ لە دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان هێشتا حزبەکان هێزی تایبەت بەخۆیان هەیە، وە ئامادە نیین لە نێو وەزارەتی پێشمەرگە ڕێکیان بخەنەوە؟
  • ئایە هەرێمی کوردستان پێویستی بەو هەموو هێزە چەکدارە هەیە؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە دەکەین بە میوانداری:

  • عوسمان کەریم سوارە، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان.
  • سەعید مستەفا، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە خولی رابردووی پەرلەمانی هەرێم، لەفراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان
  • ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە، لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی هەرێم، فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان.
  • عەبدولڕەزاق شەریف، چاودێری سیاسی.

Your browser doesn’t support HTML5

ئایە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت گرفتەکانی وەزارەتی پێشمەرگە چارەسەر بکات؟

سەعید مستەفا:
"بەداخەوە هەتا ئێستا هێزەکانی پێشمەرگە بە تایبەت هەردوو یەکەی(٧٠ و ٨٠) یەکیان نەگرتووەتەوە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆیە من وای بۆ دەچم ئەگەر هێزەکانی پێشمەرگە یەکنەگرنەوە و نەبنە هێزێکی نیشتمانی یەکگرتوو لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوا هاوکاری و پاڵپشتی هاوپەیمانان بە ١٥ ملیۆنەکەی ئەمەریکاشەوە بەرە بەرە نەمێنێت، چونکە هەموو هەوڵی هاوپەیمانان ئەوەیە هێزی پێشمەرگە یەکبخرێت و ڕێکبخرێت، ئێمە کاتی خۆی بە یەک تیم لە لیژنەی پێشمەرگە کارمان دەکرد، کەچی فەرماندە و بەرپرسە باڵاکانی هەردوولا بەربەستی زیاتریان دروستدەکرد، ئەمەریکا دەتوانێت هاوکاری هێزەی پێشمەرگە بەردەوام پێبدات، بەڵام نەک بۆ دوو حزب بەڵکو دەبێت ئەو هێزە لە چوارچێوەی سوپایەکی یەکگرتوودا بێت، من وەکو کوردێک لەگەڵ ئەوەدام کە ئیعتمادمان لەسەر خۆمان هەبێت و حکومەتی هەرێم خۆی پارەی هێزی پێشمەرگە دابینبکات پارەیەکی ئەوەندە زۆر نییە، ناکرێت بۆ ١٥ملیۆن دۆلار ئێمە چاومان لە دەستی ئەمەریکا بێت؟ من هەتا ئێستاش پێموانیە هێزەکانی پێشمەرگە یەکبگرنەوە چونکە لایەنێک ئامادەبێت بچێت لەگەڵ حەشدی شەعبی یەک بگرێت بەڵام ئامادە نەبێت لەگەڵ لایەنێکی تری کوردی دابنیشێت ئیتر چۆن ئومێدمان بە یەکخستنەوە هەبێت."


عوسمان کەریم سوارە:
"لە سەرەتادا کە شەڕی داعش دروستبوو بەهۆی بەشداری کارا و کاریگەری هێزەکانی پێشمەرگە کە پێشمەرگە بە نوێنەرایەتی ئەوانیش شەڕی دەکرد، هاوپەیمانان، ئەمەریکا بڕیاری هاوکاری مانگانەیان دا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، لە سەرەتادا ٤٢ ملیۆن بوو مانگانە، دواتر کەمکرایەوە بۆ ٣٦ ملیۆن و پاشان کەمکرایەوە بۆ ٢٠ ملیۆن و ئێستاش بۆتە ١٥ ملیۆن، ڕاستە ئەم کەمکردنەوانە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە هاوپەیمانان و ئەمەریکا یەکێک لە مەرجەکانی هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن هاوپەیمانان و ئەمەریکاوە بریتی بووە لە یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، بەداخەوە ئەو نەکراوە ئەوەتا دەبینین هاوکارییەکان لە چەندەوە کەمکراونەتەوە و بەرە بەرە کەمیدەکەنەوە، هەر هاوکارییە مادییەکانیش نییە کە کەمیان کردووەتەوە بەڵکو هاوکاری پێدانی چەک و مەشق و ڕاهێنانەکانیشیان کەمکردووەتەوە، منیش لەگەڵ ئەوەم حکومەتی هەرێم پشت بەخۆی ببەستێت، بەڵام هاوپەیمانان خۆشیان دەزانن ئەو شەڕەی پێشمەرگە کردی دژ بە تیرۆستانی داعش شەڕی هەموو جیهان بوو."


ئەبوبەکر هەڵەدنی:
"کەمکردنەوەی بودجەی پێشمەرگە لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە چاوەڕوان کراوبوو، چونکە دەمێکە هاوپەیمانان و ئەمەریکا داوای یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە دەکەن، هەڕجەندە ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵە یاسای وەزارەتی پێشمەرگە و یاسای حزبەکان دەرچووە کە هەر لەو یاسایانە ئاماژە بەنایاسایی بوونی هەر هێزێکی چەکدار دەکاتەوە لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بەڵام بەداخەوە یاساکان جێبەجێ نەکراون، ئەو لیوا هاوبەشەشی کە هەیە بەناو یەکیان گرتووەتەوە چونکە ئەگەر ئامر لیواکە پارتی بێت دەبێت جێگرەکەی یەکێتی بێت یان بە پێچەوانەوە، ماڵ جیاییەکە بە مانای وشە، چەندین جار وتومانە ئەو هێزە چەکدارانەی هەن لە کوردستان ژمارەیان لە هێزی هەندێک وڵاتی ئەندامی هاوپەیمانێتی ناتۆ زیاترە، بەدڵنیایی هاوپەیمانان و ئەمەریکا نیگەران و توڕەن لە هەرێم هەر بە کەمکردنەوەی هاوکارییەکان دەیبینین، چونکە چەندین جار هاوپەیمانان هاتوونەتە لیژنەی پێشمەرگە وە لە کۆبونەوەکانیش بە بەرپرسانیان وتووە هێزی حزبی نەمێنێت کەچی بەداخەوە دەبینین ئێستا نەک حزب شەخسیش هێزی هەیە، کەسێک لە حزبێک بچێتە حزبێکی تر هێزی چەکداری بۆ دروست دەکرێت."

"هێزی پێشمەرگە توانای ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕی نییە بەبێ هاوکاری ئەمەریکا و هاوپەیمانان، لە شەڕی داعشیش هاوکاری ئەوان نەبووایە پێشمەرگە نەیدەتوانی شەڕی داعش بکات، هەروەک بینیمان بەبێ هاوکاری ئەمەریکا و هاوپەیمانان چۆن هێزی پێشمەرگە خۆی نەگرت لە بەردەم تانکەکانی حەشدی شەعبی."

"کاتی خۆی کە ئێمە لە لیژنەی پێشمەرگە بووین ژمارەی ئەندامانی لیوا هاوبەشەکان ٥٠هەزار بوو، ئێستا دەڵێن ٥٤ هەزارە جگە لە ژمارەی زۆری هێزەکانی حەفتا و هەشتا، بەڵام ئێستا ژمارەکان نازانین. هەفتەی پێشوو وەزیرێکی حکومەتم بینی لێم پرسی کێشەی ٢٠٢٤ حەل دەبێت، کەچی وتی، کێشە ئەوەیە کە ژمارەی ڕاستەقینەی فەرمانبەران خۆشمان نایزانینن ئەوەش بووەتە گرفت لە بەردەم چارەسەرکردنی کێشەکانمان، باشە ئەم هێزانەی کە هەن هەتا ئێستا توانیوییانە بەرگری بکەن لە خەڵک و هەرێمی کوردستان لە هێرشەکانی تورکیا کە لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدات یان توانیویانە ڕێگری لە هێرشەکانی ئێران بکەن."

عەبدولڕەزاق شەریف:
"لەگەڵ ڕێزمان بۆ خەباتی پێشمەرگە، بەڵام ئەم هێزی پێشمەرگەیەی ئێستا هەیە نە دەستوری عێراق ڕێگای پێدەدات، نە خودی یاسای حزبەکان و وەزارەتی پێشمەرگە کە حزب نابێت هێزی چەکداری هەبێت، وە بەداخەوە هێزی پێشمەرگە حزبین و نەتەوەیی و نیشتمانی نین، تەنانەت زۆر جار ئەم هێزانە هی شەخسەکانیشن نەک هەر حزب، کە لە دوای ڕاپەڕینەوە ئەم هێزە بووەتە هێزێک ڕاستەوخۆ تەداخولی داواکاری خەڵک دەکات بەرامبەر دەسەڵات یان تەداخولی کێشەی نێوان حزبەکان دەکات، وە ئەم هێزە هیچ عەقیدەیەکی عەسکەری نییە، بۆیە دوژمنانی کورد دەڵێن میلیشیا، لەوەدا ڕاست دەکەن چونکە عەقیدەی عەسکەری نییە، تەنانەت ڕەقەمەکانیشیان(٧٠ و ٨٠) هیچ بنەمایەکی زانستی سەربازی نییە، ئەم هێزانە ئێستا خەڵک سڵیان لێدەکاتەوە نەک بەپارێزەری خۆیانی بزانن، من خۆشحال نیم بەم پێناسە و قسانە بەداخەوە دەبوو هێزی پێشمەرگە هێزێکی خۆشەویست و ڕێز لێگیراو بوونایە لەناو خەڵک نەک وەک ئێستا سڵیان لێبکەنەوە، بەڕاستی ئەم هێزە ئێستا خۆی مەترسیدارە لەسەر ئایندەی هەرێمی کوردستان."

"بەپێی دەستوری عێراقیش، هیچ حزب و هێزێک بۆی نییە پارە لە هیچ وڵات و هێزێکی دەرەکی بێت، جا لە ژێر هەر ناوێکدا بێت کە دەدرێ بە پێشمەرگە دەستوری نییە، وە ئەو پارەیەش کە ئەمەریکا دەیدات بە پێشمەرگە ئێستا کردویەتی بە(١٥)ملیۆن دۆلار، ئەوەندە کەمە من بۆخۆم وەک شەرمەزاری سەیری دەکەم، نابێت کورد پارە لە بێگانە وەربگرێت بە تایبەت بۆ هێزی بەرگریکردن لەخۆی، هێزی سەربازی کفرە پارە لە بێگانە وەربگرێت، هێزی سەربازی هێزی شکوۆ و سومعەی میللەتە، هۆڵەندییەکان قسەیەکی جوانیان هەیە دەڵێت:کێ پارە دەدا ئەوە مەرج دادەنێت لەبەر ئەوە پارە وەرگرتن لە هێزی بێگانە جێی شەرمەزارییە."

"ئێستا ئەم هێزی پێشمەرگەیەی هەیە ناتوانێت ڕووبەڕووی هیچ مەترسییەک ببێتەوە کە ڕووبەڕووی کوردستان ببێتەوە، چونکە ئێمە ئەزمونمان هەیە کە داعش هاتە مەخمور، ئەم هێزەی ئێمە بۆ جیهانی سەلماند کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی نییە، ئەمە قسەی من نییە، قسەی فەرماندەی گشتی ئەو کاتەی هێزەکانی پێشمەرگەیە."

"ئەم هێزە بەداخەوە بووەتە هێزی سەرکوتکردنی خۆپیشاندان و ململانێی نێوان حزبەکانە نەک هێزی بەرگری نیشتمان و خەڵک، بەداخەوە من خۆشحال نیم بەو پێناسەیە،بەڵام ئەوە ڕاستیە."