پارێزگاری هەولێر: میلیشیا شیعەکان دەیانەوێت فڕۆکەخانەی هەولێر دابخرێت

ئومێد خۆشناو

پارێزگاری هەولێر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئامانجی سەرەکی میلیشیا شیعەکان لە هێرشکردنە سەر هەولێر داخستنی فڕۆکەخانەی هەولێر و داخستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستانە بەڕووی دوونیای دەرەوەدا.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئامانجی میلیشیا شیعەکان لە هێرشکردنە سەر شاری هەولێر هاوپەیمانان نییە، بەڵکو هاوپەیمانانیان کردووەتە بیانوو، ئەگینا ئامانجیان داخستنی فڕۆکەخانەی هەولێرە."

بە پێی ڕاگەیەنراوێکی دژە تیرۆری کوردستان، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو، کە لەلایەن "ملیشیا لە یاسا دەرچووەکانەوە" ئاڕاستەی بنکەی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرکرابوو، تێکشکێندرا و خرایە خوارەوە.

سەرەڕای هێرەشەکانی ئەمڕۆ، گەشتەکان لە فرۆکەخانەی هەولێر بەردەوامبوون و بەگوێرەی ماڵپەڕی فڕۆکەخانە ئەمڕۆ دەیان گەشت ئەنجامدراون.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە هەرێمی کوردستان کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "شیعەکانی عێراق دەیانەوێت هەموو فڕۆکەخانەکان لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا بێت، یاخود ئاگاداری هاتووچۆی فڕۆکەخانەکان بن."

سەرچاوەکە دەڵێت، "شیعەکان پێیانوایە فڕۆکەخانەی هەولێر لە ژێر کۆنترۆڵیاندا نییە و هاوپەیمانان بەکاری دەهێنن، بۆیە ئامانجی بەشێک لە هێرشەکان دروستکردنی گرفتە بۆ فڕۆکەخانەکانەی هەولێر."

بەپێی وتەی بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی بەرگری ئەمەریکا، لە مانگی 10ی ساڵی 2023ەوە، 127 هێرشکراوەتە سەر بنکە سەربازییەکانیان لە عێراق و سوریا، بە تایبەت بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و فرۆکەخانەی هەریر لە هەولێر.

لە هەرێمی کوردستان، سەرەڕای هێرشی بەردەوام بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر و بنکەی سەربازی هەریر، لە ڕۆژی شەممە 30ی مانگی دوازدەی 2023 هێرشکرایە سەر بارەگایەکی سەربازی هێزی گوڵانی پێشمەرگە لە پیرمام کە، بەگوێرەی زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکا، چەند کیلۆمەترێک دووربووە لە سنوری بارەگای بارزانییەوە.

بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بنکەی سەربازی هەریر نزیکە لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە، میلیشیا شیعەکان هێرش دەکەنە سەر فڕۆکەخانەی هەریر و گرفت بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر دروست دەکەن، لەکاتێکدا ئەمەریکا درۆنەکان تێکدەشکێنێت."

میلیشیا شیعەکان لە مانگی 10ی ساڵی 2023ەوە، هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا چڕکردووەتەوە، بە پاساوی ئەوەی ئەمەریکا پشتگیری ئیسرائیل دەکات لە شەڕی غەزەدا.

سەرەڕای فشارە ئەمنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێم لە هەمانکاتدا ڕووبەڕووی گوشاری ئابووری بۆتەوە و لە دوای گشتپرسیی سەربەخۆییی ساڵی 2017 چەندین دەستەڵاتی ئابووری و ئیداری لێسەندراوەتەوە.

لە ناوخۆشدا، یەکێتی و پارتی لەسەر پرسی هەڵبژاردن و بەڕێوەبردنی هەرێم ناکۆکن و ئیستا یەکێتی پرسی سیستەمی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی بردۆتە بەردەست دادگای فیدڕاڵی بۆ ئەوەی دادگاکە یەکلایی بکاتەوە.

دکتۆر سەردار عەزیز، شارەزای بواری سیاسەتی نێودەوڵەتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "فڕۆکەخانەی هەولێر ئەمەریکای تێدایە و دەروازەیەکیشە بۆ پەیوەندی هەرێم بە دونیای دەرەوە، لەکاتێکدا عێراق و میلیشیا شیعەکان لە دوای ڕیفراندۆمەوە دەیانەوێت پەیوەندی نێوان هەرێم و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بپچڕێنن."

ئەو وتیشی، "شیعەکان دەیانەوێت فڕۆکەخانەی هەولێر دابخرێت یاخود لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا بێت."

جگە لە فشارەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر، لە ئێستادا تورکیا بەردەوامە لە داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی و بڕیارەکەی تا ناوەڕاستی ئەمساڵ درێژکردووەتەوە.