شەڕەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا بەرەو کوێ؟

هەر لە پاش هێرشە گەورەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7 ی مانگی دەی 2023 و کاردانەوەی توندی ئیسرائیل، حزبوڵڵای لوبنان ژمارەیەک هێرشی بچوکی کردووەتە سەر ناوچەکانی باکوری ئیسرائیل و ئیسرائیلیش لای خۆیەوە بە شێوەیەکی سنووردار وەڵامی داوەتەوە، هەتا ڕۆژی دووشەممەی ڕێکەوتی 8 ی مانگی یەک کە ئیسرائیل بە هێرشێکی ئاسمانی فەرماندەیەکی چەکداری حزبوڵڵای لە باشوری لوبنان کوشت. چاودێران پێیانوایە حزبوڵڵا لە بەرامبەر ئەو زیانەی بەری کەوتووە شیانی هەیە کاردانەوەیەکی توندی هەبێت.

دەپرسین:

  • ئایە حزبوڵڵا لە توانایدایە بکەوێتە شەڕێکی گەورەوە لە دژی ئیسرائیل؟
  • پێکهاتەکانی لوبنان ڕازی دەبن وڵاتەکەیان بکەوێتە شەڕێکەوە لە کاتێکدا بە دۆخێکی سەختی ئابوری تێپەڕدەبن؟
  • هەڵوێستی لەشکری لوبنان لە بەرامبەر ئەم شەڕە چییە؟
  • ئەگەر شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا هەڵگیرسایەوە، ئێران لە کوێی ئەم شەڕەدا دەبێت؟


لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە دەکەین بە میوانداری:

  • لیوا محەمەد سابیر، شارەزای سەربازی.
  • پڕۆفیسۆر عوسمان عەلی، سەرۆکی سەنتەری تاسک بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لە هەولێر.
  • مامۆستا عەبدولکەریم ئەحمەد، ڕۆژنامەوان و چاودێری سیاسی.

Your browser doesn’t support HTML5

شەڕەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا بەرەو کوێ؟

لیوا محەمەد سابیر:
"بەبۆچوونی من لە دوای غەززە، نەک ئێستا ئەو بڕیارانەی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەرچووە بڕیاری (١٧٠١) ی ساڵی ٢٠٠٦، کە هێزی حزبوڵڵا پاشەکشە بکات بە قوڵایی ١٥ کم لە سنوورەکانی ئیسرائیل و باشوری لوبنان، بۆ ئەوەی ئیسڕائیل هاووڵاتیانی خۆی بپارێزێت وەک خۆی دەڵێت، دیارە ئەو ڕێککەوتنانە هەتا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، حزبوڵڵا هەر لە هێڵی ڕاستەوخۆی سنوورەکانی لوبنان و ئیسڕائیلن، بۆیە ئیسڕائیل دەیەوێت ئەو شەڕە فراوان بکات و بیباتە ناو ئێران، ئەمەریکا هەوڵدەدات لەگەڵ ئیسرائیل کە شەڕێکە فراوان نەکات، ئێرانیش هەوڵ لەگەڵ حزبوڵڵا و گروپەکانی خۆی دەدات شەڕەکە فراوان نەکات، بەڵام بەبۆچونی من ئەگەر بڕیارەکە جەەجێ نەکرێت بەپێی ئەو پێشهاتانەی هەفتەی پێشوو کە ئیسڕائیل لە سنوورەکانی کردی بۆنی شەڕ دێت، حزبوڵاش لێرەدا موحریجە، هەرچەندە لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە لە ناو گەمەکەدایە دەبێت زۆر وریایانە مامەڵە بکات ئەگەرنا ڕادەکێشرێتە شەڕەکەوە."

پڕۆفیسۆر عوسمان عەلی:
"هەم ئیسرائیل هەم حزبوڵڵا دەیانەوێت شەڕی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵڵا ڕووبدات، چونکە ئیسڕائیل لە ناوخۆی خۆی ئێستا ئیسڕائیل لە قەیرانێکی گەورەدایە شەڕەکەی غەزە بە خواستی ئیسڕائیل ناڕوات، وە دۆخی نەتانیاهوش خراپە کە بەنیازن دادگایی بکەن لەسەر چەند کەیسێک بەوەی ٧ی ئۆکتۆبەریشەوە، بەڵام ئێران و ئەمەریکا نایانەوێت ئەو شەڕە فراوانتر بێت، بەڵام فاکتەرێکی تر هەیە ئەویش دەرچوونی شەڕەکەیە لە کۆنترۆڵ کە جەنگی یەکەمی جیهانیش هەروا ڕووی دا، بۆیە ئەگەری هەیە نە بەویستی ئێران، نە بەویستی ئیسڕائیل، نە بەویستی ئەومەریکا ، نە بە ویستی حزبوڵڵاش بێت، کە شەڕەکە خۆی ئاڕاستەیەک وەردەگرێت و خۆی خۆی فەرز دەکات کە لە کۆنترۆڵ دەربچێت، بە گوێرەی چاودێران ئەم ئەگەرە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو زیاتر دەچێت، شەڕیش لە لوبنان و یەمەندا ناوەستێت، دێتە ناو عێڕاقیشەوە، کە هاتە ناو عێراقیشەوە پریشکێک بەر هەرێم دەکەوێت."

مامۆستا عەبدولکەریم ئەحمەد:
"ئیسڕائیل هیچی لە شەڕی غەززە بەدەستنەهێناوە جگە لە کوشتنی ژن و مناڵ نەبێت، بەڵام ئەوەی گەورەی دەکات و تەرویجی پێداوە ڕاگەیاندنە کە ئیسرائیل کاری لەسەر دەکات، جگە لەوەش هەموومان دەزانین پێش ٧ی ئۆکتۆبەر و بە ئێستاشەوە دۆخی نەتانیاهو لە ناوخۆی ئیسڕائیل زۆر خراپبوو، ئەگەر ٧ی ئۆکتۆبەر نەبووایە ڕەنگە لە دەسەڵات نەمایە ئێستاش کە لە دەسەڵاتدا بە یاسای شەڕ ماوەتەوە، ئەگەر شەڕ نەمێنێت ئەگەری هەیە دادگایی بکرێت و لە دەسەڵات نەمێنێت، بۆیە دەکرێت بڵێین نەتانیاهو شەڕی مانەوەی خۆی دەکات، بۆیە ئەمانە پێمان دەڵێن ئایا شەڕەکە درێژە دەکێشێت و ناوچەکە ئاگر دەسێنێت؟ وە ئێرانیش پشتیوانی ئەو مەقاش و دەست و پەنجانەی کە هەیەتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە پێم وانییە وا بێ باکانە دەستوپەنجەکانی خۆی بخاتە بەر نەشتەری خەڵکانی تر."