تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر قامشلۆ و دەوروبەری چڕ دەکاتەوە

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، تورکیا ئاستی هێرشەکانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆسەر قامیشلۆ و دەوروبەری بەرزکردەوە.

پەیامنێری بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لە ناوچەکە دەڵێت 12 تا کاتژمێر 8ی شەو بە کاتی قامیشلۆ هێرشەکان بەردەوام بوون.

فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان وێستگەیەکی کارەبای لە عامودە کردە ئامانج، هەروەها کارگەیەکی دانەوێڵە لە گوندی کوت کرایە ئامانج و لە ئەنجامدا 2 کرێکار بریندار بوون.

لە قامیشلۆ وێستگەیەکی کارەبایی و کۆگایەکی دانەوێڵە لە باشووری شارەکە و باڵەخانەیەکی نزیک گوندی عەلی فارۆ و کارگەیەکی شیرینی کرانە ئامانج.

هەروەها کارگەیەکی خشت و فێرگەیەکی شۆفێریش لە گوندەکانی باشووری قامیشلۆ کرانە ئامانج.

لە پێشهاتێکی دەگمەندا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا خاڵێکی سوپای ڕژێمی سوریای لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی قامیشلۆ، لە گوندی دێبانە کردە ئامانج و لە ئەنجامدا 5 سەربازی ڕژێم کوژران.

لە ناوچەی ترپەسپی، کێڵگەی نەوتی ئودە و بازگەی گوندی خزن کرانە ئامانج.

لە بەرەبەیانی یەکشەممە، سوپای تورکیا دیربێسیی، عەین عیسا و کۆبانێی کردە ئامانج و ئێوارەش قامیشلۆ و ناوچەکانی دەوروبەری.

تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هێشتا فڕۆکەکانی تورکیا بەسەر ئاسمانی قامیشلۆدا دەسوڕێنەوە.