ئیسرائیل کاتس، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت تورکیا بووەتە دیکتاتۆرییەتێکی سەرکوتکەر و لە دژی بەها مرۆیی و وەرزشییەکان کاردەکات.
ئەم لێدوانەی بەرپرسە باڵایەی ئیسرائیل پاش ئەوە دێت کە یاریزانێکی ئیسرائیلی ڕۆژی یەکشەممە دەستگیرکرا بە تۆمەتی هاندان بۆ ڕق و کینە لە میانەی یارییەکی تۆپی پێ لە ستادیۆی شاری ئەنتالیا لە باشوری ڕۆژئاوای تورکیا.
کاتس داوای لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە وەرزشییە نێودەوڵەتییەکان کرد کاردانەوەیان بەرامبەر تورکیا هەبێت کە وەک دەڵێت توندوتیژی بۆ مەرامی سیاسی دەقۆزێتەوە و هەڕەشە لە وەرزشوانان دەکات.
یاریزان ساگیڤ یەهێزکێل کە یاری بۆ یانەی ئەنتالیا سوپەر دەکرد لە کاتی دەربڕینی خۆشحاڵی بە بۆنەی تۆمارکردنی گۆڵێک لە دژی یانەی ترابزۆن سپۆر، دەستی چەپی بەرزکردەوە کە برینپێچێکی پێوە بوو و لەسەری بە ئینگلیزی نووسرابوو "100 ڕۆژ. 7 ی 10 " و لە پاڵیدا وێنەی ئەستێرەی داوود کێشارابوو.
هێزەکانی پۆلیس بە تۆمەتی هاندانی ڕق و کینە دەستگیریان کرد و بە درێژایی شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە لە بنکەی پۆلیس دەستگیرکرابوو هەتا بەیانی ڕۆژی دووشەممە کە دادگایەکی تورکیا بڕیاری ئازادکردنی دا، ئەمەش پاش ناڕەزایی توندی ئیسرائیل.
ساگیڤ لە وتەکانی بۆ پۆلیس ڕەتیکردووەتەوە ئەو هانی ڕق و کینەی دابێت و وتویەتی خۆی لەگەڵ شەڕەدا نییە و تەنیا ویستوویەتی سەرنجی خەڵکی ڕابکێشێت بۆ دۆخی ئەو بارمتانەی لەلای حەماسن.
یەڵماز تونج وەزیری دادی تورکیا لەسەر ئێکس ڕایگەیاند "داواکاری گشتی تورکیا تۆمەتی هاندانی ڕق و کینەی ئاڕاستەی ساگیڤ کردووە لەسەر ئەو ڕەفتارە قێزەوەنانەی کە پشتگیری لەو کوشتنکارییەی ئیسرائیل لە غەززە دەکات."
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند ساگیڤ یەهێزکێل ئەمڕۆ دووشەممە دەگەڕێتەوە ئیسرائیل.
هێشتا ڕوون نییە ئایە ساگیڤ بە بێ ئامادەبوونی خۆی، دادگا بڕیار لەسەر کەیسەکەی دەدات یان جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ تورکیا.
هاوکات یۆاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ئەویش لەسەر پێگەی خۆی لە ئێکس نووسیویەتی " نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر کاتێک بوومەلەرزەکە لە تورکیای دا ، ئیسرائیل یەکەم وڵات بوو یارمەتی پێشکەشی تورکیا کرد کە ژیانی چەندین هاووڵاتی تورکی ڕزگارکرد. دەستگیرکردنی یاریزان ساگیڤ یەهێزکێل ئاماژەیە بۆ دووفاقی. تورکیا لە ڕێگەی کردەوەکانی وەک باڵێکی جێبەجێکاری حەماس ڕەفتار دەکات."
یانەی ئەنتالیا سپۆر لای خۆیەوە ڕایگەیاند کۆتایی بە گرێبەستەکەی لەگەڵ ساگیڤ هێنا کە لە مانگی نۆی ڕابردوو لەگەڵیدا واژوی کردبوو و بڕیاربوو هەتا ساڵی 2026 بەردەوامبێت.
یەکێتی تۆپی پێی تورکیا پشتیوانی لە بڕیارەکەی یانەی ئەنتالیا سپۆر کرد، دەڵێت ئەوەی ساگیڤ کردوویەتی جێی قبوڵ نییە.
لە لایەکی دیکەوە یانەی باشاکشەهیری ئەستەنبوڵ ئەویش دەستیکردووە بە لێپێچینەوە لە یاریزانێکی دیکەی ئیسرائیل بە ناوی ئیدن کارزێڤ کە لەسەر تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی پۆستێکی دووبارەپۆست کردووە کە دەربارەی بارمتەکانی ئیسرائیل لای حەماس بووە. پۆستەکە دەڵێت"هەر ئێستا بیانگێڕنەوە وڵات".
تورکیا سەرکۆنەی توندی ئیسرائیل دەکات لەسەر شەڕی غەززە، بەڵام ئیسرائیل ناڕەزاییەکانی تورکیا پشتگوێ دەخات و دەڵێت تورکیا دوایین وڵاتە ئامۆژگاریمان بکات کە کورد کۆمەڵکوژ دەکات.
سەرچاوە/ بەشێک لە زانیارییەکان لە هەردو ئاژانسی ڕۆیتەرز و فڕانس پرێس وەرگیراون.