ماوەی چەند ڕۆژێکە حکومەتی تورکیا بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆردومان دەکات.
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕۆژی دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سوپای تورکیا لە ماوەی 3 ڕۆژی ڕابردوودا 73 هێرشی بۆسەر ناوچەکە ئەنجام داوە.
لەو هێرشانەدا ژێرخانی ئابووری وەک وێستگەی کارەبا و کێڵگە غاز و نەوتییەکان و کۆگاکانی دانەوێڵە و هەروەها خاڵ و بەربەستەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و موڵکی خەڵکی سڤیل کراونەتە ئامانج.
ئەمەش ببینە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە کوردییەکانی سوریا بەردەوامن
ئەو ناوچانەی بۆردومانکراون هەر لە دێرکەوە تا ڕیمێلان، تیربەسپی، قامشلۆ، عامودە، دربێسی، تیل تەمر، عەین عیسا و کۆبانێ دەگرێتەوە و هەروەها هێرش لە مەنبج و شەهباش ڕوویداوە.
لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا، بێریڤان خالد، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردن لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ژێرخانی ناوچەکە، زۆرێک لە ناوەند و وێستگەکانی کارەبا لە کارکەوتوون.
وتیشی "بەمەبەستی چاککردنەوەی زیانەکان و بەکارخستنەویە ئەو دامەزراوانە بۆ خزمەتگوزارییەکان، تواناکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لاوازن، چونکە ئەمە چوارهەم جارە کە دەوڵەتی تورکیا هێرشی بەرفراوان بۆ سەر ژێرخانی هەرێمەکە ئەنجام دەدات."
خاتوو بێریڤان هەروەها هۆشداریدا لەوەی ئەم هێرشە هەڕەمەکی و بێسنوورانە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر سوریا و ناوچەکە بە گشتی دروست دەکەن و دەبنە هۆی قەیرانی مرۆیی، چونکە لەگەڵ بەردەوامبوونیان هیچ بژاردەیەک بەدەستی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەردا نەماوە.
"ئەم هێرشە گرژییەکانی ئێستا قوڵتر دەکاتەوە و بارودۆخی ژیانی خەڵک دەخاتە مەترسییەوە". هەروەها گوتیشی هێرشەکان "مەترسی گەڕانەوەی تیرۆر زیاتردەکەن، چونکە هێزە ئاسایشییەکان و زیندانەکانی داعش دەکرێنە ئامانج، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت تۆڵەی داعش بکاتەوە."
ئەمەش ببینە دیمانە لەگەڵ ئاڵدار خەلیل سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا
جگە لەوەش هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردن لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ڕەخنەی لە بێدەنگی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ڕووسیا و ڕژێمی سوریا گرت کە هیچ هەڵوێستێکیان بەرامبەر بەو هێرشانەی تورکیا نیشان نەداوە.
گوتیشی " ئەوەی کە لە بێدەنگی ئەواندا دەردەکەوێت، یان ڕەزامەندییانە لەسەر ئەو هێرشانە، یان چاوەڕوانی چی دەکەن ئێمە نازانین. داوا لە هێزی هاوپەیمانان و هێزی ڕووسیا وەکو کەفیل و هەروەها ڕژێمیش دەکرێت هەڵوسێستێکی ڕژد و ڕوون نیشان بدەن. داوا لە ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤیش دەکرێت بێدەنگ نەبن تا هێرشەکانی تورکیا ڕانەگرن."
شایانی بیرهێنانەوەیە کە لە ساڵی 2022 و 2023شدا سوپای تورکیا هێرشی بەرفراوانی بۆ سەر ژێرخانی ئابووری و تواناییە گرنگەکانی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستپێکرد.
لەو هێرشانەدا دەیان هاووڵاتی مەدەنی و هێزی سەربازی و ئاسایشی ناوخۆ کوژراون، هەروەها وێرانکارییەکی زۆر لەو ناوچانەدا ڕوویدا کە کرابوونە ئامانج، کە بەپێی سەرچاوە داراییەکان ملیۆنان دۆلاری تێچووە.