ئێران دەڵێت دوو بارەگای گروپی "جیش‌العدل" ی لە پاکستان بۆردومانکردووە

دوو دەزگای ڕاگەیاندنی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێن وڵاتەکەیان دوو بارەگای گروپی "جیش‌العدل" ی لە ناو خاکی پاکستان بۆردومانکردووە و وێرانیکردوون.

هەردوو ئاژانسی تەسنیم و فارس نیوز شەوی سێشەممە بە کاتی خۆجێی ڕایانگەیاند بە موشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە هەردوو بارەگاکە دراون کە دەکەونە ناوچەی کوهی سەبز لە ناوچەی بەلۆچستان لە باشوری ڕۆژئاوای پاکستان.

پاکستان بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و لە ڕاگەیاندنێکدا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی بڵاوکرایەوە، دەڵێت ئەمە پێشێلکردنێکی بێ پاساوی ئاسمانی وڵاتەکەیەتی و بەهیچ شێوەیەک جێی قبوڵ نییە. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات 2 منداڵ کوژراون و 3 کچیش برینداربوون. هەروەها وەزارەتەکە لە ڕاگەیاندنەکەی دەشڵێت ئەمە بۆی هەیە ئاکامی خراپی لێبکەوێتەوە.

جەیشوئەلعەدل، گروپێکی سوونەیە و لە ساڵی 2012 وە دامەزراوە، دەڵێن شەڕی هێزەکانی ئێران دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی مافی سوونەکان لە وڵاتەکەدا. ئێرانیش بە گروپێکی تێرۆرستی ناودێری دەکات، دەڵێت ئەم گروپە ئامانجی ئاینزایی هەیە.