پۆلیسی کەرکوک دەڵێت ئەو ژنەی لە شارەکەدا کوژراوە خەڵکی ڕۆژئاوا بووە

فەرماندەی گشتی پۆلیسی کەرکوک بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئەو ژنەی لەلایەن ماتۆڕسکیل سوارێکەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە خەڵکی سوریایە و ماوەیەکە هاتووەتە کەرکوک بۆ "ئیشوکاری ژنان". سەرچاوەیەکی تەڤگەری ئازادیش دەڵێت ژنەکە ئەندامبووە لای ئەوان و گوماندەکەن تەقەکەرەکان پەیوەندییان بە تورکیاوە هەبێت.

نزیکەی کاتژمێر 4ی سەرلە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەمە بە کاتی کەرکوک، لەگەڕەکی سەرچنار تەقە لە ژنێک کرا و کوژرا.

لە ئێستادا تیمەکانی لێکۆڵینەوەی تاوان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە ڕووداوەکە.

لیوا کاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو ژنەی کوژراوە خەڵکی سوریایە، ماوەیەکە بۆ ئیشوکاری ژنان هاتووەتە کەرکوک و لە ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ دا کاردەکات."

هەروەها وتیشی، "لەلایەن چی لایەنێکەوە و بۆچی مەبەستێک کوژراوە، ئێمە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەین لە ڕووداوەکە. لەکاتێکدا تەقەی لێکراوە و کوژراوە هاوڕێییەکی لەگەڵدا بووە. لە ئێستادا پۆلیس سەرقاڵی وتە وەرگرتنەکە لە هاوڕێکەی."

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا کە لەسەرچاوە ئەمنییەکانی کەرکوکەوە وەریگرتووە، ژنەکە لە گەڕەکی سەرچناری کەرکوک لەلایەن ماتۆرسوارێکەوە تەقەی لێکراوە و 7 فیشەکی بەرکەوتووە. سەرچاوە ئەمنییەکان دەڵێن دوو کەس بەسەر ماتۆر سکیلەکەوە بوون و هەڵاتوون.

لیوا کاوە غەریب وتی، "هێشتا هیچ کەسێک دەستگیرنەکراوە."

لەلایەکی ترەوە سەرچاوەیەک لە تەڤگەری ئازادی کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ژنە کوژراوەکە ئەندامی ئێمە بووە و دەوڵەتی تورکیا بە بەرپرسیار دەزانین لەو تاوانە."

هاوکات سەرچاوەیەکی ئەمنی بەرپرس لە شاری کەرکوک، لەبارەی ناسنامەی ژنە کوژراوەکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ژنە کوژراوەکە ناوی دەلال عەلی خالدە و تەمەنی نزیکەی 33 ساڵە."