ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی: چوار زیندانی کورد مەترسی ڕژدی لەسێدارەدانیان لەسەرە

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە مەترسی ڕژدی لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی کورد، هۆشداری دەدات و داوا لە بەرپرسی دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات لەسێدارەدانی ئەو کەسانە ڕابگرێت.

ئەو ڕێکخراوە نێونەتەوەییەی مافەکانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی پێنج شەممە،18ی مانگی یەک بڵاویکردوەتەوە، وێڕای ئاماژەدان بە شیوەی دادگاییکردنی نهێنی زۆر نادادپەروەرانە و دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ پژمان فاتحی، وەفا ئازەربار، محەمەد (هەژیر) فەرامەرزی و موحسن مەزلوم و پشتڕاستکردنەوەی سزاکانیان لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە لە 2ی مانگی یەک، ئاماژە بەوەش دەکات کە بە لەبەرچاوگرتنی بەرزبوونەوەی رێژەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران، ئەگەری لەسێدارەدانی ئەو چوار زیندانییەش زۆرە و ژیانیان لەمەترسییەکی گەورەدایە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەکەیدا دەڵیت دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران شوێنی ئەو زیندانی سیاسیانە و تۆمەتەکانیانی ڕانەگەیاندووە و هەروەها پارێزەرەکانیان لە مافی دەستڕاگەیشتن بە دۆسیەکەیان قەدەغەکراون.

ئەم ڕێکخراوەیە بە ئاماژەدان بە کۆبوونەوەی بنەماڵەی ئەو زیندانییە کوردانە لە بەردەم زیندانی ئێڤین لە چەند رۆژی ڕابردوودا، دەڵێت ئەو بنەماڵانە بانگهێشتی وەزارەتی ئیتلاعات کراون و هەڕەشەی "کوشتن و ئەشکەنجەدان و زیندانیکردنیان لێکراوە ئەگەر بێتۆ بەردەوام بن لە ناڕەزایەتییەکانیان.

بەگوێرەی بەیاننامەکەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، هەڵمەتی هەراسانکردن و تۆقاندنی ئەو خێزانانە و پێنەدانی زانیاری لەسەر بارودۆخی بنەماڵەکانیان، پێشێلکردنی یاسا و رێساکانی قەدەغەکردنی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپ کردنە.

پێنجشەممەی ڕابردوو ئەبرام پیلی جێگری نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران، سزای لەسێدارەدانی ئەو چوار بەنکراوە کوردەی شەرمەزار کرد.

ئەمەش ببینە

ئەمەریکا سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بۆ چوار زیندانی سیاسی کورد لە ئێران شەرمەزار دەکات

هەروەها سەبارەت بە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ئەو چوار زیندانییە سیاسییە، جوانە تەیمەسی، هاوسەری موحسین مەزلوم، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە "دەرکردنی ئەو سزا ناڕەوایە بۆ ئەو چوار کەسە لە کاتێکدایە کە ئەوان مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەرێکی سەربەخۆیان نەبووە و تەنها بیانووی حکومەتی ئێران بۆ دەرکردنی سزای لەسێدارەدانیان، دانپێدانانێکی زۆرەملێیە کە هەموومان دەزانین لە چ بارودۆخێکدا لێیان وەرگیراوە و بۆیە نابێت وەک بەڵگە چاوی لێبکرێت."

Your browser doesn’t support HTML5

لێدوانی جوانە تەیمەسی هاوسەری موحسین مەزڵوم، بەندکراوی سیاسی لە ئێران

ئەو چوار زیندانییە سیاسییە ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانن کە لە مانگی حەوتی ساڵی 2022 لە یەکێک لە گوندەکانی شاری ورمێ دەستبەسەرکران و نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر لە دادگایەکدا بە تۆمەتی "موحاریبە" و "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.

محەممەد فەرامەرزی تەمەن 28 ساڵ خەڵکی دێولانی پارێزگای کوردستان و موحسین مەزلوم تەمەن 27 ساڵ خەڵکی مەهاباد و وەفا ئازەربار تەمەن 26 ساڵ خەڵکی بوکان و پژمان فەتحی تەمەن 28 ساڵ خەڵکی کامیاران لەو کاتەوەی لە ساڵی 2022وە دەستبەسەرکراون، نە مافی بینینی خێزانەکانیان هەبووە و نە مافی دەستڕاگەیشتنیان بە پارێزەر بووە.

چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ بە ئاماژەدان بە هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و بە لەبەرچاوگرتنی پێویستی حکومەت بۆ پڕوپاگەندەی سیاسی دەڵێن ژیانی ئەو چوار زیندانییە سیاسییە لە ئێستادا ڕووبەڕووی مەترسییەکی جددیە.