فەرید ئەسەسەرد: ئێران لە خۆڕایی هیچ شتێک ناکات بەڵام ڕەنگە لەسەر هەرێم زانیاری چەوتی هەبێت

فەرید ئەسەسەرد

کاردانەوەکان لەسەر هێرشە کوشندەکەی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر بەردەوامن و سەرکردەیەکی یەکێتی بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت پێیوایە ئێران "لە خۆڕایی" هێرشەکەی ئەنجامنەداوە بەڵام شیانی هەیە لەسەر هەرێمی کوردستان "بەهەڵەدا برابێت."

فەرید ئەسەسەرد، سکرتێری پێشووی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێران لە خۆڕایی هیچ شتێک ناکات. ناڵێم پاساوەکەی ئێران ڕاستە، بەڵام ڕەنگە زانیاری چەوتی لابێت و خەڵکانێک بەهەڵەیاندا بردبێت، بۆیە بڕیاری هێرشەکەی دابێت. ئێستا دەزگاکانی هەواڵگیری لەناوچەکە کەوتوونەتە گەڕ، هەواڵی زۆر هەڵە و وروژێنەر بڵاو دەبێتەوە."

ئەسەسەرد وتیشی، "ناوچەکە لە دۆخێکی نائاساییدایە، نازانین ئێرانییەکان لەسەر چی بنەمایەک هێرشەکەیان ئەنجامداوە، بەتایبەت هەرێم بەشێکە لە عێراق، دۆستایەتی نێوان عێراق و ئێرانیش ڕوونە. ئێرانییەکان تەنانەت پرسیاریشیان بە بەغدا نەکردووە و لەگەڵی قسەیان نەکردووە. تا ئێستا ئێرانییەکان خۆشیان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەبارەی سەرچاوەی زانیارییەکانیانەوە نەداوە."

نزیکی کاتژمێر 11:30ی خولەکی شەوی دووشەممە، 15ی یەکی 2024، لەیەککاتدا بە چەندین موشەکی بالیستی و درۆن هێرشکرایە سەر هەولێر.

هێرشەکان ماڵی پێشڕەو دزەیی سەرمایەداری شاری هەولێر و بنکەیەکی ئاسایشی سەربە ئەژی ئەمین بەرپرسی پێشووی زانیاری یەکێتییان کردە ئامانج. بەو هۆیەوە ماڵی پێشڕەو دزەیی وێرانبوو، وە خۆی و منداڵێکی ساوای و میوانێک و کارگوزارێکی کوژران.

ئێران دەستبەجێ بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشە درۆنییەکان ڕاگەیاند.

بەرپرسانی ئێران دەڵێن هێرشەکەیان بنکەیەکی سیخوڕی "زایۆنی" پێکاوە، بەڵام بەرپرسانی هەرێم بە توندی ئەو تۆمەتەیان ڕەتکردۆتەوە و دەڵێن هیچ بنکەیەکی ئیسرائیل لە هەرێم بوونی نییە.

هێرشەکەی ئێران لەکاتێکدایە، تورکیاش ناو بەناو هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی سلێمانی و بەرپرسانی ئەو وڵاتەش هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی تر دەکەن، بە بیانووی چالاکبوونی پەکەکە لەو پارێزگایە.

فەرید ئەسەسەرد، سکرتێری پێشووی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بۆردومانکردنی سلێمانی لەلایەن تورکیا و موشەک بارانکردنی هەولێر لەلایەن ئێرانەوە هۆکارەکەی هەڵچوونی ناوچەکەیە. وایلێهاتووە هیچ لایەنێک ڕێز لە یاسای نێودەوڵەتی و سنورە نێودەوڵەتییەکان ناگرێت."

ئەو وتیشی، "دۆخەکە پەیوەندی بە ئێران و تورکیاوە نییە، هەموو ناوچەکەکە ئاڵۆز بووە و ئەمە بەشێکە لە تێکچوونی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی."

لە مانگی دەی ساڵی 2023ەوە، گەڕێکی نوێی ئالۆزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیپێکرد ئەوکاتەی حەماس هێرشێکی لە ناکاوی کوشندەی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و دوای ئەوە ئیسرائیل جەنگی "لەناوبردنی" حەماسی ڕاگەیاند.

لەوکاتەوە گروپە شیعەکانی نزیکی ئێران لە عێراق و سوریا هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا چڕکردۆتەوە، بەتایبەت لە هەولێر و پارێزگای ئەنبار.

فەرید ئەسەسەرد پێیوایە ململانێکان لەسەر ئاستی عێراق بەردەوام دەبن، چونکە ئێران و ئەمەریکا سیاسەتی تایبەت بەخۆیان هەیە و سوورن لەسەر جێبەجێکردنیان. "بۆیە هیچ ئومێدێک بۆ گەیشتنە سازان نییە."

ئەو دەڵێت، "کێشمەکێشی نێوان ئەمەریکا و ئێران لەسەر عێراق بەردەوام دەبێت، تا ئەوکاتەی لایەکیان نەرمی دەنوێنێت، هەرچەندە لە ئێستادا هیچ ئاماژەیەک بۆ ئەمە نییە."

لەگەڵ فراوانبوونی ئاڵۆزییەکان، چەندین بەرپرس و سیاسەتمەداری کورد هۆشدارییانداوە لەسەر تێوەگلانی هەرێم و دەڵێن دەبێت حکومەتی هەرێم هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی دراوسێی ڕابگرتێت. ڕۆژی سێشەممە سیاسەتمەداری کورد مەحمود عوسمان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێران لەو سیاسەتە ڕازی نییە کە کورد هەیەتی؛ لە حکومەت و بەتایبەت لە پارتی ناڕازییە. ئێران پێی وایە کورد زیاد لە سنوری خۆی لە گەڵ ئەمەریکا و تورکیا ڕۆشتووە."

وتیشی، " ئێران مەترسی زۆرە لەسەر کورد، دەتوانێت زەرەری گەورە لە کورد بدات."

لە بارەی پەیوەندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و ئێران، سکرتێری پێشووی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی پێیوایە هەرچەندە پەیوەندی یەکێتی لەگەڵ ئێران و پەیوەندی پارتی لەگەڵ تورکیا باشە، بەڵام ئەو دوو حزبە ڕازی نین پەیوەندییەکان بەو جۆرە وێنا بکرێت کە بەشێکی هەرێم سەربە ئێرانە و بەشەکەی تری سەربە تورکیایە.

لەسەر جموجۆڵەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر سلێمانی، فەرید ئەسەسەرد وتی، "گەر پەکەکە لە سلێمانی هەبێت ناتوانێت هیچ زیانێکی بۆ تورکیا هەبێت چونکە دوورن لە سنوری ئەو وڵاتەوە. پەکەکەی سەرسنور دەتوانێت سود لە کراوەیی سنور وەربگرێت و جوڵە بکات، بەڵام گەر پەکەکە لێرەش هەبێت هیچی بەرامبەر تورکیا پێ ناکرێت."

دوای هێرشەکەی شەوی 15 ی مانگی 1 ی 2024 ئێران بۆ سەر هەولێر، هەڵوێستی حکومەتی عێراق لە ئیدانە کردنی هێرشەکە و پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە مایەی سەرسوڕمانی چاودێرانی سیاسی بوو، بە تایبەت دەوترێت عێراق لە ژێر هەژموونی ئێراندایە.

لەوبارەیەوە فەرید ئەسەسەرد دەڵێت، "سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆک وەزیرانی هەموو عێراقە و هەولێریش بەشێکە لە عێراق، سەرباری لاوازی دەسەڵاتی عێراق بەسەر پارێزگاکانی هەرێمەوە. بەڵام بەفەرمی هەرێم بەشێکە لە عێراق، بۆیە دەبێت سەرۆکوەزیران ئەو هەڵوێستە بنوێنێت."

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر