دایکی ڕۆژنامەوان سلێمان ئەحمەد داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی کوڕەکەی دەکات کە نزیکەی سێ مانگە بێسەروشوێنە

دایکی ڕۆژنامەوان سلێمان ئەحمەد، داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی کوڕە نادیارەکەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەکات، کە ماوەی نزیکەی سێ مانگە لە کاتی گەڕانەوەیدا لە ڕۆژئاواوە بۆ هەرێمی کوردستان بێسەرو شوێنە.

سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەوانی بەشی عەرەبی ڕۆژنیوز و دانیشتووی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی 25ی مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو، کاتێک لە ڕۆژئاواوە دەگەڕیتەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام لە سیمێلکای سەر سنور دیارنامێنێت، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی سێ مانگ لە دیار نەمانی، دایکی داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی دەکات.

سوڵتانە ئەحمەد، دایکی سلێمان ئەحمەد، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" من دەنگی خۆم گەیاندە حکومەتی هەرێم، خێرە وەڵامی منتان نەدایەوە؟ من وەکالەتم کردەوە بۆ پارێزەر بەڵام ڕێگەیان نەدا پارێزەرەکەی ببینێت، من دەنگی خۆم گەیاندە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئەوانیش وەڵامیان نەدامەوە من دەمەوێت چارەنووسی کوڕەکەم ئاشکرا بکرێت."

وتیشی،" ئێمە کۆچبەری عەفرینین سلێمان کوری ئەم وڵاتە نییە، کوڕی عەفرین نییە، خێرە لێی ناپرسن، بۆچی لێی ناپرسن، سێ مانگە کوڕەکەم دەستگیرکراوە تاوانی چییە ، خێرە ڕێگە نادەن کەس بیبینێت لە ڕێگەی ئێوەوە داوا دەکەم چارەنووسی کورەکەم ئاشکرا بکرێت."

بە پێی مادەی 123 لە یاسای بنەما دادگەریە سزاییەکان، پێش لێکۆڵینەوە پێویستە لەسەر دادوەری لێکۆڵینەوە پرسیار بکات تۆمەتبار پێویستی بە پارێزەر هەیە یاخود نا. ئەگەر تۆمەتبار داوای پارێزەری کرد دەبێت هیچ وتەیەکی لی وەرنەگیریت هەتا پارێزەری بۆ دابین دەکرێت. وە دەبێت لە ماوەی 24کاتژمێردا وتەی تۆمەتبار وەربگیرێت و ئەگەر "ئیمکانیەتی" نەبیت پێویستە دادگا پارێزەری بۆی دابین بکات.

نەریمان ئەحمەد ، پارێزەرێک لە شاری سلێمانی کە لەلایەن خیزانی سلێمان ئەحمەدەوە ڕاسپێردراوە بۆ کارکردن لەسەر دۆسیەکە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لە ڕۆژی 11ی مانگی 11 سەردانی ئاسایشی دهۆکمان کرد وتیان لێرە نییە، لە ڕێگەی چەند ئازادکراوێکەوە لەو زیندانە ژمارەی ژوورەکەشی دەزانین کە لەوێیە، لە کۆتایی مانگی 12 خەڵک لە ناو زیندانەکەوە بە ناڕاستەوخۆ پێیان وتووین کە بەلێ سلێمان ئەحمەد لەوێیە."

وتیشی،" ئاسایش هەوڵی ڕێگریاندا لێمان کە نەبینە پارێزەری و پێیان وتین سلێمان لێرە نییە، هەرچەندە ئێمە قەراری حاکممان هەیە کە ببینە پارێزەری، بەڵام ئاسایشی دهۆک پێشێلی بڕیاری حاکمی کرد."

بە پێی بەیاننامەی سەنتەری میترۆ لە ڕێکەوتی 29ی مانگی 10، سلێمان ئەحمەد لە 1ی مانگی10 ی 2023، بە مەبەستی بەشداریكردن لە پرسەی باوكی "بەرێكاری یاسایی" سەردانی خانەوادەكەی لە حەلەب كردووە. هەر بەو رێكارە كە لە هەرێمی كوردستان بۆی كراوە لە 25ی مانگی دەی 2023 گەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام لەکاتی گەڕانەوەی خانەوادەكەی پەیوەندییان لەگەڵیدا پچڕاوە.

ڕۆژی 30ی مانگی دەی 2023 بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک ڕایگەیاندراوێکی لەسەر ئەم کەیسە بڵاوکردوە کە تێیدا هاتووە، هێزەکانی ئاسایش ، کادیرێکی پەکەکەیان بە ناوی سلێمان ئەحمەد دەستگیرکرد کە نابراو بۆ کاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەکەکە هاتوچۆی کردووە و بۆیە ڕاگیراوە و لە لێکۆڵینەوەکەشدا دانی بە کارەکانی خۆیدا ناوە، بۆیە ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە و بە پێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ڕاگرتنەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە کاری ڕۆژنامەنووسییەوە نییە."

دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم دۆسیەیە پەیوەندی کرد بە ئاسایشی گشتی هەولێرەوە، بەڵام هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون.

تا ئێستا هیچ ئەندامێکی خێزانەکەیی و پارێزەرەکەی نەیانتوانیوە، بە سلێمان بگەن و لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی ئەو ڕۆژنامەنووسە بن.

نەریمان ئەحمەد دەڵێت،" من پێم وایە ئەم دۆسیەیە لەسەرەتاوە دۆسیەیەکی لایەنگیرانە بووە، بە پێی زانیاریەکانی ئێمە تا ئێستاش دادوەری لێکۆڵینەوە نەیبینیوە، چونکە دەیانەوێت بە زۆر اعتراف بە سلێمان بکەن بەڵام سلێمان اعترافی نەکردوە کە تاوانباربێت."

هەرچی دایکی سلێمانە داوا لە بەرپرسان و حکومەت دەکات، گوێ لە داواکەی بگرن. سوڵتانە ئەحمەد دەڵێت،" من دەنگی خۆم دەگەیەنمە حکومەتی هەرێم و داوا لە مەسعود بارزانی دەکەم پێم بڵێن تاوانی کوڕی من چییە، من داوا لە بەڕێوەبەری خۆسەر دەکەم بۆچی دەستێوەردان لە دۆسیەی سلێماندا ناکەن، سێ مانگە کوڕەکەم گیراوە."