هەرێمی کوردستان لە کۆتایی مانگی یەکی 2024 نزیکدەبێتەوە و تا ئێستا مووچەی ئەم مانگە و 3 مانگی ڕابردوو دابەشنەکراون. ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت وەزارەتی دارایی عێراق ئامادەنییە هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت هەتاوەکو وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم لیستی تەواوی فەرمانبەرانی بۆ بەغدا دەنێرێت.
نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ناردنی 618 ملیار دینارەکە بەندە بە ناردنی لیستی ناوی موچە خۆرانی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، بەڵام وەزیری دارایی عێراق گوتی تا ئێستا ناوی 300 هەزار فەرمانبەر نێردراوە و وردبینی بۆ دەکرێت."
ڕۆژی یەکشەممە، 21ی مانگی یەکی 2024، لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق و وەزیری دارایی حکومەتی عێراق کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر کۆمەڵێک دۆسیەی پەیوەنداری دارایی، لە نێوانیان پرسی کێشەکانی هەولێر و بەغدا.
نەرمین مەعروف لە بارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند وەزیری دارایی عێراق، تەیف سامی، ئاماژەی بەوە کرد کە هەرێمى کوردستان لەساڵى 2023 هیچ داهاتێکى دارایی ڕادەستى حکومەتى فیدراڵ نەکردووە و هۆکارەکەی بۆ ئەوە گێڕاوەتەوە "هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە 25ی 3ی 2023 ڕاگیراوە و حکومەتی هەرێم داهاتی 3 مانگی سەرەتای 2023ی خەرجیکردووە پێش پەسەندکردنی بودجە."
وەزارەتی دارایی عێراق لە 17ی یەکی 2024 داوای لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی لە وەزارەتی دارایی هەرێم کرد، بەمەبەستی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، تا ئەو کاتەی هەمواری بودجەی ساڵی 2024 لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەند دەکرێت.
دەنگی ئەمەریکا زانیویەتی بەرپرسانی حکومەتی هەریم لەم داوایەی بەغدا نیگەرانن، بەهۆی ئەوەی پێیانوایە کەمکردنەوەی دەستەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم لەسەر ئەم پرسە وەڵامی دەنگی ئەمەریکای نەداوەتەوە.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وتەکانی وەزیری دارایی عێراقی ڕەتکردەوە. ئەو ئامادەنەبوو زانیاری زیاتر بدات بە دەنگی ئەمەریکا چونکە "چەندین جار وەڵاممان داونەتەوە."
لای خۆیانەوە، هەریەک لە سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆک وەزیرانی عێراق جەخت لە کۆتایی هێنان بە کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەنەوە.
نوسنگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆماری عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردوەتەوە کە دوێنی لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆمار لە بەغدا پێشوازیکردووە لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران. لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتتوە، "هەردوو بەرپرس باسیان لە پێویستی کۆتاییهێنان بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستور و یاسا و یەکلاییکردنەوەی دۆسێی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرا، بەشێوەیەک کە مافەکانیان و بژێوی ژیانیان مسۆگەربکات."
سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشنیاری کردووە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بخرێتە سەر بودجەی "حاکیمە" و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕەزامەندە. بەڵام ئەم هەنگاوە پێویستی بە هەموارکردنەوەی بودجەی ساڵی 2024 هەیە.
دواکەوتنی پارەدارکردنی حکومەتی هەرێم لە لایەن بەغداوە و سستی گەیشتن بە ئەنجام لە کۆبوونەوەکانی نێوانیان هاوکاتە لەگەڵ داوای کۆمەڵێک پەرلەمانتار و مووچەخۆر بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ لە بەغداوە مووچە بدرێت بە فەرمانبەرانی هەرێم.
موسەنا ئەمین ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ لە هەڵەبجە ڕایگەیاند، " خەڵکی کوردستان هێندە برسی کراون، دەستور و قەوارەی هەرێمیشیان بیرچووەتەوە. لە بێتوانایی حکومەتی هەرێمە خەڵکی کوردستان داوای موچەی ڕاستەوخۆ لە بەغدا دەکات."
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتیشی، "ئێمە نامانەوێت ئەو پارە بدرێتە دەست حکومەتی هەرێم، بەڵکو لەسەر حسابێکی تایبەتدابێت و چاودێری بکرێت لەلایەن هەردولاوە هەتا بۆ مووچە بەکاربهێنرێت."
پرسی ڕاستەوخۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە لایەن بەغداوە مشتومڕێکی زۆری لەسەرە و ڕوون نییە کە حکومەتی هەرێم دەچێتە ژێر باری گوشارەکان بەو پێیەی ئەو لایەنانەی دژی ئەم هەنگاوەن دەڵێن دەبێتە هۆی پوکانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان کە لە ڕابردوودا دەستەڵاتێکی خۆبەڕێوبەری فراوانی هەبووە.
Your browser doesn’t support HTML5