لەسێدارەدانی محەمەد قوبادلوو و فەرهاد سەلیمی لە ئێران، کاردانەوەی بەرفراوانی لێدەکەوێتەوە

فەرهاد سەلیمی -ئایینی کورد (ڕاست) و محەمەد قوبادلوو-گەنجێکی ئێرانی

لەسێدارەدانی محەمەد قوبادلوو، گەنجێکی خەڵکی پەرەندی تاران و فەرهاد سەلیمی، ئایینییەکی کوردی خەڵکی سەقز کە ڕۆژی سێ شەممە، 23ی مانگی یەک لە زیندانی قزلحەساری شاری کەرەج لەسێدارەدران، کاردانەوەیەکی بەرفراوانی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی بەدوای خۆیدا هێناوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەرکۆنەی لەسێدارەدانی محەمەد قوبادلوو و فەرهاد سەلیمی دەکات و هاوخەمی خۆی بۆ بنەماڵەکانیان دەردەبرێت و لە وەڵامێکدا بە نووسراوی بۆ دەنگی ئەمەریکا نووسیویەتی "ئێمە بەردەوامبوونی بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە دژی کەسانێک کە بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا کردووە، کە دوایینیان لەسێدارەدانی محەمەد قوبادلوویە، سەرکۆنە دەکەین.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەسێدارەدانی محەمەد قوبادلوو بە ناڕەوا ناودەبات و ئاماژەی بە ڕاپۆرتە پزیشکییەکان کردووە کە بە پێی ئەو ڕاپۆرتانە نەدەبوو لەسێدارە بدرێت.

سەبارەت بە لەسێدارەدانی فەرهاد سەلیمیش، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بە ڕاپۆرتەکانی ئەشکەنجەدان و دانپێدانانی فەرهاد سەلیمی کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە دادگاییکردنەکەی ناوبراو بە هیچ شێوەیەک دادپەروەرانە نەبووە.

لە ڕوانگەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە، تۆمەتەکان لەسەر بنەمای "ئاسایشی نەتەوەیی" بیانوویەکە لە دەستی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بۆ زیندانیکردن یان لەسێدارەدانی چالاکوانان و کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەو جۆرە تۆمەت و دادگاییکردنانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە قبوڵنەکراو ناوبردووە و لەبارەی فەرهاد سەلیمیەوە نووسیویەتی "پێویست بوو ئەو ئەمڕۆ لە ژیاندا بێت".

بە گوتەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، حکومەتی جۆو بایدن بەردەوام دەبێت لە پشتیوانییکردنی خەڵکی ئێران بە شێوەیەکی کردەیی و دەشڵێت ئەم کارە بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان و هاوبەش دەکات.

هەروەها گوتەبێژی نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ لە کاردانەوە بە لەسێدارەدانی محەمەد قوبادلوو، نیگەرانیی خۆی لە زیادبوونی ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە ساڵی ڕابردوودا لە ئێران دەربڕی.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ(Human Rights Watch)یش بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا سەرکۆنەی لەسێدارەدانی محەمەد قوبادلوو و فەرهاد سەلیمی کردووە و دەڵێت "دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە خێراییەکی ترسناک، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان چڕتر کردووەتەوە و 11 کەسی دیکەش لە ئێستادا لە ئێران مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەییش لەسێدارەدانی ئەو دوو گەنجەی دوای دادگاییکردنی نادادپەروەرانەی شەرمەزار کرد و گوتی "لەسێدارەدانی فەرهاد سەلیمی نموونەی مامەڵەکردنی کۆماری ئیسلامی ئێرانە لەگەڵ کەمایەتییە نەتەوەییەکانی ئێران" و دەشڵێت "دەسەڵاتی دادوەری بە نهێنی بڕیاری لە سێدارەدانی سەلیمی داوە لە کاتێکدا بنەماڵەکەی و پارێزەرانی چاوەڕوانی دووبارە دادگایی کردنەوەی ئەو گەنجە بوون.

لەسێدارەدانی ئەو دوو بەندکراوە سیاسییە لەنێۆ خەڵکی ئێرانیشدا کاردانەوەیەکی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە و شەپۆلێکی توڕەیی و ناڕەزایی لە سۆشیال میدیاکاندا لێکەوتوەتەوە و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێن لەسێدارەدانی ئەو دوو کەسە "تۆڵەسەندنەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە لە خەڵکی ئێران بەرامبەر بە کوشتنی تیرۆریستەکانی لە ناوچەکەدا."

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا/ڕادیۆ فەردا