وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم، لە سەردانەکەیدا بۆ سلێمانی تیشک دەخاتە سەر گرنگی پرۆژەی "هەژماری من"

وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی پارێزگای سلێمانی کرد و لەوێ تیشکی خستە سەر چەندین بابەت لەوانە پرۆژەی "هەژماری من" و دابەشکردنی مووچە.

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی پێشوازی کرد لە ئاوات جەناب نووری (ئاوات شێخ جەنات) و تیمی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە پرۆژەی " هەژماری من".

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومتی هەرێم لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت لە میانەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پارێزگاردا " باسی لە گرنگی و بایەخی پرۆژەی ( هەژماری من ) کرد کە پرۆژەیەکی ستراتیژی گرنگە و لەلایەن تیمێک لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی ئەنجام دەدرێت."

هەروەها دەشڵێت "وەزیری دارایی پشتیوانی پارێزگاری سلێمانی بۆ سەرخستنی پرۆژەکە بەرز نرخاند و ڕایگەیاند پرۆژەی ( هاژماری من ) پرۆژەیەکی گرنگ و پێویستی ئەم قۆناغەیە و بە تەواوبونی ئەو پرۆژەیە کێشەی کاش و نەبونی سیولە بەتەواوی چارەسەر دەبێت و لەلایەن بانکە تایبەتەکانەوە چەندین خزمەتگوزاری وەک پێدانی قەرز و سلفە پێشکەش بە فەرمانبەران دەکرێت، جگە لەوە فەرمانبەر دەتوانێت پرۆسەی حەواڵە و کڕینی کاڵا بە شێوەی ئەلکترۆنی و ڕاکێشانی پارە لە وڵاتان و چەندین کارئاسانی تر لەڕێی کارتی هەژماری منەوە ئەنجام بدات. "

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 28ی مانگی دووی ساڵی 2023 پرۆژەی "هەژماری من" ی ڕاگەیاند، کە پرۆگرامێکی گشتگیری داراییە بەمەبەستی دابینکردنی ژمارەی بانکی بۆ فەرمانبەران و هێزە ئەمنیەکان و خانەنشیانی کەرتی گشتی بۆ دەست ڕاگەیشتن بە موچەکانیان. سەرباری نزیکەی 150 هەزار موچەخۆر هەژماریان بۆ وەرگرتنی موچەکانیان لە داهاتوودا کردووەتەوە، بەڵام ئەمە پرۆژەیەکە کە بەشێک لە هاووڵاتیان متمانەیان پێی نییە.

پارێزگاری سلێمانی لە ڕاگەیاندنێکیدا لەسەر سەردانەکەی ئاوات جەناب نووری دەڵێت دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکرد" لە دیوانی پارێزگادا، پێشوازیکرد لە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی ئەنجومەنی وەزیرانی تایبەت بە پڕۆژەی (هەژماری من) و شاندی هاوڕێی، لە کۆبونەوەیەکدا باس لە بایەخی سیستمەکەو دەستپێکردنی پڕۆژەکە لە سلێمانی كرا."

پرۆسەی تۆمارکردنی" هەژماری من" تائێستا تەنها لە هەولێر و دهۆک دەستیپێکردووە، و هێشتا لە سلێمانی و هەڵەبجە دستیپێنەکردووە.

وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی چوارشەممەیدا دەشڵێت وەزیری دارایی لەگەڵ تیمی پرۆژەکە سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کردووە " لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەری بانکەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان. "

پارێزگاری سلێمانی لە ڕاگەیاندراوەکەیدا دەشڵێت لە کۆبونەوەکەی پارێزگاردا لەگەل وەزیری دارایی و ئابووری هەوڵەکانی وەزارەتی دارایی و حکومەتی هەرێمی کوردستان " بۆ دابینکردنی بودجەو مووچەو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوەو وابڕیارە لە سبەینێوە ڕێکارەکانی دابەشکردنی مووچە دەستپێبکەن."