لە ویلایەتێکی ئەمەریکا پڕۆژە یاسایەک بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن منداڵانی خوار تەمەن 16 ساڵ پەسەند دەکرێت

ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتی فلۆریدا لە ئەمەریکا یاسایەک پەسەند دەکات کە تەنانەت بەبێ گوێدانە پەسەندکردن و ڕەزامەندی دایک و باوکیش، بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ منداڵانی خوار تەمەنی 16 ساڵ قەدەغە دەکات.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی فلۆریدا ڕۆژی چوارشەممە 24ی مانگی یەک ئەو یاسایەی بە 106 دەنگی بەڵێ لە بەرامبەر 13 دەنگی نەخێر پەسەند کرد و لایەنگرانی یاساکە جەختیان لەوە کردەوە کە منداڵان لە سۆشیال میدیا ڕووبەڕووی "قسەی ڕەق و هەراسانکردنی سێکسی" دەبنەوە و بەکارهێنانی ئەو تۆڕانە منداڵان تووشی خەمۆکی و خۆکوشتن و ئالوودەبوون دەکات.

یاساکە بە دیاریکراوی ئاماژەی بە ناوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەداوە، بەڵکو جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر جۆرە سۆشیال میدیایەک کە بەدواداچوون بۆ چالاکیی بەکارهێنەران بکات و ڕێگە بە منداڵان بدات بابەت بڵاوبکەنەوە یان رێگەیان بداتێ بە شێوەیەکی مەجازی لەگەڵ کەسانی دیکەدا پەیوەندیان هەبێت، ئەوا تایبەتمەندی ئالوودەبوونیان هەیە و ئەگەری ئەوە هەیە منداڵان تووش بکات و بۆیە نابێت لەلایەن منداڵانی خوار تەمەن 16 ساڵانەوە بەکاربهێنرێن.

تایلەر سیرۆیس، نوێنەرێکی کۆماری و یەکێک لە لایەنگرانی پەسەندکردنی ئەو یاسایە بە ئاماژەدان بە تایبەتمەندی گیرۆدەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەڵێت "دروستکەرانی ئەم تۆڕانە سوود لە گەورەبوونی منداڵ وەردەگرن. منداڵان ڕادەکێشن بۆ ناو تۆڕەکان و لە ڕێگای هەر لایکێکەوە، دۆپامینیان پێ دەبەخشن و بەم شێوەیەش ئالوودە و گیرۆدەی تۆڕەکانیان دەکەن."

میشێل ڕاینەر، نوێنەرێکی دیموکراتەکانیش کە پشتیوانی لە یاساکە کردووە، لە بارەی زیانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ منداڵان دەڵێت "کاتێک هەواڵی مردنی دایکمم لەو تۆڕانە بڵاوکردەوە، سەرنج و قسەی ڕقاوی زۆرم لەلایەن بەکارهێنەرانەوە پێگەیشت."

دەشڵێت "من تەمەنم 42 ساڵە و توانیومە بەرگەی ئەو کۆمێنتانە بگرم کە ئازاریان داوەم، بەڵام بیهێنە بەرچاوت کە منداڵەکانمان بە چیدا تێدەپەڕن کاتێک هاوڕێکانیان بە شێوەی ئۆنلاین هەراسانیان دەکەن و ڕووبەڕووی قسەی ڕەق دەبنەوە."

ئەو ژمارە کەمەی یاسادانەرانی ویلایەتی فلۆریدا کە دژی ئەو یاسایە بوون، دەڵێن یاساکە لەگەڵ هەمواری یەکەمی ئەمەریکادا ناکۆکە و منداڵان لە هەندێک سوودی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بێبەش دەکات و بڕیاری بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن منداڵانەوە دەبێ تەنها بۆ دایک و باوکیان جێبهێڵرێت.

یاساکە کە دەبێت لە لایەن ئەنجومەنی سیناتی ویلایەتەکەشەوە پەسەند بکرێت، منداڵان لە بەکارهێنانی ئاپەکانی ناردنی نامە بە شێوەی تایبەتی قەدەغە ناکات.

یاساکە داوا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات هەر ئەکاونتێک کە منداڵی خوار تەمەنی 16 ساڵ بەکاری بهێنێت، بلۆکی بکات و هەموو زانیارییەکی ئەکاونتیش بسڕێتەوە.

کۆمپانیای مێتا کە خاوەنی فەیسبووک و ئینستاگرامە، داوای لە ئەنجومەنی یاسادانانی فلۆریدا کردووە بەدوای چارەسەرێکی دیکەدا بگەڕێن، وەک داواکردنی ڕەزامەندی دایک و باوکەکان بۆ دابەزاندنی ئەپەکان.

هەروەها مێتا داوای کردووە ئەم پرسە لەبری ئەوەی لەلایەن کۆمەڵێک یاسادانەرانی ویلایەتەکانی ئەمەریکا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، لەسەر ئاستی نیشتمانی (فیدراڵی) بخرێتە بەر باس.

ویلایەتی یوتا ساڵی ڕابردوو یاسایەکی هاوشێوەی لە ئەنجومەنی یاسادانانی ویلایەتەکەدا دەرکرد کە بووە مۆدێلێک بۆ ویلایەتی ئارکانساس، لویزیانا، ئۆهایۆ و تەکساسیش.

هەندێک لە ویلایەتەکانی دیکەی ئەمەریکا بیر لە یاسای هاوشێوە دەکەنەوە، بەڵام زۆربەیان تا ئێستا قەدەغەکردنی تەواوەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان لەلایەن منداڵانەوە پەسەند نەکردووە.

سەرچاوە/AP