سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هێرشەکەی شەوی پێنجشەممەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر جیاواز بووە لەو هێرشانەی پێشتر کراونەتە سەر کێڵگەکە، ئامانج لە هێرشەکەش لێدانبووە لەکەرتی کارەبا و وزەی هەرێم.
سەرچاوە ئاگادارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هێرشەکانی پێشووی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر زیاتر پەیامیان لە پشتەوەبووە و ئامانجەکانیان نەدەپێکا، بەڵام لە هێرشەکەی شەوی پێنجشەممەدا سەرچاوەی غازو کارەبا کراوەتە ئامانج."
سەرچاوەکە وتیشی، "لە هێرشەکەدا کۆگای گازی شل کراوەتە ئامانج، بۆیە بەرهەمهێنانی غاز ڕاگیراوە و زیان بە کارەبای نیشتمانیش گەیەنراوە، بەجۆرێک ڕەنگە بەمنزیکانە دۆخەکە ئاسایی نەبێتەوە."
کێڵگەی گازی کۆرمۆر بەیەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی گاز و کارەبای هەرێمی کوردستان دادەنرێت و کۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی سەرکارە تێیدا. ڕۆژانە نزیکەی 5 ملیۆن پێ سێجا غاز لەو کێڵگەیە بەرهەم دەهێنرێت.
بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم، هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر ڕەوانەکردنی غازی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا ڕاگرتووە و زیاتر لە 2800 مێگاوات بەرهەمهێنانی کارەبای کەمکردووەتەوە.
دەنگی ئەمەریکا چەند جارێک پەیوەندی بە ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمیش لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە کێڵگەکەدا. تیمەکانی وەزارەت و کۆمپانیای دانەگاز سەرقاڵی چارەسەرکردنی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی گازن.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پارێزگای سلێمانی کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هێرشەکە کۆگای گازی شل و کۆندێنسەیتی کردووەتە ئامانج. لە ترسی ڕوودانی کارەساتی گەورە بەرهەمهێنانی گاز ڕاگیرا. دەزگا ئەمنییەکانیش سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن."
هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر کاردانەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتانی، لە نێوانیان ئەمەریکا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا، لێکەوتەوە.
ئالینا ڕۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئیدانەی هێرشەکەی کرد و ڕایگەیاند، "هێرشەکە ژێر خانی کێڵگەکەی وێرانکرد و لە ناوەڕاستی زستاندا ملیۆنان کەس بێ کارەبا بوون."
رەمک ڕەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە"
هەرچەندە بەشێک لە میدیا کوردییەکان ئاماژەبەوە دەکەن هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە ڕێگەی موشەکەوە ئەنجامدراوە، بەڵام هەریەک لە کۆمپانیای دانەگاز و دامودەزگا فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم هێرشەکەیان بە هێرشی درۆنی ناوبردووە.
چوار سەرچاوەی حکومەتی هەرێم بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاماژەیان بەوەکرد، لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن، بەڵام گومان دەکرێت هێرشەکە لە ڕێگەی درۆنەوە ئەنجامدرابێت، بەو پێیەی هێرشەکە ئامانجەکەی پێکاوە.
لە مانگی 8 ی ساڵی 2022، لە ماوەی هەفتەیەکدا سێ جار و لە مانگی 1 ی ساڵی 2023 ش هێرشی موشەکی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، هێرشەکانی ئەوکات لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە و لە ناوچەکانی داقوقی پارێزگای کەرکوک و خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدینەوە ئەنجامدەدران.
سەرچاوەکان دەڵێن ئەوەی گومانی جیاوازی لە سەر هێرشە موشەکیەکەی شەوی پێنجشەممە دروستکردووە لە ڕێگەی بۆمب یان موشەکەوە بووبێت ئەوەیە، ئەو کۆگایەی کراوەتە ئامانج و گڕیگرتووە کۆگایەکی ئەستورە و ئەستەمە لە ڕێگەی درۆنەوە تێکبشکێنرێت.
سەرچاوەیەکی باڵای بەرپرس لە قەزای خورماتوو، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هێرشە موشەکییەکانی ساڵانی ڕابردووی سەر کۆرمۆر لە سنوری داقوق و خورماتووەوە ئەنجامدەدران و چەند جارێکیش دەستگیرکراوە بەسەر ئۆتۆمبێل و سەکۆ موشەکییەکاندا. دەنگی تەقینەوەش لە کاتی هەڵدانی موشەکەکاندا دەبیسترا، بەڵام شەوی ڕابردوو هیچ دەنگێک نەبیستراوە."
ئەمڕۆ هەینی سەرۆکی حکومەتی هەرێم مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا وتی، "ئەو هێرش و پەلامارە هەمەجۆرانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، هەوڵی دوژمن و نەیار و خائینانە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم و پێیان وایە بەم هێرش و فشارە بەردەوامانە، کوردستان هەرەس دەهێنێت."
مەسرور بارزانی سوپاسی هەڵوێستی وڵاتانی دۆستی هەرێمی کردووە لەسەر هێرشەکان، بەڵام دەڵێت، "بە لێدوان و شەرمەزارکردن، کۆتایی بەم پیلان و هێرشە ناڕەوایانە نایەت و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەیان ناکات."
هاوکات هەر ئەمرۆ هەینیش سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە هێرشکردنە سەر کۆرمۆر دەرکرد و ڕایگەیاند دەبێت لە 48 کاتژمێردا ئەنجامەکەی پێبدەن. محەممەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند، "مەبەست لەو جۆرە کارانە کردنە ئامانجی ئابووریی گەلی عێراقە و ئەو گرووپەی ئەو کارە تاوانکارییەی ئەنجامداوە بە سزای خۆیان دەگەیێندرێن".
Your browser doesn’t support HTML5