لە دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر کە بووە هۆی دروستبوونی گرفت لەبەردەم کارەبای نیشتیمانی لە هەرێمی کوردستاندا، سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی ئەمڕۆ هەینی لە پەیامێکی تونددا هێرشی کردە سەر "خائین" و "خۆفروش و خاکفرۆش و کۆیلەی ناحەزان."
هەرچەندە مەسرور بارزانی ناوی هیچ لایەنێکی نەهێنا، وتەبێژی حکومەتی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت"زۆر ڕوونە" سەرۆکوزیران مەبەستی کێیە.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "سەرۆکی حکومەت بە بێ ئەوەی ناویان بهێنێت، ئەوانەی لەو چوارچێوەیەن خۆیان تێدەگەن. جەنابیان دەزانێت کە بە کێ دەڵێت و ئەوانەش کە ئەو توێژەن خۆیان لێی تێدەگەن کە بەکێیەتی."
ململانێی سەرەکی پارتی لەگەڵ یەکێتی و پەکەکە دەیان ساڵە بەردەوامە. بەڵام وتەبێژی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی ئامادەنەبوو ناوی هیچ لایەنێک بهێنێت.
پێشەوا هەورامانی وتی، "زۆ ڕوونە تەفسیری ناوێت، لەهەموو شوێنێکی ئەم دونیایە خەڵک هەبووە خیانەتی کردووە."
دوێنێ پێنجشەممە، 25-01-2024، نزیکی کاتژمێر 11ی شەو بە کاتی هەولێر، هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و بەهۆی هێرشەکەوە کۆگایەکی هەڵگرتنی سووتەمەنی گڕیگرت.
کێڵگەکە بەیەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی گاز و کارەبای هەرێمی کوردستان دادەنرێت و کۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی سەرکارە تێیدا. ڕۆژانە نزیکەی 5 ملیۆن پێ سێجا غاز لەو کێڵگەیە بەرهەم دەهێنرێت.
بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم، هێرشەکە ڕەوانەکردنی غازی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا ڕاگرتووە و زیاتر لە 2800 مێگاوات بەرهەمهێنانی کارەبای کەمکردووەتەوە.
مەسرور بەرزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو هێرشەنەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "هەوڵی دوژمن و نەیار و خائینانە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم و پێیان وایە بەم هێرش و فشارە بەردەوامانە، کوردستان هەرەس دەهێنێت. ووتەبێژی سەرۆکی حکومەت دەڵێت پەیامەکەی سەرۆکی حکومەت ڕوونە و دوژمن و خائینان خۆیان دەزانن لەگەڵ کێیەتی .
ئەمڕۆ هەینی 26-01-2024 مەسرور بەرزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی توندی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە، "ئەو هێرش و پەلامارە هەمەجۆرانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، هەوڵی دوژمن و نەیار و خائینانە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم و پێیان وایە بەم هێرش و فشارە بەردەوامانە، کوردستان هەرەس دەهێنێت."
مەسرور بارزانی سوپاسی هەڵوێستی وڵاتانی دۆستی هەرێمی کوردستانی کردووە لەسەر هێرشەکان، بەڵام دەڵێت، "بە لێدوان و شەرمەزارکردن، کۆتایی بەم پیلان و هێرشە ناڕەوایانە نایەت و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەیان ناکات."
سەرۆکی حکومەت لە بەیاننامەکانیدا چەند جارێک وشەی " دوژمن و خائین" بەکاردەهێنێت بە بێ ئەوەی بە شێوەیەکی ڕوون دەستنیشانیان بکات.
دەشڵێت، "داوا لە خەڵکی کوردستانیش دەکەم، بە خۆڕاگری و ورەیەکی بەرزەوە، ڕووبەڕووی ئەو پیلانانە ببنەوە و هەستی نیشتمانپەروەرییان هەر بەهێز بێت و ڕێگە بە خۆفروش و خاکفرۆش و کۆیلەی ناحەزان نەدەن، کوردستان و خەبات و دەستکەوتەکانی، بکەنە قوربانیی ترسنۆکی و تەماعی و بێویژدانیی خۆیان."
لەچوارچێوەی ئەو هێراشانەی کە بە موشەک و درۆن دەکرێنە سەرهەرێمی کوردستان، زۆرجار باس لە پێدانی زانیاری هەواڵگری دەکرێت بە وڵاتانی دەرەوە و ئەو گروپانەی کە هێرشەکان ئەنجام دەدەن.
بەڵام پەیامەکەی سەرۆکی حکومەت هیچ ئاماژەیەکی لەمبارەوە تێدا نەبوو، وە هەروەها وتەبێژی حکومەت ئامادەنەبوو لەسەر ئەم پرسە لێدوان بدات.
سەرچاوەیەک لە یەکێتی نشتیمانی کوردستان کە نەیوست ناوی بڵاوبکرێتەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هێرشەکان وابەستەی پەیوەندی لایەنە سیاسیەکان نین لەگەڵ وڵاتانی
دراوسێ، پێشتر شوێنێک لە هەولێر بەرهێرشەکان دەکەوت، هەندێک تۆمەت دەخرانە پاڵ لایەنە سیاسیەکان، بەڵام دوێنێ کۆڕمۆ بۆردومان کراوە کە سنوری یەکێتی یە."
ئەو سەرچاوەیەی یەکێتی وتیشی، "هێرشەکەی کۆرمۆ بەڵگەی ئەوەیە ئەو قسانەی دەکرێن هەمووی تۆمەتن."
لەگەڵ زیادبوونی هەڕەشە ئەمنییەکان بۆ سەر هەرێم، هاوکات لە ئێستادا پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و پەکەکەش گرژی زیاتریان تێکەوتووە.
لە دوایین پێشهاتدا، سەرەتای ئەم هەفتەیە پێکدادان لە نێوان چەکدارانی پەکەکە و هێزەکانی زێرەڤانی دروستبوو لە سنوری ئامێدی و هەردوو لا یەکترییان تۆمەتبارکرد بە "خیانەت".
Your browser doesn’t support HTML5