کەتائیبی حزبوڵای عێراق: هێرشەکانمان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا ڕادەگرین

پاش ئەوەی کاربەدەستانی ئەمەریکا ڕایانگەیاند کاردانەوەی توندیان دەبێت لە بەرامبەر ئەو هێرشەی کرایە سەر بنکەیەکی سەربازی لە ئوردن و بووە هۆی گیان لەدەستدانی 3 سەربازی ئەمەریکا و برینداربوونی زیاتر لە 30 سەرباز. گروپی ناسراو بە کەتائیبی حزبوڵا ڕۆژی سێشەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا ڕادەگرن.

کەتائیبی حزبوڵای عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی بێپێشینەدا دەنووسێت "هەنگاونان بە ڕێگایەکی دڕکاویدا سەختە و باجەکانیشی گەورە دەبن و ئەوانەی بەو ڕێگایەدا دەڕۆن دەزانن، بەهاکەی چەندێک گەورە بێت، هێشتا کەمە لەبەردەم بەدەستهێنانی ڕازیبوونی خودا و پشتیوانی لە خەڵکی بێدەسەڵاتدا. "

ئەبو حسێن حەمداوی، ئەمینداری گشتی لیواکانی حزبوڵای عێراق پاشان دەڵێت،"کەتائیبی حزبوڵای موقاوەمەی ئیسلامی، بڕیاری خۆیدا بۆ پشتیوانکردنی کەسوکاری ستەم لێکراوی خۆڕاگری غەززە، ئەو بڕیارەش بڕیاری خۆمان بووە و بە خواستی خۆمان بووە بەبێ دەستهەبوونی هیچ لایەنێک؛ برایانمان لە موقاوەمەی ئیسلامی و بە تایبەتیش کۆماری ئیسلامی هەرگیز ئاگاداری کاری جیهادیانەی ئێمە نین و زۆر جاریش لەگەڵ فشارەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرەنگاربوونەوەمان نەبوون دژی هێزەکانی داگیرکاری ئەمەریکا لە عێراق و لە سوریاشدا. ئێمەش وەک وابەستەیی بە ئەرکی مرۆڤانە و ئاینی خۆمان، بە ژیری کاری خۆمان کردووە و لە قورسترین کاتە سەختەکانیشدا بە وردی هاوسەنگی ڕەوایی و کاری ئاکاریمان بەکارهێناوە."

ئێمە کردە لەشکری و ئاسایشییەکانمان بۆ سەر هێزە داگیرکارەکان ڕادەگرین تا حکومەتی عێراق نەکەوێتە بەردەم ئاڵنگارییەوە و بەردەوامیش دەبین لە داکۆکیکردن لە کەسوکارمان لە غەززە و موجاهیدینەکانی کەتائیبی حزبوڵا ڕادەسپێرین ئەگەر هەر کردەیەکی ئەمەریکا کرا بەرامبەریان ئەوا تەنها لەو کاتەدا داکۆکی لە خۆتان بکەن."