مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەو کاتەی پەرلەمانی عێراقی لە پۆستەکەی دا. ئەگەرچی چەند جار بە چەند کاندیدێکی جیاواز لە ناو هۆڵی پەرلەمانی عێراقەوە هەوڵی دەنگدان لەسەر کەسێک بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکەی حەلبوسی درا، بەڵام هێشتا وەک باس دەکرێت بەهۆی کێشمە کێشمی لایەنە سیاسییەکان نەتوانراوە دەنگ لەسەر کاندیدێک بدرێت بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
دەپرسین:
چی لە بەغداد دەگوزەرێت و بۆچی هەتا ئێستا ئەو پۆستە پڕ نەکراوەتەوە؟
کێ لە پشت دانەنانی سەرۆکی پەرلەمانە و هەتا چەند بانگەشەی لایەنە سیاسییە عێراقییەکان بۆ تۆمەتبارکردنی یەکتر ڕاستە؟
ئەو ماددە دەستوری و یاساییانە چین کە ڕێگە دەدەن پەرلەمان بێ سەرۆک بێت و جێگرەکانی دانیشتنەکان بەڕێوەببەن؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاوتوێی هۆکارەکانی دواکەوتنی دەنگدان لەسەر کاندیدی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکەین بە میوانداری بەڕێزان:
١-دارا سێکانانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی.
٢-شوان داودی، نوسەر و چاودێری سیاسی و پەرلەمانتاری خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق.
٣-دانا شەهید جەزا، بە هەمان شێوە چاودێر و پەرلەمانتاری خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق.
٤- پارێزەر ئومێد مەحمود، یاسا ناس و ئەندامی ژووری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان.
Your browser doesn’t support HTML5
دارا سێکانانی:
بەداخەوە کورد وەک بابەتەکانی تریش یەک دەنگ نیە لەسەر پشتگیریکردن لە کاندیدێکی دیاریکراو لە پۆستی سەرۆک پەرلەمانی عێراق، ئێمە لە فراکسیۆنی یەکگرتوو پڕۆژەیەکمان خستە بەردەم فراکسیۆنە کوردییەکان کە هەمووان بەیەک پاکێج ئەم داواکارییانە بخەینە بەردەم کاندیدەکانی سەرۆکی پەرلەمان کە بریتی بوون لە یەکەم، جیاکردنەوەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد لە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم.
دووەم، دەنگدان لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، سێییەم، خەرجکردنی قەرەبوو بۆ زیندانیانی سیاسی و شەهیدان و قوربانیان هاوشێوەی ئەوانەی عێراق. بەڵام بەداخەوە وەڵامدانەوەی پێویست نەبوو، ئێستا هەر لایەنە پشتگیری کاندیدێکی سەرۆکی پەرلەمان دەکات و دەنگی خۆی پێدەدات.
شوان داودی:
هێزە کوردییەکان لە چوارچێوەی جەمسەرە هەرێمییەکان پشتگیری لە کاندیدەکانی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکەن، واتە هێندەی بە خواستی جەمسەرەکانە هێندە بەخواستی خۆیان نیە و ئیرادەی خۆیان نیە، ئەو دابەشبوونەی حزبە کوردییەکانیش بەسەر جەمسەرە هەرێمییەکان وایکردووە کە ئەمڕۆ قەوارەی هەرێم لە مەترسیدا بێت، تەنانەت بەرپرسانیش خۆیان باس لەو مەترسییە دەکەن، ئەگەر کورد یەک دەنگ بووایە لەسەر دەنگدان بە کاندیدێک ئەوا دەیتوانی مەرج دابنێ بۆ لایەن و کاندیدەکانیان بەڵام بەداخەوە ئەو دابەشبوونەی باسمکرد جگە لە مەرج و دەسکەوتی حزبی ناتوانرێت مەرجی نەتەوەیی دابنرێت.
دانا شەهید جەزا:
ململانێ لەسەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە جۆرێکە کە هەر لایەنێک دەیەوێت کەسی نزیک لە خۆی لەو پۆستەدا دابنێ، تەنانەت ململانێی هەرێمیش هەیە، ئەوەش لەبەر گرنگی ئەو پۆستە هەم لە ڕووی دەسەڵاتەکەی وە هەم لەبەر ئەوەی هەرەمی دەسەڵاتی چاودێرییە.
پێویستە کورد یەک هەڵوێست بێت لە بابەتە نەتەوەییەکان و پەیوەست بە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لەم کاتەدا کە کاتێکی مەترسیدار و هەستیارە، بڕوانن خەڵکی کوردستان زۆر سەربەرزانە ئەم قۆناغەیان تێپەڕاندووە، وەڵاهی لە هەر وڵاتێکی تری ئەوروپا فەرمانبەر سێ مانگ موچەی نەدرێتێ وەڵاهی خەڵک دنیا وێران دەکات، بەڵام لێرە خەڵکی کوردستان، خەڵکێکی زۆر خۆڕاگرە و زۆر هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات، هەست بەوەش دەکات ئەگەر هەندێک کەموکورتی و کێشەی ئیداری لە هەرێم هەبێت، بەڵام خەڵکی هەرێم تێدەگات کە بەشێک لە کێشە گەورەکان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دێت بە مەبەستی لە قاڵبدانی هەرێم و نەمانی قەوارەی هەرێم، لەم بابەتەدا پێویستە لایەنە سیاسییەکان یەک دەنگ بن بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم، نەک هەندێک بابەتی تر کە زۆر پەیوەندیدارە بە خەڵکی کوردستانەوە ئاساییە لەوەدا لایەنەکان پەیوەندییان لەگەڵ لایەنەکانی تر هەبێت.
پارێزەر ئومێد مەحمود:
لە دەستوری عێراقی و یاساکان باسی پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نەکراوە کە بە هەر هۆکارێک ئەو پۆستە چۆڵ ببێت تەنها لە دەستوردا باسی دیاریکردنی لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان کراوە، تەنها لە پەیڕەوی ناوخۆ باسکراوە ئەویش باس لە وادەیەکی دیاریکراو نەکراوە بۆ ئەو پۆستە، هەرچەندە دیاریکردنی وادە ڕەنگە ئەو گرنگیەی نەبێت چونکە بینیمان لە دەستوری عێراقدا دیاریکراوە کە دەبێت سی ڕۆژ لە ماوەی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت، بەڵام بینیمان لە دواین هەڵبژاردن ئەوە نەکرا و تانەش درا لەسەر بەسەرچونی وادەکە، بەڵام ئەگەرچی ماددەکە بە ڕوونی ئاماژەی پێکردووە بەڵام دادگای فیدراڵی بڕیاریدا کە دەتوانرێت هەوڵەکان بەردەوام بێت بۆ دەنگدان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار.