ئەمەریکا تاوتوێی 'چەندین کردار' دەکات بۆ وەڵام دانەوەی لایەنەکانی سەر بە ئێران، ئێرانیش دەڵێت هەڕەشەی ئەمەریکا بێ وەڵام نابێت

بەرپرسێکی ئەمەریکایی کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت بە کەناڵی ئەی بی سی نیوز(ABC News) ی ڕاگەیاندووە وەڵامی ئەمەریکا بۆ هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە کە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو بوو بە هۆی کۆژرانی سێ سەربازی ئەمەریکایی لە ئوردن، "لە چەند ڕۆژی داهاتوودا" دەستپێدەکات و لە "چەند ئامانجێک" دەدات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئەی بی سی نیوز، ئەو بەرپرسە گوتویەتی "ئەمانە هێرشی زۆر ورد و پلان بۆ داڕێژراو دەبن بۆ سەر ئەو دامەزراوانە و ئەو کەسانەی کە ئاسانکارییان بۆ ئەو هێرشانە کردووە دژی هێزەکانی ئەمەریکا."

هەرچەندە کاربەدەستانی ئەمەریکا باس لەوە ناکەن کە ئەم ئامانجانە لە ناوخۆی ئێران دەبن یان لە دەرەوەی ئێران، بەڵام جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە لە کاتی چوونەدەرەوەی لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە بڕیاریان داوە چۆن وەڵامی هێرشی میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران بدەنەوە.

لە هەمان کاتدا جۆو بایدن، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا کۆماری ئیسلامی بەرپرسیارە یان نا، گوتی "تاران گرووپە بە وەکالەتەکانی پڕچەک دەکات" و گوتیشی "من ئەوان بە بەرپرسیار دەزانم لە دابینکردنی چەک بۆ ئەو کەسانەی کە ئەم کارانە دەکەن."

لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، ئەمەریکا "بەدوای شەڕێکی فراوانتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناگەڕێت".

هاوکاتی ئەم لێدوانانە سەبارەت بە هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر بنکەکانی هێزەکانی سەر بە ئێران، حسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران ڕۆژی چوارشەممە 31ی مانگی یەک لە وتارێکدا لە تاران گوتی "سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی و هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئامادەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە هەڕەشەیەکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

حوسێن سەلامی گوتی "هەندێکجار دوژمنان هەڕەشە دەکەن و لەم ڕۆژانەدا گوێمان لە هەندێک هەڕەشە و قسەی بەرپرسانی ئەمەریکایی دەبێت، پێیان دەڵێین ئێوە ئێمەتان تاقیکردۆتەوە و ئێمەش ئێوەمان تاقیکردوەتەوە و یەکتر دەناسین و هیچ هەڕەشەیەک بێ وەڵام ناهێڵینەوە و ئێمە بەدوای شەڕدا ناگەڕین، بەڵام لە شەڕ ناترسین و ئەمەش ئەو ڕاستییەیە کە لە کۆمەڵگاکەماندا دەگوزەرێت".

هەر لەم چوارچێوەیەدا نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو هەواڵانەی سەبارەت بە ناردنی چەندین پەیامی واشنتن بۆ تاران لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ئێران وەڵامی یەکلاکەرەوە بۆ هەر هێرشێک دەداتەوە.

پێشتر کەناڵی ئەلجەزیرە لە زاری بەرپرسێکی ئێرانییەوە بڵاویکردبووە کە دوابەدوای هێرش بۆ سەر بنکەیەکی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ئوردن و کوژرانی سێ سەربازی ئەمەریکایی، واشنتن لە ڕێگەی وڵاتێکی سێیەمەوە پەیامی بۆ ئێران ناردووە.

نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە "پەیامی لەو جۆرە ئاڵوگۆڕ نەکراوە. سەرەڕای ئەوەش، ئەوە سیاسەتی بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە ئەگەر هەر لایەنێک لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران هێرش بکاتە سەر خاکی ئێران یان بەرژەوەندییەکان و هاووڵاتیانی ئێران لە ناوچەکەدا، ئەوا ڕووبەڕووی وەڵامێکی یەکلاکەرەوە و بەهێز دەبێتەوە."

سوپای ئەمەریکا بەردەوامە لە لێکۆڵینەوەکانی سەبارەت بەوەی کە چۆن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری دوژمن توانیوێتی بگاتە بنکەیەکی سەربازی دوورەدەستی ئەمەریکا لە ئوردن.

سێ بەرپرسی ئەمەریکایی کە بەهۆی وردەکارییە هەستیارەکانی بەرەکانی شەڕەوە داوایان کردووە ناویان ئاشکرا نەکرێت، باس لەوە دەکەن کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی دوژمن بە شێوەیەکی ڕێکەوت هاوکاتی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سیخوڕی ئەمەریکا لە بنکەکە نزیک بووەتەوە و ئەم ڕێکەوتەش بووەتە هۆی سەرلێشێواوی هێزی بەرگری ئەمەریکا بۆ کاردانەوەی بەرامبەر بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە.

دوای کوژرانی سێ سەربازی ئەمەریکایی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئوردن، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە هێرشی ئەو گرووپانە بڵاویکردەوە "ئەو هێزانە لە دوای 7ی مانگی دەوە و دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، زیاتر لە 150 جار هێرشیان کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.