دوای هێرشە کوشندەکەی سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمەریکا و کوژرانی سێ سەربازی وڵاتەکە، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئەمەریکا چاوەڕوان دەکات حکومەتی عێراق یارمەتیدەر بێت لە دەستنیشانکردن و پەکخستنی تۆڕی دارایی ئەو گروپە چەکدارانەی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.
پنتاگۆن ڕایگەیاندووە لە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی سەر بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکا لە نزیک سنووری ئوردن و سوریا، هەندێک ئاماژەی جێدەستی گروپی چەکداری عێراقی کەتایب حزبوڵڵای لەو هێرشەدا دەستکەوتووە، هەرچەندە هێشتا هەڵسەنگاندنی کۆتایی نەگەیشتووەتە ئەنجام.
تاقمە چەکدارەکانی عێراق کە کۆماری ئیسلامی ئێران پاڵپشتیان دەکات، لە سەرەتای شەڕی غەززەوە تا ئێستا زیاتر لە 150 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، "ئێستا لە دۆخێکداین کە هاووڵاتیانی ئەمەریکایی لە ئوردن دەکوژرێن."
ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەم گرووپە چەکدارانە بەگشتی ئەو گروپانەن کە بەشێوەیەکی چالاکانە حکومەتی عێراق و سیستەم و پێکهاتەی دارایی ئەو وڵاتە بۆ بەردەوامبوونی کردەوەکانیان بەکاردەهێنن و ئێمە پێویستە ڕاستەوخۆ چارەسەری ئەم بابەتە بکەین".
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی خەزێنە گوتی "ڕاستگۆیانە قسە بکەن، لە ڕوانگەی وەزارەتی خەزێنەوە پێموایە ئەوە ڕوونە کە پێویستە هاوکاری زیاترمان هەبێت لە هاوبەشکردنی زانیارییەکان لەگەڵ یەکتر و دەستنیشانکردنی چۆنیەتی کارکردنی ئەو گروپە میلیشیایانە لە عێراقدا."
عێراق وەک حاڵەتێکی دەگمەن هاوپەیمانی هەردوو وڵاتی ئەمەریکا و ئێرانە و ئەو وڵاتە زیاتر لە 100 ملیار دۆلار دراوی لە ئەمەریکا هەیە و هەر بۆیە زۆر پشت بە نیازپاکی واشنتن دەبەستێت بۆ دڵنیابوون لەوەی دەستڕاگەیشتنی بە داهاتی نەوت و سەرچاوە داراییەکانی ڕێگری لێ نەکرێت.
حکوومەتی ئێستای عێراق بە پاڵپشتیی لایەنە زلهێزەکان و گرووپە چەکدارەکان و هەروەها بە پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بەرژەوەندیی زۆری ئابووری بە شێوەیەکی نافەرمی لە عێراقدا هەیە، هاتە سەر دەسەڵات. ئەم ئابوورییە نافەرمییە، بە کەرتی داراییشیەوە، لە مێژە وەک بابەتێکی مشتومڕلەسەری سپیکردنەوەی پارە قسەی لەسەر دەکرێت.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی ڕۆژئاوا ستایشی هاوکاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراقیان کردووە لە ئەنجامدانی چاکسازییە ئابووری و داراییەکان بە ئامانجی سنووردارکردنی توانای ئێران و هاوپەیمانەکانی بۆ دەستڕاگەیشتن بە دۆلاری ئەمەریکا و گونجاندنی ئابووری عێراق لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.
هەر لەو پێوەندییەدا بەرپرسەکەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا گوتی "هەستی من ئەوەیە کە لە ماوەی 12 بۆ 13 مانگی ڕابردوودا پێشکەوتنی گەورەمان لە هەموو ئەو بوارانەدا بینیوە.
گوتیشی "ئێمە هەوڵی گەیشتن بۆ چارەسەرکردنی کێشە بانکییەکانی عێراق لە سەدا سەد نادەین، ئەمە خواستێکی سەختە، بەتایبەتی کە ئێران زۆر باشە لەم کارەدا و لە ڕاستیدا تا ڕادەیەکی زۆر دڵنیام لەوەی دەتوانین لە عێراق بگەینە زانیارییەکان سەبارەت بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی تیرۆر و ئەمەش بڕێکی زۆر لە توانای دارایی نایاسایی ئەو سیستەمە لادەبات."
سەرچاوە/ڕۆیتەرز