نوێنەرانی کورد لە بەغدا تاووتوێی بژاردەکانی بەردەمیان و ئەگەری کشانەوەیان لە حکومەتی عێراق دەکەن بەهۆی بەردەوامی هەڵپەسێردراوی پرسی پارەدارکردنی هەرێمی کوردستان، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئەگەر بەرپرس و نوێنەرانی کورد نەتوانن دەرچەیەک بۆ چارەسەری پرسی مووچەخۆرانی هەرێم بدۆزنەوە، مانەوەی کورد لە هەموو بەر پرسیارێتیەکاندا "عەیبەیەکی" گەورەیە.
ئەمڕۆ 31ی مانگی 1ی 2024، سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ هەریەکە لە وەزیر و فراکسیۆنە کوردیەکان، سەرۆکی لیژنە پەرلەمانیە کوردیەکان کۆبوەوە. چەند ئەندامێکی بەشداربووی کۆبوونەوەکە بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند گفتوگۆکرا لەسەر هەڵوێستی هاوبەشی لایەنە کوردییەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان.
سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای وت،" کورد بە گشتی گەشتۆتە ئەوەی هەموومان بەیەکەوە بەبێ جیاوازی بیروڕای حزبی و ناکۆکیەکان ئەم بابەتە بگەیەنینە ئەنجام لە چارەسەری بودجە و مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان. هەموو هاوڕابووین بۆ هەمواری یاسای بوودجە هەموومان بەیەکەوە بین، وە هەوڵبدەین هەموارەکە کێشەی مووچە چارەسەر بکات."
وتیشی، "ئەگەر نەتوانین چارەسەری کێشەی مووچە بکەین، مانەوەی بەرپرسانی کورد لە بەغداد لە هەموو ئاستەکاندا دەبێت بە عەیبەیەکی گەورە. خەڵکی هەرێم لەو دۆخە خراپەی بێ مووچەییەدابن ئێمەش لە بەغداد پەرلەمانتار و وەزیر و جێگری وەزیر و سەرۆک کۆمار و چەندین پۆستی ترمان هەبێت خەڵکی تریش لەو دۆخەدا بێت نابێت."
هاوکات، ئەندامێکی تری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بژاردەی بایکۆتکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق بە "لەبار" ناودەبات بەو پێیەی سەرۆکی پەرلەمان دوورخراوەتەوە و بەهۆیەیە لایەنە سوننەکان ناڕازین.
کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "من ئەمڕۆ پێشنیارم کرد کە هەموو فراکسیۆنەکان کە 63 پەرلەمانتارین ، ئەگەر 618 ملیار دینارەکە نەنێرن و گەرەنتی دووبارە بوونەوەمان نەدەنێ و گەرەنتی هەمواری یاسای بودجە نەکەن لە ماوەی نزیکدا، ئەوا بایکۆتی دانیشتنەکان بکەین چونکە دۆخەکە لەبارە بۆ ئێمە، چونکە پەرلەمان نەیتوانی سەرۆک هەڵبژێرێت وە بەشێک لە سونەکان نایەنە دانیشتنەکان، وە ئیتاری تەنسیقی بە پەرۆشە بۆ بەردەوامی دانیشتنەکان، بۆیە ئەگەر کورد بایکۆت بکات دانیشتنەکانی پەرلەمان پەک دەخات."
وێڕای خراپی دۆخی دارایی هەرێم لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا، بەڵام ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە مانگی 3ی ساڵی ڕابردووەوە و نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم کێشە داراییەکانی هەرێمی قوڵتر کردۆتەوە. لە ئێستادا حکومەتی هەرێم مووچەی سێ مانگی ساڵی ڕابردوو و مانگی یەکی ئەمساڵی دابەشنەکردووە. بەو هۆیەشەوە بۆماوەی نزیکەی 5 مانگە بەشێکی زۆر لە قوتابخانە حکومییەکانی "زۆنی سەوز" نەکراونەتەوە و مامۆستایان بایکۆتی خوێندنیان کردووە.
سۆران عومەر ڕایگەیاند، "ئێستا بەشە بوودجەی هەرێم و مووچە بۆتە بارمتەی ئەم دۆخە. خەڵک قەت بەقەد ئێستا دۆخی خراپ نەبووە، گەشتووینەتە ئاستێک گەمە بە هەستی خەڵکی دەکرێت. ئێمە پێمان وابوو هەرێم ئارامە و ئاسایش تێیدا بەرقەرارە و وڵاتانیش پشتیوانمانن، ئێستا چەندە قەیرانی دارایی هەیە ئەوەندەش قەیرانی نا ئارامی و ئاسایشی هەیە."
وتیشی، "هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە مووچە لە ململانێی سیاسی جیا بکەینەوە، وە هەتا ڕادەیەک لە هەمواری یاسای بودجە ئەمە کۆدەنگی بۆ دروستبووە، بەڵام هەوڵی زیاتری دەوێت."
ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقدا سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لایەنە کوردیەکاندا هاتووە، "سەرۆک كۆمار جەختیكردەوە لەسەر پێویستی یەكلاییكردنەوەی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی و دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان وەک هەموو فەرمانبەرانی دیكە، لەم چوارچێوەیەشدا كاریگەرییەكانی خەرجنەكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لەسەر رەوشی ژیان و ئابووری و باری كۆمەڵایەتی رونكردەوە و ئاماژەی بەوەكرد، كە دابەشنەكردنی مووچە بووەتە هۆی داخستنی خوێندنگەكان."
سۆزان مەنسور، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، " تا ئێستا دەمانەوێت کێشەی مووچە بە تێگەشتن چارەسەر بکەین لەگەڵ بەغداد، بۆ ئەمەش دەبێت هەموو لایەنەکان یەک هەڵوێست بین، عەیبە هەر لایەنێک قبوڵ بکات غەدر لە کورد بکرێت."
وتیشی، " ئاڕاستەی کشانەوە هەڵبژاردنێکی دوورە، بەڵام ئەگەر نەگەینە ئەنجام ناچار دەبێت بکشێینەوە. کە دەڵێین حکومەتی ئیتیحادی دەبێت زوڵم لە میللەتەکەی خۆی نەکات، چۆن دەبێت شارەکانی تر مووچە وەرگرن ئێمە وەری نەگرین؟ لە بەغداد یەک هەفتە مووچە دوا کەوت کردیان بە هەرایەکی گەورە، بەڵام کوردستان ئەمە دەساڵە حاڵیەتی."
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (31-1-2024) کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا و لە ڕاگەیێندراوێکیدا داوای لە حکومەتی عێراق کرد "هەرچی زووە" ڕێککەوتنەکانیان لەسەر پرسی مووچە و بودجە جێبەجێبکات "تاکوو چیتر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە دەست بێ بودجەیی و بێ مووچەییەوە زیانی زیاتریان بەرنەکەوێت." لە ڕاگەیێندراوەکەدا حکومەتی هەرێم وتویەتی "بە زیادەوە" پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بەغدا جێبەجێکردووە.
هەروەها وەزارەتی دارایی هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند چاوەڕواندەکات سبەینێ پێنجشەممە ئەو پارەیە بخرێتە سەر هەژماری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
Your browser doesn’t support HTML5