ئامانجی جموجۆڵەکانی بەرپرسی هەواڵگری تورکیا لە عێراق

لە ماوەی هەفتەی ڕابردوو ئیبراهیم کالن بەرپرسی دەزگای هەواڵگری تورکیا بە سەردانێک لە عێراق بوو. لە میانەی سەردانەکەیدا لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. بەپێی ڕاگەیاندنە فەرمییەکان، تەوەری وتووێژەکان هاوکاری ئاسایشی نێوان هەردوو وڵات بووە. دەشڵێن پرسی شەڕی دژی پەکەکە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی وتووێژەکان بوون.

دەپرسین:

خوێندنەوە بۆ سەردانی بەرپرسی دەزگای هەواڵگری تورکیا لەم کاتەدا بۆ عێراق و هەرێم چیە؟ تورکیا چی لە عێراق و هەرێم دەوێت؟

هەتا چەند دەنگۆی ڕێککەوتنی سێ قۆڵی لە نێوان ئەنکەرە و بەغداد و هەولێر دروستە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا لە ناو خاکی عێراق؟

لێکەوتەکانی سەردانەکەی کالن لە ئەمڕۆ و داهاتوو لە عێراق و هەرێم چی دەبێت؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ، پرسی سەردانەکەی ئیبراهیم کالن بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی تورکیا دەکەین بە میوانداری بەڕێزان:

١-دکتۆر سەردار موسی شەریف، مامۆستای زانکوی دهۆک لە بەشی پەیوەندی نێودەوڵەتی

٢-دکتۆر جەبار قادر، نووسەر و چاودێری سیاسی.

٣-پڕۆفیسۆر دکتۆر عوسمان عەلی، سەرۆکی سەنتەری تاسک بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لە هەولێر، پسپۆڕی پەیوەندییەکانی دەرەوە.

Your browser doesn’t support HTML5

ئامانجی جموجۆڵەکانی بەرپرسی هەواڵگری تورکیا لە عێراق

دکتۆر جەبار قادر:

سەردانەکەی بەرپرسی دەزگای نەتەوەیی هەواڵگری تورکیا پەیوەندی بەو دۆخە ئاڵۆزەوە هەیە کە لە ناوچەکەدا هەیە، وە پەیوەندی بەو ململانێیەوە هەیە کە لە نێوان تورکیا و ئێراندا هەیە ئەگەرچی شاراوەش بێت، تورکیا نیگەرانە لە هەژمونی فراوان و زۆری ئێران بەسەر عێراقدا، وە هەمیشە لەو جۆرە سەردانانە ڕەهەندی ئەمنی تێدایە کە بریتیە لە چەکدارانی پەکەکە کە تورکیا بە هەڕەشە بۆ لەسەر ئەمنیەتی خۆی دەزانێ.

تورکیا هەوڵدەدات لەم دوو مانگە شتێک واتە ئۆپراسیۆنێکی سەربازی بکات لە قەندیل و شوێنەکانی تر دژ بە پەکەکە هەندێک فشاری زیاتر بخاتە سەر بەڕێوەبەرایەتی و بەرپرسانی سلێمانی.

گەورەترین مەترسی لەسەر ئاسایشی هەرێم ئێستا ئەوەیە دوو لایەنە سەرەکیەکە خۆیان خەریک کردووە بە یاری بچوک و هەریەکەیان بونەتە بەشێک لە جەمسەرەکان کە هیچییان لێ چاوەڕوان ناکرێ و ناکرێ قسەی لەسەر بکرێت.

دکتۆر سەردار موسی شەریف:

ئەوەی تورکیا لە عێراقی دەوێت بریتیە لە ناساندنی پەکەکە وەک گروپێکی تیرۆریستی، بەڵام تائێستا عێراق ئەوەی نەکردووە ڕەنگە هەندێک لایەنی سیاسی و جیۆپۆلۆتیکی لەم بابەتەدا هەبێت، وەک دەزانرێت پەیوەندی هەیە لەنێوان پەکە و ئێران، هەتا لە عێراق پەیوەندییەکی باش لەنێوان پەکەکە و ئەو لایەنانە هەیە کە ئێران سەرپەرشتییان دەکات بۆیە عێراق نەچووەتە ژێر باری ئەو داوایەی تورکیا (ناساندنی پەکەکە وەک گروپی تیرۆر)، تورکیا لەبەرئەوەی دەستی هەیە لە زۆرترین قەیران کە لەم ناوچەیەدا هەیە، بۆیە هەوڵدەدات زۆرترین فشار لەسەر عێراق دروست بکات و هاوکاری بکات لە ڕووبەڕووبونەوەی پەکەکە، بۆ هەرێمی کوردستانیش لەبەرئەوەی بەشێکە لە عێراق دەتوانێت تۆپەکە فڕێبداتەوە گۆڕەپانی عێراق و بڵێ عێراق هەر هەڵوێستێکی هەبوو ئەوە پەیوەندیدارە بە سەروەری عێراقەوە.

هەرچەندە عێراق خۆی دەوڵەتێکی سەروەر نیە،هەر خودی سەردانەکەی ئیبراهیم کالن لە دەرەوەی عورفی دیپلۆماسی بوو، چونکە لە کۆبوونەوەکانی کالن لەگەڵ بەرپرسانی عێراق هاوتای خۆی لە کۆبونەوەکاندا نەبووە، باشە ئەگەر بەرپرسێکی عێراقی سەردانی تورکیا بکات ئایا ڕێگای پێدەدرێت لەگەڵ حزبە تورکەکان بەبێ نوێنەری وەزارەتی دەرەوە یا کەسێکی دەوڵەت کۆببێتەوە.

ڕەنگە ڕێگە بە تورکیا بدرێت بۆ ئەنجامدانی هەندێک ئۆپراسیۆنی سەربازی لە دەڤەری سەوز بەتایبەت ئەگەرچی قوباد تاڵەبانی سەردانی تورکیای کردووە، بەڵام وادەردەکەوێت کە بافڵ تاڵەبانی ملکەچی فشارەکانی تورکیا نەبووە بەتایبەت کە زیاتر نزیکە لە ئێرانەوە.

پڕۆفیسۆر دکتۆر عوسمان عەلی:

لە پێش ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەولێر بەهێزتر بوو تا بەغداد، بەڕادەیەک ئەولەویەتی پەیوەندییەکانی بۆ هەولێر بوو، هەتا سەرۆک ئەردۆغان بە مالیکی وت دیکتاتۆر، یا ئەحمەد داود ئۆغلۆ دەهاتە کوردستان بێ ئەوەی عێراق ئاگادار بێت کە ئەمەش کێشەیەکی دیپلۆماسی لەنێوان ئەو دوو وڵاتە دروستکرد، بەڵام لە دوای ڕیفراندۆم لە ٢٠١٧ شێوەیەکی تر هەیە لە پەیوەندی، ئێستا تورکیا بەیەک چاو سەیری پەیوەندییەکانیان دەکەن لەگەڵ بەغدا و هەولێر تاڕادەیەک، واتە هیچ کامیان ئەولەویەتییان نیە لانی کەم لەڕواڵەتدا.

سەردانەکەی ئیبراهیم کالن لەم کاتەدا بۆ عێراق و هەرێم بۆچوونی من ئەوەیە، شەڕی غەززە دەرفەتێکی بۆ تورکیا هێناوەتە کاراوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی دژی پەکەکە، دەسەڵاتدارانی تورکیا ددەڵێن، مادام ئیسڕائیل و ئەمەریکا مافیان هەیە بە پاساوی بوونی مەترسی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان هێرش بکەنە سەرغەززە و بەو شێوازە تەنانەت دوور لە یاسا نێودەوڵەتییەکان لێیان بدەن، ئەوا تورکیاش مافی خۆیەتی بە پاساوی مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی لە (باکوری عێراق) ئۆپراسیۆنی سەربازی ئەنجام بدات، هەتا لە میدیاکانی تورکیا بەئاشکرا ئەوە بڵاودەکرێتەوە کە سلێمانی کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی چەکدارانی پەکەکە، بۆیە دەبێت بەهەمان پاساو کە ئیسرائیل مامەڵە لەگەڵ غەززە دەکات و هێرشی دەکات، تورکیاش بەوجۆرە مامەڵە لەگەڵ دەڤەری سەوز بکات و هێرشی بکاتە سەر، واتە ئامادەکاری تورکیایە بۆ ئۆپراسیۆنی سەربازی لە زۆنی سەوز کالنیش بۆ ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی عێراق و هەرێم هاتووە کە تورکیا نیازی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی لەوجۆرەی هەیە ئەو ئەگەرە هەیە لەژێر پەردە، هەرچەندە بەبۆچوونی من ئەگەر کالن بۆ ئەوە هاتبێت ئەوە هەڵەی کردووە چونکە گڵۆپی سەوز لە تارانە نەک بەغداد و هەولێر، وە تورکیا خۆیشی دەزانێت ئێران ڕێگە نادات ئۆپراسیۆنی گەورەی وا ئەنجام بدرێت و لانیکەم ئێران بەرپرسانی عێراق هاندەدات هەڵوێستی توند بنوێنن.

من وایدەبینم ڕێکەوتن و لێک نزیکبوونەوەیەک هەبێ لە نێوان تورکیا و ئەمەریکا، ئەمەش وابکات ئەمەریکا گڵۆپی سەوز بۆ تورکیا هەڵبکات بۆ ئەنجامدانی ئەو ئۆپراسیۆنە، هەروەک دەبینین لە ڕۆژئاوای کوردستانیش تورکیا هەرچی ژێرخانی ئابورییە دەیکاتە ئامانج، بەڵام وەک جاران ئەمەریکا و هاوپەیمانان نایەنە دەنگ، ترسم هەیە بۆ هەرێمی کوردستانیش (زۆنی سەوز) بەو جۆرە بێت، تورکیا هچ کات نایەوێ زۆنی زەرد ئارامی و سەقامگیری تێکبچێت بۆیە هەر ئۆپراسیۆنێک ئەنجام بدات لە زۆنی سەوز دەبێت.