دەرهێنەرێکی ئۆکرانی پاڵێوراو بۆ خەڵاتی ئۆسکار بۆ دەنگی ئەمەریکا دەدوێت

فیلمێکی دیکۆمێنتاریی کە لەلایەن ئەسۆشێتد پرێس و "هێڵی پێشەوە"ی کەناڵی PBS بەرهەم هێنراوە و دەرهێنەرەکەی " مستیسلاڤ چێرنۆڤ"ە باس لە گەمارۆدانی ڕووسیا دەکات بۆ شاری ماریوپۆل لە سێ هەفتەی یەکەمی شەڕی ئۆکرانیا لە ساڵی 2022 دا.

دامەزراوەی خەڵاتی ئۆسکار لە مانگی یەکدا فیلمی "20 ڕۆژ لە ماریۆپۆل"ی مستیسلاڤ چێرنۆڤی وەک پاڵێوراوانی باشترین فیلمی دیکۆمێنتاری ڕاگەیاند.

سینەماکارە ئۆکرانیەکە پاڵێوراوی خەڵاتی ئۆسکارە بۆ باشترین فیلمی دیکۆمێنتاری ئەو ساتەوەختە بە ساتێکی مێژووی ناودەبات و دەڵێت بۆ من ئاڵنگارییە.

چێرنۆڤ لەگەڵ فۆتۆگرافەر ئێڤگنی مالۆلێتکا و بەرهەمهێنەر ڤاسیلیسا ستێپانینکۆ نزیکەی کاتژمێرێک پێش ئەوەی ڕووسیا دەست بە بۆردومانەکانی بکات، گەیشتبوونە ئەو شارەی ئۆکرانیا.

لە ڕۆژانی دواتردا وێنەی کاریگەرییە مرۆییەکانی ئەو هێرشەیان گرتووە، هەر لە گیانلەدەستدانی کچێکی تەمەن 4 ساڵان و بۆردومانکردنی نەخۆشخانەیەکی منداڵبوون تا دیمەنی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی کە تازە هەڵکەندرابوون.

چەندین ڕەخنەگری بواری سینەما ستایشی فیلمەکەیان کردووە بەهۆی تێڕوانینی بێوچان و بێهودەی بۆ لەشکرکێشییەکە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەشی ئۆکراینی دەنگی ئەمریکا، چێرنۆڤ وتی فیلمە دیکۆمێنتارییەکە گەورەترە لەوەی تەنها ئەوەی لە ماریۆپۆل ڕوویداوە و چیرۆکی هەموو ئەو شارانە دەگێڕێتەوە کە بەهۆی هێرشەکانی ڕووسیاوە وێران بوون.

لە چاوپێکەوتنەکەدا دەنگی ئەمەریکا پیرۆزبایی کاندیدبوونەکەی لێدەکەن و پرسیاری ئەوەی لێدەکەن ئایا کاردانەوەی چی بووە کاتێک ئەو هەواڵەت پێگەیشت کە کاندیدکراوی بۆ ئەو خەڵاتە؟

مستیسلاڤ چێرنۆڤ لە وەڵامدا دەڵێت "هەر لە سەرەتادا ئەوە هات بە خەیاڵمدا ئەی خوایە گیان، کاری زۆر زیاتر هەیە کە دەبێت بیکەم و ئەوە بەرپرسیارێتییەکی گەورەترە. ئێمە بەتەواوی هەست بەوە دەکەین، چونکە ساتێکی تاڵ و شیرینە، ساتێکە بۆ داننان بەوەی کە جیهان گرنگی پێدەدات و لە هەمان کاتدا ئەو ساتە دانپێدانانە بەوەدا کە ئەم شتانە هەمووی ڕوویانداوە و ئەم فیلمە بەهۆی ئەو کارەساتە گەورەیەوە بوونی هەیە."

لەم کاتەدا کە هێشتا شەڕی داگیرکاریانەی ڕووسیا بەرامبەر ئۆکرانیا و بەردەوامی هێرش و بۆردومانەکان بۆ سەر شار و خەڵکی مەدەنی بەردەوامە، لە وەڵامی پرسیاریکی دیکەدا سەبارەت بەوەی کە وەک یەکەم پاڵێوراوی ئۆکرانی بۆ ئۆسکار، ئایا ئەم ساتەوەختە هەم بۆ تۆ و بۆ ئۆکرانیا چی دەگەیەنێت؟

چێرنۆڤ لە وەڵامدا دەڵێت "دیسانەوە بە مانای بەرپرسیارێتی زیاتر دێت، چونکە ئێستا ئەرکم پێسپێردراوە نەک تەنها یادەوەری ئەو هاوڵاتیانەی ماریۆپۆل هەڵبگرم بەڵکو نوێنەرایەتی سینەمای ئۆکرانیاش بکەم. خۆزگە دەمتوانی بە شێوەیەکی زۆر باشتر و ئاشتیانەتر نوێنەرایەتی بکەم، بەڵام ئەمەی لە ئێستادا لە ئارادایە هەر ئەوەیە، ئێمە وڵاتی شەڕین. ئێمە ئەو وڵاتەین کە هێرش کراوەتە سەرمان، سینەماکەمان بە ناچاری چیرۆکی ئەو شەڕە دەگێڕێتەوە. تەنها بووەتە زۆر زیاتر لەوەی کە تەنها چیرۆکی ماریوپۆل بێت. بووبە چیرۆکی هەموو ئەو شارانەی ئۆکرانیا کە بەهۆی بۆمبەکانی ڕووسیاوە وێران بوون. هاوکات بوو بە هێمای کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر دانیشتوانی مەدەنی، سنوری ئۆکرانیای تێپەڕاند."

خەڵکی ماریۆپۆل لە ئێستادا لە ژێر داگیرکاری ڕووسیادان. وەک چۆن مستیسلاڤ چێرنۆڤی لەم فیلمەدا ئەوە پیشان دەدات دەنگی پرسیاری ئەوەشیان لیکرد ئایا دەتەوێت چی بەو کەسانە بڵێیت کە لە ماریۆپۆلن؟

چێرنۆڤ لە وەڵامدا دەڵێت "کاتێک دانیشتوانی ماریوپۆل کە شارەکەیان لەدەستدا و لە ناوخۆی وڵاتەکەی خۆیاندا ئاوارەبوون فیلمەکەیان بینیەوە و دوای ئەوە قسەیان لەگەڵ کردم، هەمیشە هیوایەکی زۆرم لە چاویاندا دەبینی. پەیوەندی بە هەستکردن بە کۆمەڵگەوە هەیە. هاوکات هیوایان هەیە لەبەرئەوەی زۆر شتیان لەدەستداوە. ئەوان ئەو ئامڕازانەیان نییە کە بە تەواوی بۆ خەڵک ڕوون بکەنەوە کە ئەم ئەزموونە چەندە ترسناک بوو، چەندە بە ئازار بووە. ئەم فیلمە چەشنە ئامڕازێکە بۆ ئەوان بۆ هەڵگرتنی ئەم بیرکردنەوانە و نیشاندانی ئەوەی کە چۆن لەو کارەساتەدا ژیاون. من تەنها هەوڵدەدەم تا دەتوانم ڕاستگۆ بم بەرامبەر بەو شتانەی کە هەستمان پێکردووە و بەرامبەر بەو شتانەی کە ئەوان هەستیان پێکردووە. ئەگەر سەرکەوتن بەدەست بهێنین، ئەوە دەبێتە پەرجووەیەک بۆ ئێمە."

دەشڵێت "هەر ئەوەی کە ئێمە لە ماریۆپۆل ڕزگارمان بوو، لە ئێستاوە بۆخۆی پەرجووە. ئەوەی کە ئێمە ئەم فیلمەمان دروست کردووە، بۆخۆی موعجیزەیە. ئەوەی کە زۆر کەس لە سەرانسەری جیهان ئەم فیلمەیان بینیوە و لە ئازاری ئۆکراینییەکان تێگەیشتوون بۆخۆی موعجیزەیە. بە دڵنیاییەوە ئەم فلیمە بۆ خەڵکی ماریۆپۆلە. ئەم چیرۆکە باسی ئەوان دەکات، پەیوەندی بە ئێمەوە نییە. ئەم کاندیدکردنە هەر بۆ ئەوانە."