هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بۆسەر بنکەی میلیشیا لە یاسا دەرچووەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق، ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراقی گرتەوە.
ئەو هێرشانە کرانە سەر شارۆچکەی ئەلقائم لە پارێزگای ئەنبار و ئەو شارۆچکەیە هاوسنوورە لەگەڵ سوریادا.
ئەحمەد جدیان ئەلدولەیمی، قائیمقامی پێشووی شارۆچکەی ئەلقائیم کە ئێستاش دانیشووی ئەو شارۆچکە سنووریەیە، دەڵێت "دوای کاتژمێر 12ی نیوەشەو بۆردومانێکی چڕ و قورسی ناوچەی سکەک لە قەزای قائم دەستیپێکرد، ئەو ناوچەیەیە هاوسنوری سوریایە و بەشێکی زۆری خانوبەرەکانی ئەو ناوچەیە لەلایەن بەشێکی ئەو هێزانەی حەشدی شەعبییەوە بەکاردەهێنرێن کە لە شارۆچکەی قائیمن، بەلام ئەو خانوبەرانە لە کاتی بۆردومانەکاندا هیچ میلیشیایەکی لێنەبووە، بۆردومانەکان بوونە مایەی داڕمانی تەواوەتی سێ خانو و نزیکەی 10 خانوی تریش ئاوریان تێبەربوو."
بەڕێز ئەلدولەیمی، کە پێشتر ژەنەراڵ بووە لە لەشکری عێراقدا و ئێستا خانەنشینە دەشڵێت "لە ئاکامی بۆردومانەکان عەمارێکی گەورەی چەک و تەقەمەنی تایبەت بە میلیشیاکان لەناوبرا."
ئەحمەد ئەلدولەیمی دەشڵێت لەناو خەڵکی سیڤیلیشدا کوژراو و برینداریش هەن و دەڵێت "لەو ڕوانگەیەوەی پێشتر کەسێکی لەشکریی بووم، تێناگەم و نازانم بۆچی پێشوەخت، واتە لە دوای هێرشەکەی لە ناو خاکی ئوردوندا کرایە سەر سەربازەکانی ئەمەریکا، ئەمەریکا ڕایگەیاند دەست دەکات بە بۆردومانکردنی شوێنەکانی میلیشیاکان، لە کاتێکدا دەبووایە لەناکاو بیکردایە، چونکە هەرچی ئەو میلیشیایانەی لە شارۆچکەی ئەلقائم بوون پاش ئەو ڕاگەیاندنانەی ئەمەریکا هەر بە تەواوەتی بنکەکانیان چۆڵکرد، واتە هەر کە زانییان ئەمەریکا لێیان دەدات، ئەوان زوو خۆیان پێچایەوە و شوێنەکانیان جێهێشت."
پێشتر ئەمەریکا ڕایگەیاند وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی میلیشیا لە یاسا دەرچووەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران کردیانە سەر بنکەیەکی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا، واشنتۆن وەڵامی دەبێت و لەو وەڵامەشدا میلیشیاکان و شوێنەکانیشیان لە عێراق و سوریادا دەکرێنە ئامانج.
ئەو میلیشیایانەی باس دەکرێن، بەشێکن لە هێزی قودسی سەر بە پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران.
واشنتۆن دەڵێت ئەو هێرشە ئاسمانیانە بۆسەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سوریادا بە مەبەستی تێکشکاندنی تواناییەکانی ئەوە هێزانەی سەر بە ئێرانە تا نەتوانن هێرش بکەنە سەر بنکەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.
کۆشکی سپی دەڵێت "تەواوی ئەو کردە لەشکریانەی درەنگانێکی هەینی لە عێراق و سوریاشدا کراون تەنها 30 خولەکی خایاندووە و هێرشەکانیش سەرکەوتووبوون."