بەهۆی هێرشێک بۆ سەر بنکەی ئەلعومەر لە سوریا 6 شەڕڤانی هەسەدە گیان لەدەستدەدەن

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە هێرشێکی درۆن کرایە سەر بارەگای هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و هێزەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەیەکی پارێزگای دێرەزوری سوریا و لە ئەنجامدا بەلایەنی کەم 6 شەڕڤانی ‌هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کیانیان لەدەست دا و نزیکەی 20 کەسی تریش برینداربوون.

فەرهاد شامی بەرپرسی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک هێرشەکەی پشڕاستکردووەتەوە و لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە میلیشیاکانی سەر بە ئێران ئەو "هێرشە تێرۆریستییەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان"ەیان کردووەتە سەر کێڵگەی نەوتی ئەلعومەر لە دێرەزور .

شامی دەشڵێت "میلیشیاکانی سەر بە ئێران، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سوریایان لە دێرەزور بەکارهێناوە بۆ ئەو هێرشە تیرۆریستییەی کە ئەکادیمیای کۆماندۆی ئێمەی کردە ئامانج و لە ئەنجامدا 6 شەڕڤانی کۆماندۆمان شەهیدکران."

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕادەگەیەنێت هێرشەکە لەلایەن گروپی خۆڕاگری ئیسلامیەوە ئەنجامدراوە، ئەمەش لە چوارچێوەی تۆڵەسەندنەوە لە شەڕی غەززە.

ڕوانگەکە لە کاتێکدا ژمارەی کوژراوەکانی بە 7 کەس ڕاگەیاندووە، دەشڵێت ئەم هێرشە یەکەم وەڵامی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانە بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر پێگەی میلیشیاکان لە ناوچە جیواوازەکاندا.

ئەمەریکا وەکو تۆڵەکردنەوەیەک لە بەرامبەر کوژرانی سێ سەربازەکەی لە هێرشێکدا بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکا لە ئوردن، لە 2ی مانگی دوو هێرشی ئاسمانی کردە سەر ئەو گروپە چەکدارییانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت لە عێراق و سوریادا.

بە پێی فەرماندەیی نێوەندی ئەمەریکا (CENTCOM ) هێزەکانی ئەمەریکا زیاتر لە 85 ئامانجیان لە عێراق و سوریادا پێکاوە.

پاشانیش لە 4ی مانگی دوو، ئەمەریکا و بەڕیتانیا جارێکی دیکە هێرشی ئاسمانییان کردەوە سەر ئامانجەکانی حوسییەکان لە یەمەن.