ڕاپۆرتێک: ئێران گومانبارە لە پیلانێکدا بۆ کوشتنی خەڵکی جوو لە سوید

ڕادیۆی سوید ڕۆژی سێشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند دوو هاوسەری ئێرانی کە بڕوا دەکرێت کاریان بۆ هەواڵگری ئێران کردبوو، دوای ئەوەی گومانباربوون بە پیلانی کوشتنی جووەکانی سوید، لە وڵاتەکە دەرکراون.

بەپێی ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوەی ڕادیۆی سوید، ئەو دوو هاوسەرە بە ناوەکانی مەهدی ڕەمەزانی و فریشتە سناییفەرد، خۆیان بە ئەفغانی ناونوس کردبوو و مافی پەنابەرێتیان لە سوید وەرگرتبوو.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ڕادیۆی سوید، ئەو دوو هاوسەرە پیلانیان گێڕاوە بۆ کوشتنی جووەکان لە سوید، ئەوان لە مانگی سێی 2021 بە تۆمەتی پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوانی تیرۆریستی دەستگیر کراون.

بەهۆی نەبوونی بەڵگەوە، ئەو دووانە تۆمەتبار نەکراون بەڵام بەپێی زانیارییەکان لە ساڵی 2022 بەهۆی مەترسی ئاسایشییانەوە دیپۆرتکراونەتەوە.

جێگری سەرۆکی داواکاری گشتی، هانس ئیرمان بە ڕادیۆکەی گوتووە "ئێمە بە تەواوەتی لەو بڕوایەداین کە ئەوان هاتبوون بۆ ئێرە بۆ ئەنجامدانی ئەرکێکی ئێران. لێرە لە سوید وەک هەڕەشەیەکی زۆر توندی ئاسایشی سەیر دەکران. و ئەوەش هۆکارێکە بۆ دەرکردنیان، هەرچەندە نەمانتوانی سزایان بدەین."

هەرچەندە لێکۆڵینەوەکان نهێنی بوون، بەڵام ڕاپۆرتەکە لە زاری سەرچاوەکانەوە دەڵێت ئەو دوو کەسە بۆ سوپای پاسدارانی ئێران کاریان کردووە.

بەپێی زانیارییەکان ئەو دوو کەسە، سێ ئامانجی جیاوازیان دەستنیشانکردبوو، ناونیشان و وێنەیان کۆکردووەتەوە.

بڕوا دەکرێت یەکێک لەو ئامانجەکان ئارۆن ڤێرستاندیگ سەرۆکی ئەنجومەنی فەرمی جووەکانی سوید بێت، کە بە ڕادیۆی سویدی ڕاگەیاندووە لە ساڵی 2021 پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە دەزگای ئاسایشی سویدەوە پێوەکراوەو پێی گوتراوە پێدەچێت ئامانجی هێرشێک بێت.

ڤێرستاندیگ دەڵێت " بە سادەیی، پێیان گوتم تۆ وەک یەکێک لە ئامانجەکانی تاوانێکی تیرۆریستی ئەگەری ناونراوی کە کوشتنی تێدایە".

بە پێی ڕادیۆی سوید هەردوو هاوسەرەکە تۆمەتەکانیان ڕەتکردووەتەوە.

ئیسرائیل ئێران بەوە تۆمەتبار دەکات کە هەوڵی دروست کردنی چەکی ئەتۆمی دەدات، و هەوڵ دەدات ڕێگری لە هەژموونی ئێران بکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

تاران لە بەرامبەردا ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دەکات کە دەستی هەیە لە زنجیریەک ئاژاوە و کوشتن بۆ بە ئامانجکردنی بەرنامە ناوکییەکەی ئێران.

سەرچاوە: فرانس پرێس