وەزیری بەرگری تورکیا پاش سەردانە چاوەڕوان نەکراوەکەی ڕۆژی سێشەممەی بۆ عێراق و کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسان لە بەغدا، گەیشتە هەرێمی کوردستان.
وەزیری بەرگری تورکیا یەشار گویلەر ئێوارەی سێشممە گەیشتە هەولێر و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان شۆرش ئیسماعیل و سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی هەرێم پێشوازی لێکرا.
پێشتر یەشار لە بەغدا بێجگە لە کۆبونەوەی لەگەڵ وەزیری بەرگری عێراق ثابت محمەد ئەلعەباسی لەگەڵ سەرۆکی عێراق و سەرۆک وەزیرانیشدا گفتوگۆی کرد و بە گوێرەی وەزارەتی بەرگری عێراق باس لە پەرەپێدانی پەیوەندی لەشکری نێوان عێراق و تورکیا کراوە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش دەڵێت لە کۆبونەوەکەی نێوان محەمەد شیاع سودان و یاشار گویلەردا سودانی " جەختی لە پابەندبوونی عێراق بە بنەما دەستوورییەکان کردەوە و دووپاتی کردەوە ڕێگە نادات بە هیچ شێوەیەک خاکی عێراق ببێتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و ڕێوشوێنی زۆریش لەو بارەوە گیراوەتەبەر، بەتایبەتی لەسەر هێڵی سنووری نێوان عێراق و تورکیا. "
ئۆفیسی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەشڵێت لە بەشێکی کۆبونەوەکەدا باس لە ئاسیشی عێراق و سوریاش کراوە.
لە ماوەی ڕابردوو چەندین جار هێرشەکانی تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق، لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە سەرکۆنە کراوە، لە کاتێکدا تورکیا دەڵێت هێرشەکانی دژ بە پارتی کرێکارانی کوردستانە کە تورکیا بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی.