حەماس وەڵامی پێشنیازەکەی قەتەڕ و میسر بۆ ئاگربەست دەداتەوە

لە وەڵامی پێشنیازێکی قەتەڕ و میسردا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە غەززە، حەماس پێشنیازی ئاگربەستێکی چوار مانگ و نیوی دەکات کە دەڵێت لەو ماوەیەدا هەموو بارمتەکان ئازاد دەکرێن، دەبێت ئیسرائیل هێزەکانی لە کەرتی غەززە بکشێنێتەوە و ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە لە غەززە بکرێت.

پێشنیاری ئەو گروپە چەکدارە وەڵامێکە بۆ پێشنیازەکەی هەفتەی ڕابردووی قەتەر و میسر بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە کە لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلیشەوە پشتگیری لێکرا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گەورەترین هەوڵی دیپلۆماسی هەیە بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە بۆ ماوەیەکی درێژدەم.

ئیسرائیل دەستبەجێ هیچ وەڵامێکی لە بارەی پێشنیارەکەی حەماس نەداوەتەوە، لە کاتێکدا ڕایگەیاندووە هێزەکانیان لە غەززە ناکشێنەوە تا ئەو کاتەی حەماس لەناودەچێت.

پێشنیارەکەی حەماس پێشبینی سێ قۆناغی ئاگربەست دەکات کە هەر قۆناغێک 45 ڕۆژ دەخایەنێت. ئەو بارمتە ئیسرائیلییانەی هێشتا لە ژێردەستی حەماسدا ماون، لەگەڵ دیلەکانی فەلەستینی ئاڵوگۆڕیان پێدەکرێت، ئاوەدانکردنەوەی غەززە دەست پێدەکات و هێزەکانی ئیسرائیل بە تەواوی دەکشێنەوە و تەرمی کوژراوەکانیش ئاڵوگۆڕ دەکرێن.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی قەتەر و میسر کە ناوبژیوانی هەردوو بەرە دەکەن، ئەمشەو گەیشتە ئیسرائیل.

عیزەت ئەلڕەشیق ئەندامی نووسینگەی سیاسی بزووتنەوەی حەماس دووپاتی کردەوە کە ئەو پێشنیارە لە ڕێگەی قەتەر و میسرەوە گەیشتووەتە ئیسرائیل و ئەمەریکا.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز