حکومەتی سوریا هاوکاتی بڕیاری زیادکردنی مووچە، نرخی نان و سوتەمەنیش بەرزدەکاتەوە

ڕۆژی دووشەممە حکومەتی سوریا نرخی نانی بە ڕێژەی 100% بەرزکردەوە و نرخی نوێ بوو بە 400 لیرە.

هەروەها حکومەت نرخی ئەو سووتەمەنیەشی بەرزکردەوە کە پێشکەش بە نانەواخانەکان دەکرێت.

ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ بڕیارێکدا بۆ زیادکردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی حکومەت و سەرباز و کرێکاران، بە ڕێژەی 50% .

سەبارەت بەم بڕیارانە خورشید ئەلیکا پسپۆڕی ئابووری بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، بەرزکردنەوەی نرخی نان مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆراک لە ناوچەکەدا زیاتر دەکات.

خورشید ئەلیکا

گوتیشی زیادبوونی مووچە ناتوانێت بارگرانی هەڵاوسان کەم بکاتەوە "حکومەتی سوریا بە گرانکردنی نرخی نان و سووتەمەنی پارە لە خەڵک وەردەگرێت و مووچەی فەرمانبەرانی دەدات، بەڵام ئەمە چارەسەر نییە، چونکە هەموو خەڵک کار بۆ حکومەت ناکەن، بۆیە زیانێکی زۆریان پێدەگات".

شایانی بیرهێنانەوەیە کە لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردووشدا حکومەتی سوریا هاوکاتی بەرزکردنەوەی مووچە نرخی سووتەمەنیشی زیاد کرد. شرۆڤەکارانی ئابوریش ڕایانگەیاند کە هەڵاوسان وا دەکات هیچ سودێکی بەرزکرنەوەی مووچەکە نابێت.

نانەواخانەیەک لە هەرێمی شەهبا

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی بازرگانی ناوخۆ و پاراستنی بەکاربەرانی حکومەتی دیمەشق بەرزبوونەوەی نرخی نانی بە گرانبوونی نرخی گەنمەوە گرێداوە.

وەزارەتەکە کۆنترۆڵکردنی کێڵگە گەنمەکان و بیرە نەوتییەکان بە "داگیرکاری ئەمەریکا" ناودەبات و ئامانجیشی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

بەڵام ئابوریناس ئەلیکا، باس لەوە دەکات کە دانیشتووانی ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریاش کاریگەری ئەو بڕیارەی حکوومەتی سوریایان لەسەرە.

بڕواشی بەوە نییە کە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بتوانێت لەم کاتەدا دەرئەنجامە نەرێنییەکان کەم بکاتەوە.

گوتیشی "بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریش لە قەیرانی ئابووریدایە و دۆخی ڕۆژئاواش سەختە، بەڵام کاتێک بەرهەمی کشتوکاڵی ناوچەکە باشتر بوو و داهاتی بەڕێوەبەرایەتییەکە زیاد بوو، ئەو کاتە دەتوانێت کاریگەرییە نەرێنییەکانی بڕیارەکانی حکومەتی دیمەشق کەم بکاتەوە".

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی بەرنامەی خۆراکی جیهانی کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بڵاوکرایەوە، نزیکەی 13 ملیۆن کەس لە سوریا ڕووبەڕووی نەبوونی ئاسایشی خۆراک دەبنەوە.

هەروەها بەرنامەی خۆراکی جیهانی ئاماژە بەوە دەکات کە نزیکەی 7 ملیۆن پەنابەر لە ناوخۆی سوریادا پێویستیان بە هاوکاری هەیە.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی نەورۆز ڕەشۆ