پرسی کۆڵەبەران، گرفتی ئەو تاکانەی کوردە کە لە سنوورەکانی شارەکانی کوردستان بەهۆی نەبوونی هەلی کار و سەرچاوەیەکی دارایی بۆ بژیوی ژیانیان، ڕوو لە شاخ و ڕێگای پڕ لە هەوراز و نشێوەکان دەکەن و لە ژێر هەڕەشەی تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور باری سەرمایەدارەکان کە ئێران بە کاڵای قاچاخ ناویان دەبات، لەبەرامبەر پارەیەکی کەمدا، دەگوازنەوە بۆ ناو ئێران.
تێپەڕین بە ڕێگا قورسەکاندا و کەوتنەخوارەوە لە شاخەکان، تەقینەوەی مینە بەجێماوەکانی شەڕی ئێران و عێراق و ڕەقبوونەوە لە سەرمای زستان، تەنها هۆکارنین بۆ مەرگی کۆڵبەران، بەڵکو تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سنووری ئێران و سوپای پاسداران و لەم دواییانەشدا تەقەی هێزەکانی پاسەوانی عێراق(حەرەس حدود) بەشی سەرەکی ئەو هەڕەشانەن کە ژیانی کۆڵبەران بە بیانووی گواستنەوەی کاڵای قاچاخ کە حکومەت بە نایاسایی ناوی دەبات، دەخەنە مەترسییەوە.
چیرۆکی دوو کۆڵبەر وەک شایەتحاڵی ڕووداوە کوشندەکانی سەر کۆڵبەران
فەردین رۆستەم نژاد، کۆڵبەرێکی تەمەن 32 ساڵی خەڵکی گوندێکی پاوەیە کە بە هۆی تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور دەمارەکانی بڕبڕەی پشتی پچراوە و ماوەی ساڵێکە ئیفلیج بووە. ئەو بەم شیوە ژیانی خۆی بۆ دەنگی ئەمەریکا دەگێڕێتەوە.
"بەهۆی نەبوونی هەلی کار و داهات لە گوندەکەمان، ڕووم کردە کۆڵبەری و لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوودا لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوری ئێران تەقەم لێکرا. بارەکەم کەلوپەلی جوانکاری ژنان بوو. لە کاتی برینداربوونم هێزە سنوورییەکان ڕێگریان لە هاتنی ئامبولانس و فریاگوزاری کرد و هەر بۆیە لە ڕێگەی کۆڵبەرەکانی دیکەوە گوازرامەوە بۆ خەستەخانە. باوکی کچێکی تەمەن 7 ساڵانم و هەندێ جار پێش ئەوەی قاچەکانم لەکار بکەون، ناچار دەبووم کچە منداڵەکەشمم لەگەڵ خۆم ببمە کۆڵبەری، چوونکە کەس نەبوو ئاگای لێبێت و هاوسەرەکەم لێم جیابووەتەوە. جارێک لەگەڵ کچەکەم بە کۆڵەکەمەوە دەستبەسەر کرام و هەر بۆیە دادگاە مافی سەرپەرشتیکردنی منداڵەکەشمی لێوەرگرتم."
فەردین کە لە لایەن پزیشکەکانەوە بێهیوا بووە لەوەی جارێکیتر توانای ڕۆیشتنی هەبێت، دەڵێت "ئەگەر قاچەکانم بکەوێتەوە کار، هەمدیسان دەڕۆمەوە بۆ کۆڵبەری، چوونکە بژاردەیەکی دیکەم لەبەردەمدا نییە بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی خۆم و کچەکەم."
ئەو کە بە بێزارییەوە ناوی پاسەوانی سنووری و هێزەکانی ئێران دەبات، دەڵێت "سێ ڕۆژ پێش ئێستا براکەشم بە ناوی کۆسار لە کاتی کۆڵبەریدا تەقەی لێدەکرێت و چاوێکی لەدەستدەدات. براکەم باوکی دوو منداڵە و بە ناچاری وەک زۆر گەنجی دیکە ڕووی لە کۆڵبەری کردبوو بۆ ئەوەی سکی ژن و منداڵەکەی تێر بکات."
کۆڵبەری دیکە لەهەمان گوند کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت بەم شێوە باس لە چیرۆکی خۆی و لاوانی گوندەکەی دەکات.
"ماوەیەک پێش ئێستا لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوور تەقەم لێکرا و ئێستاش چەند گوللەیکی ساچمەیی لەناو لەشمدایە. لاوانی گوندەکەمان هیچ دەرفەتێکی دیکەی کار لەبەردەمیاندا نییە، هەر بۆیە ئەوەی بۆی دەڕەخسێت دەڕواتە وڵاتانی ئەورووپایی و ئەوەش کە نەتوانێت، ڕوو لە کۆڵبەری دەکات. دۆخی ئێران بە گشتی زۆر خراپە، بەڵام شارە کوردنشینەکان و گوندەکەی ئێمە لەهەمووی خراپترە و هیچ کارێکی تێدا نییە. من باوکی دوو منداڵم و دەبێت شتێک بکەم بۆ ئەوەی برسی نەبن. کۆڵبەر ئەگەر پێشتر تەنها لەلایەن ئێرانەوە تەقەی لێدەکرا، ئێستا لە لایەن حەرەس حدودی عێراقیشەوە تەقەیان لێدەکریت. چەند ڕۆژ پێش ئێستا لەگەڵ هاوڕێکەم ڕۆیشتین بۆ کۆڵبەری و هاوڕیکەم کە ناوی هۆشیار بوو لە لەلایەن حەرەس حدودی عێراقەوە تەقەی لێکرا و لەبەردەمی خۆمدا کوژرا. حەرەس حدود دەڵێت ئێمە تەقەمان نەکردووە و هێزی ئێران بووە، بەڵام من خۆم بە چاوی خۆم بینیم کە حەرەس حدود لەمەودای چەند مەترییەوە تەقەیان لێکرد. ئێمە پێکەوە بووین و هیچ بارێکیشمان پێنەبوو، لەسنووری ئێرانیشدا بووین و وەک پاسەوانی کۆڵبەرەکان دانرابووین بۆ ئەوەی چاودێری کۆڵبەرەکانی دیکە بکەین، بەڵام تەقەمان لێکرا."
ئەو دەشڵێت "لە گوندە بچووکەکەی ئێمە تا ئێستا چەند کەسێک لەکاتی کۆڵبەریکردندا یان کوژراون یان بە قورسی بریندار کراون، بەڵام کەس ناوێرێت سکاڵاش تۆمار بکات و هەموو دەترسن و دەڵێن ناتوانین بەرنگاری حکومەت ببینەوە."
ئەم بەسەرهاتانە لە کاتێکدان کە هەر کۆڵبەرێک بۆ هەر کۆڵێکی قورس تەنها پارەیەکی کەم وەردەگرێت کە بڕێکی زۆریشی بۆ کڕێی ئۆتۆمبێلەکەیان دەڕوات لە کاتی گەڕانەوەیاندا.
ئەو کۆڵبەرەی کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، لە کۆتایی قسەکانیدا بە دەنگی ئەمەریکای گوت "جگە لە مەترسییەکانی سەر گیانمان، خاوەن بارەکانیش زۆر جار ناحەقیمان بەرامبەر دەکەن و پارەکەمان دەخۆن و دەمانچەوسێننەوە و خراپ مامەڵەمان لەگەڵدا دەکەن و سووکایەتیمان پێدەکەن. جارێک لەگەڵ چەند کۆڵبەرێک پێکەوە بە کۆڵەکەمانەوە دەستبەسەرکراین و بارەکەمان زەوتکرا، کاتێک خاوەن بارەکە زانی، ڕۆیشتە لای هێزەکانی پاسەوانی و بە بەرتیل بارەکەی ئازاد کرد و خستیە ناو ئۆتۆمبێلی خۆی و پارەکەی ئێمەشی نەدا و ئەو ڕۆژە بەدەستی خاڵی و بێ پارە گەڕاینەوە."
زیادبوونی ژمارەی کۆڵبەرانی کوژراو و بریندار لە دوای خۆپیشاندنەکانی شۆڕشی ژینا
ئامار و ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەرخەری ئەوەن کە لە ساڵی ڕابردووەوە تاکو ئێستا شەپۆلێکی دەڕەندانەی کوشتنی کۆڵبەران هاتووەتە ئاراوە. ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ماوەیەک پیس ئێستا ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا ئاماژە بەوە دەکات تەنها لە مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، لە سنوورەکانی هەردوو پارێزگای کوردستان و کرماشان، شەش کۆڵبەر کوژراون و 44 کۆڵبەری دیکەش برینداربوون.
هەروەها ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان باس لەوە دەکات تەنها لە ساڵی 2023دا، 228 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە قورسی برینداربوون و 29 کۆڵبەریش کوژراون.
چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن دوای ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران کە بەهۆی گیانلەدەستدانی ژیناوە دەستیان پێکرد، سنوورەکانی ئێران زیاتر میلیتاریزە بوونەتەوە و ئاستی توندوتیژیی سیستماتیکی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەدژی کۆڵبەرانیش زیادی کردووە و پاسەوانانی سنووری لە سنوورەکان بە دامەزراندنی خاڵەکانی پشکنین بە شێوەیەکی توندوتیژانە ڕووبەڕووی کۆڵبەران دەبنەوە.
نەبوونی هەلی کار و پەرەسەندنی دیاردەی کۆڵبەری
کۆڵبەرانی کورد خۆیان بە بەراورد بە نەتەوەکانی تری ئێران بە بێ مافترین هاووڵاتی ناو ئێران دادەنێن کە حکومەت لە هەموو مافێکی هاووڵاتیبوون بێبەشی کردوون. بە گوتەی کۆڵبەران و خێزانەکانیان، حکومەت بەرپرسیارە لە ژیان و مردنیان، چونکە ڕەخساندنی هەلی کار ئەرکی حکومەتە و ئەوان بەهۆی بێتوانایی حکومەت و پشتگوێخستنیان، ناچار بوون ڕوو لەو کارە بکەن.
شیکەرەوانی پرسە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێن بەو پێیەی کە کۆڵبەران لە هەموو مافێکی هاووڵاتیبوون دوورخراونەتەوە، نابێت حکومەت چاوەڕێی ئەوە بکات کۆڵبەر پابەندی ئەو یاسایانە بێت کە تایبەتن بە هاووڵاتیان. هەر بۆیە زۆرجار چاوپۆشی کردن لە یاساکان بۆ کۆڵبەرێک نەوەک نایاسایی نایەتە بەرچاو، بەڵکو وەک ئازایەتی و کارێکی ئەخلاقی سەیر دەکرێت دژی ئەو نادادپەروەرییەی بەسەریاندا سەپێندراوە.
دکتۆر خالید تەوەکۆلی، کۆمەڵناس لە کوردستانی ئێران لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "تەنانەت ئەگەر کۆڵبەرێک بە شێوەیەکی نایاسایی سنوور ببەزێنێت و کەلوپەل بگوازێتەوە، شایەنی ئەوە نییە تەقەی لێبکرێت و بکوژرێت، بەڵکو بە پێی پێناسەی حکومەتیش ئەگەر ئەوان کارەکەیان نایاسایی بێت، لە کۆتاییدا پێویستە دەستگیر بکرێن و لە دادگاییکردنێکی دادپەروەرانەدا سزای گونجاوی تاوانەکەیان بەسەریدا بسەپێنرێت. کوشتنی کۆڵبەر خۆی کارێکی بە تەواوی نایاساییە."
دەشڵێت "هیچ میکانیزمێک بۆ بەرگریکردن و بەدواداچوونی یاسایی کۆڵبەرانی قوربانی لە ئارادا نییە و ڕێگە بە یاساناسان و پارێزەران نادرێت بەدواداچوون بۆ دۆسیەکەیان بکرێت."
چاودێران و چالاکان پێیان وایە کۆڵبەری زیاتر لەوەی دیاردەیەکی ئابووری بێت، دیاردەیەکی سیاسییە و دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی حکومەتە لە شارە کوردنشینەکاندا و بە ئەنقەست ئەو شارانەی پەراوێز خستووە بۆ ئەوەی دانیشتوانی لە هەموو جۆرە مافێک بێبەش بکات، هەر بۆیە زۆرێک پێیان وایە لابردنی دیاردەی کۆڵبەری بۆ حکومەت کارێکی قورس نییە، بەڵام حکومەت بە ئەنقەست لە جیاتی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، پێی باشە کێشەکە وەک خۆی بمێنێتەوە و بۆیە هەر کاتێکیش بییەوێت بتوانێت لە ڕووی ئەمنی و ئاسایشیەوە کەڵکی لێوەربگرێت.
دکتۆر خالید تەوەکۆلی دەڵێت "لەوەتای سەرهەڵدانی دەوڵەتی مودێرن و دیاریکردنی سنوورەکان لە لایەن دەوڵەت-نەتەوەکانەوە، کۆڵبەری هەبووە و ئا ئێستاش بەردەوامە، بەڵام ئەوەی سەبارەت بە کۆڵبەران گۆڕانی بەسەردا هاتووە، شێوەی مامەڵەکردنی حکومەتە بەرامبەر بە کۆڵبەر و دیاردەی کۆڵبەری."
دەشڵێت "کۆڵبەران پیشتر لەکاتی دەستبەسەربوونیان، یان غەرامە دەکران یان لە خراپترین حاڵەتدا ڕووبەڕووی سزای زیندانیکردن دەبوونەوە، بەڵام ئێستا بە گوللە ڕووبەڕوویان دەبنەوە."
دکتۆر تەوەکۆلی دەڵێت " هۆکاری ئەو توندوتێژییەی لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوور ڕووبەڕووی کۆڵبەران دەبێتەوە، جگە لە ڕوانینی ئاسایشی بەرامبەر بە شارەکانی کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خاون بار و سەرمایەدارەکان زۆر جار بۆ گواستنەوەی بارەکانیان لە سنوورەکان، کاتێکی دیاریکراو بە پارە لە هێزەکانی سەرسنوور دەکڕن بۆ ئەوەی بارەکەیان لەو کاتەدا بە پارێزراوەی بگوازنەوە، بەڵام هەندێ جار ئەگەر بۆیان نەڕەخسێت و لەگەڵ ئەو هێزانەدا نەتوانن ڕێکبکەون، ئەوا هێزەکان وەک تۆڵەکردنەوە لە خاون بارەکان، هێرش دەکەنە سەر کۆڵبەران و دیانکوژن و برینداریان دەکەن."
دەشڵێت " باندێکی قاچاخچی بەرفەراوان لە بازرگانانی کورد و عەرەب و فارس هەیە کە لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش و پاسەوانی سنوور پەیوەندییان هەیە و پێکەوە کار دەکەن و قازانجێکی زۆر لە کۆڵبەری دەچێتە ناو گیرفانیانەوە، بە بێ ئەوەی هیچ تیچوویەکی هەبێت بۆیان و هەر بۆیە ئەو باندە بە شێوەیەک لە شێوەکان بەر بە هەر جۆرە پلان و بەرنامەیەک دەگرن کە بییەوێت کێشەی کۆڵبەری چارەسەر بکات."
دکتۆر خالید تەوەکۆلی، کۆمەڵناس لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت حکومەت ئەگەر بییەوێت قەیرانی کۆڵبەری چارەسەر بکات، چەند ڕێگایەکی لەبەردەمدایە، لەوانەش وەبەرهێنان و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ دانیشتوانی شارەکانی کوردستان، دووهەم ڕووبەڕووبوونەوەی قاچاخچییەکان و سنووردارکردنیان و چارەسەری سێیەمیش کە لەهەمووی گرنگترە، ئازادکردنی بازەرگانی و کردنەوەی سنوورەکانەوە بۆ ئەوەی کاڵا و شتومەک بە شێوەی ئازاد هاوردە بکرێن و چیدیکە پێویست نەکات بە شێوەی قاچاغ، کاڵاکان لە ڕێگەی کۆڵبەرییەوە بگوازرێنەوە.