ماوەی 10ساڵە یەکێک لە کێشە دیارەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بریتییە لە کێشەی دارایی و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، دەیان سەدان جار شاندەکان لەسەر ئاستی جیاواز سەردانی عێراقیان کردووە، سەرەڕای ڕێککەوتن، بەڵام دووبارە هەمان کێشەکان سەر هەڵدەدەنەوە، هەریەک لە بەغداد و هەرێمیش یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە جێبەجێنەکردنی بەندەکانی ڕێککەوتنەکە و پابەند نەبوون، بەڵام بە بڕوای کەسانی پسپۆڕ و ئەکادیمی و شارەزایی یاسایی لە دەستوری عێراقدا چارەسەر بۆ ئەم گرفتە دانراوە، بەڵام ڕەنگە هەرێم وەک پێویست درکی بەم بەندە دەستوریی و مافانە نەکردبێت.
دەپرسین :
هەرێمی کوردستان چۆن دەتوانێت کێشەی دارایی و موچە بە شێوەیەکی ڕیشەیی لە ڕێگای دەستورەوە چارەسەر بکات؟
بۆچی شاند و بەرپرسانی هەرێم وەک پێویست بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەکان پەنا نابەنە بەر بەندەکانی دەستور بە وردی؟
لە حاڵەتی پەنابردنی هەرێم بۆ بڕگە و دەقە دەستورییەکان، ئایە دادگایی فیدراڵی دەتوانێت بە دروست و یاسایی و دوور لە کاریگەری سیاسی بڕیار بدات؟
لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لە بابەتی ڕۆژ تاوتوێی پرسی ڕێگا یاسایی و دەستورییەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ چارەسەری پرسی بەشە بودجە و موچەی هەرێم بەمیوانداری بەڕێزان:
١-دکتۆر بەکر سدیق، پسپۆڕی یاسای کارگێری و مامۆستا لە زانکۆی ڕاپەڕین.
٢-شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان.
٣-کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
Your browser doesn’t support HTML5
دکتۆر بەکر سدیق:
ئێمە ئێستا باس لە ئەگەرێک دەکەین کە دەستوەردانی هەرێمی نەبێت، وە ئەگەر دەستوەردانی هەرێمیش نەبووایە ڕەنگە ئاقاری گفتوگۆکانی نێوان هەڕێم و بەغداد بە ئاڕاستەیەکی تردا بڕۆیشتایە و ئەوکات قورسایی دەکەوتە سەر شانی وەفدی کوردی کە کارتی دەستوری بەکاربهێنێت پێش کارتی سیاسی، ئەمەش پێویستی بە ڕۆشنبیریەتیەکی یاسایی هەیە، لەکاتێکدا ئێمە مافی دەستوریمان هەیە کەچی بەغداد ئێمەی ڕاکێشاوەتە ناو شەڕێکی تر کە ئەویش (یاسای بەڕێوەبردنی داراییە) بەداخەوە بەسەر پەرلەمانتارەکانماندا تێپەڕی وە سەرۆک کۆماری ئەوکات(دکتۆر بەرهەم)بێ هیچ ڕاوێژێکی یاسایی واژۆی کرد، کە چەندین هەڵەی تێدایە وەک بۆسەیەک وایە لەکاتێکدا هیچ ڕۆڵێک بۆ وەزارەتی پلاندانانی هەرێم دیارینەکراوە، تەنانەت ئاگاشی لێنیە، هەرێمیش وەک پارێزگایەک مامەڵەی لەگەڵ کراوە لە زۆربەی مادە و بەندەکانی ئەو یاسایەدا.
دەبێت ئەو دەستەیەی بۆ دابینکردنی داهاتەکانی فیدراڵی دروستبووە و کورد لەو دەستەیە چالاک بکرێتەوە و یاساکەی هەموار بکرێتەوە، دەبێت دابینکردنی داهاتی فیدراڵی بۆ هەرێم هیچ پەیوەندییەکی بە وەزارەتی داراییەوە نەبێت، وەزارەتی دارایی دەبێت تەنها وەک لایەنی ئیداری بەشدار بێت و ئەوەی چاودێری دەکات دیوانی چاودێری داراییە، کورد دەبێت لە ڕێگای شاندی دانوستانکار و وەزیر و پەرلەمانتارەوە شارەزایی دەستوری و یاسایی باشیان هەبێت تا بەغداد لە ناوەڕۆکی ڕێککەوتن و یاساکاندا نەمانکەنە چاڵی یاساییەوە وەکو ئەوەی لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی توشمان بووە کە خۆی لەبنەڕەتدا هەمووی نادەستورییە بڕگە بەبڕگەی ئەم یاسایە نادەستورییە، لانی کەم کورد تائێستا سکاڵایەکی تۆمار نەکردووە تا بۆ کورد بسەلمێت و دەرکەوێت کە دادگای فیدراڵی لە دۆسیەکاندا(انحیاز)دەکات ئەوکات(لکل حادث حدث).
دەبێت کورد بەخێرایی کار لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی دەوڵەت بکات، وە ئەو دەستەیە چالاک بکاتەوە کە بەپێی ماددەکانی 105 و 106دروستبوون و ئەمە دوو گەرەنتی دەستورین کە کورد لەدەستی داون و دەتوانێت بەدەستیانبهێنێتەوە، هەتا وەزارەتی دارایی و تەنانەت ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش نەتوانن ئیعتدا بکەنە سەر ماف و شایستەداراییەکانی هەرێم و خەڵکی کوردستان.
کاروان یاروەیس:
بەداخەوە ئەو هەڵە یاساییانەی بەسەر کورددا تێپەڕیووە لە خولەکانی ڕابردوو وە تەنانەت لە یاسای بودجەش، قورسە ڕاستی بکەینەوە، لەبەر دوو هۆکار، یەکەم کورد لە 329 کورسی پەرلەمان خاوەنی تەنها 63 کورسیە کە ئەمانەش یەکگرتوو نین، سەرەڕای ئەوەی ناکۆکیەکانی ناو هەرێمی کوردستان بەتایبەت پارتی و یەکێتی ڕەنگی داوەتەوە لە بەغداد کە نەمانتوانی لە یاسای بودجەشدا یەک دەنگ بین، بۆیە زۆر جار دەزانین کە یاسایەک دەردەچێت لە داهاتوو کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکات، بەڵام ناتوانین ڕێگربین لەبەر ئەو هۆکارانەی باسم کرد.
سەبارەت بەو تەمویلەی ئێستا بەغداد دەیکات کە 618 ملیارەکەیە ئەمەش دووبارە گرفتە و ڕەنگە هەموو مانگێک هاوشێوەی ئەم مانگە دوابکەوێت چونکە ئەمە لە(ئینفاقی فیعلیە) و بەغداد دەبێت موچەی پانزە پارێزگاکەی تری عێراق دابین بکات ئنجا لەوەی مایەوە لە 12,5% دەنێرێت بۆ هەرێم، واتە تا پارێزگاکانی تری عێراق موچە وەرنەگرن تەمویلی هەرێم ناکات.
کێشەی هەرێم لەگەڵ بەغداد تەنها پێشێلکردنی دەستور و یاسا نیە، کێشەی سیاسی و دەستوەردانی هەرێمی و زلهێزەکانە، بەداخەوە کابینە یەک لەدوایەکەکانی کوردستان نەیاتوانی سیاسەتێکی ئابوری دروست و چاکسازی ئابوری و ئیداری بکەن وایان کرد ئێمەیان خستە دۆخێکەوە کە چوار پەلی شکاوەوە مەمنونی عێراقین کە پارەمان بۆ بنێرێت،(700، 600،500 ملیار دەنێرێت)ناتوانین هیچ بڵێین چونکە هیچ دەرچەیەکی ترمان نەماوە نەوتمان دەفرۆشت دۆخمان خراپ بوو، نەوتمان ڕادەستی بەغداد کرد دۆخ هەر خراپتر بوو.
شوان کەلاری:
دەبوو وەک کورد بۆردێک یا لیژنەیەکمان هەبووایە کە کەسانی ئەکادیمی و پسپۆڕی یاسایی و دەستوری و بوارەکانی تێدابووایە، ئەو لیژنەیە ڕاوێژی بدایە بە پەرلەمانتاران و وە کاری لەسەر بەرژەوەندییە باڵاکانی کورد بکردایە و حزبایەتی تێپەڕاندایە، مامەڵەی لەگەڵ کێشەکان بکردایە، بەداخەوە کە ئەوەمان نیە و هیوادارم بتوانرێت ئەو لیژنەیە پێکبهێنرێت ئەگەرچی ئێستاش بڕیار بدرێت، دووهەم ئەو عەقڵیەتە شۆڤێنیەی لەبەغداد هەیە هیچ بڕوای بە بنەماکانی دیموکراسی و دەوڵەتی فیدراڵی نەماوە، ئەگەرنا کورد بۆچی پەنای بۆ ڕیفراندۆم برد لە ئەنجامی نەمانی متمانە و ئەو عەقڵیەتەی هەیە کە بەداخەوە ئاوای لێهات، جگە لە دەستوەردانی هەرێمی لە بەغداد هەریەکەی بۆچونێکی هەیە، سەرۆک وەزیران بۆچونێکی هەیە میلیشیاکان بۆچونێکی تریان هەیە، بەغذاد مۆفەق نەبووە لە حکومڕانی و بەشێکی زۆریان لە بۆسەدان بۆ هەرێمی کوردستان و نیەتیان پاک نیە.
من شتێکی خۆماڵی دەڵێم، ئەڵێم ئەمانە درۆ کردن بە عیبادەت دەزانن، پەشیمان بونەوە لە ڕێککەوتنەکان کاتێک ئیشیان پێمانە وەرەقەی سپی دەهێنن بۆمان واژۆ دەکەن، بەڵام لێی پەشیمان دەبنەوە، جگە لە فشارە هەرێمیەکان و بەغداد، بەغذاد لەکوێدا پێی بکرێت دەیەوێت ژانەسەر بۆ هەرێم دروست بکات سیستمی مەرکەزی بگەڕێنێتەوە و وەک پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا بکات.